کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جیهادی ئیسلامی: ئەو پارەیەی کۆماری ئیسلامی پێمان دەدات، بۆ بنەماڵەی فەلەستینی و دابینکردنی چەک خەرج دەکرێت

10:35 - 12 پووشپەڕ 2723

زیاد نەخالە، سەرۆکی گرووپی جیهادی ئیسلامی، لە وتووێژێکدا دانی بەوەدا ناوە کە بەهۆی پشتیوانییە ماڵی و چەکۆچۆڵییەکانی ڕێژیمی ئێران، تواناییەکی زۆریان لە بواری سەربازییەوە بەدەست هێناوە.

زیاد نەخالە، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی "ئەلوێفاق"، بە ئاماژەدان بە ڕۆڵی کۆماری ئیسلامی لە ناردنی چەک و تەقەمەنی بۆ "حەماس" و "جیهادی ئیسلامی" وتی: "بەهۆی باوەشی کراوەی کۆماری ئیسلامی کە تواناییەکانی خستووەتە بەردەستی گرووپەکانی بەرخۆدان و ئەوانی بەهێزتر کردووە، لە ئێستادا هێزەکانی بەرخۆدان توانای دروستکردنی مووشەک و چەکی دژە زرێپۆش و بۆمبیان هەیە."

ناوبراو لە بەشێکی ئەم وتوویژەدا دەڵێت: "ڕەنگە وا بیر بکەنەوە کە خەڵکی فەلەستین هەموو پارەی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بردووە، هاوکاریکردنی کەسوکاری شەهیدان و زیندانییەکان مرۆڤدۆستانەیە، هاوکارییەکانی دیکەش لە بواری سەربازی و دابینکردنیدایە، هەندێک چەک و گەیاندنی بۆ غەزە و کەناری ڕۆژاوا سروشتییە کە تێچووی زۆری دەوێت."

دانپێدانان بە ناردنی یارمەتیی ماڵی و چەکوچۆڵ لەلایەن کۆماری ئیسلامی و سپای پاسداران بۆ گرووپە فەلەستینییەکان و میلیشیاکانی دیکەی ناوچەکە لە کاتێکدایە کە سەدان قەیران بەرۆکی ئێرانی گرتووە، خەڵک لە نالەبارترین دۆخدا ژیان بەسەر دەبەن و چەندین ساڵە سەبارەت بەو سیاسەتەی ڕێژیم لە ناوچەکە ناڕەزایەتی دەردەبڕن و لە خۆپیشاندانەکاندا دروشمی تایبەت بەو سیاسەتەیان وتووەتەوە.