کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قاسملوو ٣٤ ساڵ لەمەوپێش، لە ٢٧ خولەكدا شۆڕشی ژینای بۆ گێڕاینەوە

14:37 - 1 گەلاوێژ 2723

ژیوار ڕەسووڵی

 باس لە چاوپێكەوتنێكی عینایەت فانی، ڕۆژنامەنووسی "بی بی سی" دەكەم. ئەو ساڵی ١٣٦٨چاوپێكەوتنێكی ٢٧خولەكیی لەگەڵ دكتور عەبدوڵڕەحمان قاسملوو كردبوو، کە دوای ٢٥ ساڵ "بی بی سیی فارسی" بڵاوی كردەوە. دەمەوێ لێكدانەوە و پێشبینییەكانی دوكتور قاسملوو لەو چاوپێكەوتنەدا لە وتارێكی كورتی تەحلیلیدا باس بكەم، بۆ ئەوەی باشتر لە گەورەیی ئەو ڕێبەرە كاریزماتیكە تێ‌بگەین.

فەیلەسووف‌بوونی ئالێكسی توكویلی فەڕانسەوی (١٨٠٥-١٨٥٩) تەنیا لەبەر ئەوە نەبوو، كە تیۆرییەكی لەسەر دیموكراسی ھەبوو كە ئێستاش جێگەی مشتومڕە. بەڵكوو توكویل لەبەر ئەوە فەیلسووف بوو، چوونكە بەشێكی زۆر لە پێشبینییەكانی وەدی ھاتن. شۆڕشی فەرەنسا لە ساڵی ١٨٤٨كاتێك ڕووی دا، كە مانگێك پێشتر توكویل پێشبینیی كردبوو. ئەو ھەر لە پڕۆسەی شۆڕشەكەشدا ڕایگەیاند كە دەنگی پێی چەكمەكان لە تۆنی دەنگی شۆڕشگێرەكاندا ھەست پێ دەكات. دوایی ناپیلیۆنی سێیەم بووە سەرۆك و دوای ئەوەی جارێكیتر دەنگی نەھێناوە، خۆی وەكوو ئیمپراتۆر ڕاگەیاند؛ دواییش وەكوو دیكتاتۆرێك ئیمپراتۆرییەكەی ھەڵوەشایەوە. توكویل پێشبینیی زۆری وای ھەبوو، ھەربۆیە ئێستا ناوی بەرزتر لە ھابز، لاك و مۆنتسكیۆ دێت.

قاسملوو و توكویل لە ڕووی باوەری قووڵیان بە دێموكراسی، مەرجدانان بۆ حكوومەتەكان و پێشبینییە سیاسییەكانیان زۆر لەیەكتر دەچن. لەسەر بنەمای چاوپێكەوتنەكەی لەگەڵ "بی بی سی" لە پێشبینییەكانی دكتور قاسملوو دەست پێ دەكەین:

 دوكتور قاسملوو لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی كە ئایا دوای مردنی خومەینی چی بەسەر ئەو حكوومەتە دێت، لە خولەكی 23دا وەڵام دەداتەوە، كە لەگەڵ مردنی خومەینی كۆماری ئیسلامیی ئێران لێك ھەڵناوەشێتەوە، چوونكە ھێشتا كەشی شۆڕش ھەندێك لە بەجێماوەكانی ئەوكاتی بەرنەداوە. بەڵام قاسملوو پێی وابوو كە قەیرانەكان لەگەڵ مردنی خومەینی قووڵتر و ناكۆكییە نێوخۆییەکانی حكوومەت تووندتر دەبن.

لە ڕوانگەی دوكتور قاسملووەوە پەیوەندییەكی قووڵ لەنێوان دێموكراسی و گەشەكردنەوە ھەیە. باوەڕی بە دیالكتیكی گەشە و دیموكراسی وای لێ‌كردبوو، ھەر لەو بەرنامەیەدا بڵێ ئەو كێشە سیاسی، ئابووری و كۆمەڵایەتییانەی بەرۆكی كۆماری ئیسلامیی ئێران دەگرن چارەسەر نابن، چوونكە ھیچ بەرنامەیەكیان بۆی نییە و لە بنەماشدا لە چوارچێوەی ئەو سیستەمە دژە دیموكراسییەدا ئیمكانی چارەسەریشیان نییە. ھەر لێكدانەوە مەیلەو پێشبینییەی دوكتور قاسملوو بەڕوونی لە شۆڕشی ژینادا ھەستی پێ كرا. ڕێژێم ھیچ وەڵامێكی بۆ داواكارییەكانی خۆپێشاندان نەبوو، چوونكە نە بەرنامەی ھەبوو، نە ماھییەتەكەی ڕێگەی وەڵامدانەوەی پێ دەدا.

چەكداربوون لە بەرانبەر سیستەمێكی دیكتاتۆری و دژەدیموكراسی بۆ دوكتور قاسملوو زۆر گرنگ بوو. دوكتور لە وتووێژەکەی "بی بی سی"دا باس لەوە دەكات حیزبی دێموكرات داوای خودموختاری و دیموكراسی دەكات، بەڵام خومەینی تەنانەت باوەڕی بە نەتەوەبوونی كورد نییە و ناشتوانێ دیموكراسی ھەزم بكات. ئەو لێرەدایە كە باس لە پەیوەندیی نێوان چەك و دێموكراسی دەكات. قاسملوو دەڵێ: زەمانەتی ئێمە چەكی ئێمەیە، تەنیا شتێكیش كە دەتوانێ جێگەی چەك بگرێتەوە، هەر دیموكراسییە. ئەوەش وەڵامی ئەو پرسیارانەیە كە دوای گوشارھێنانی كۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ چەككردنی بزاڤی كوردی دەیهێنێت و حیزبی دێموكراتیش ئەوەی بە ھێڵی سوور داناوە.

بۆچی حیزبی دێموکرات لە گەرمەی شۆڕشی ژینادا ڕایگەیاند كە ئەوان ئامادە نین بەھیچ شێوەیەك ھاوكاریی ڕەزا پەھلەوی بكەن؟ وەڵامی ئەو پرسیارە باوەی ئەم‌ ڕۆژانە، ٣٤ساڵ لەمەوپێش لەلایەن دوكتور قاسملووەوە دراوەتەوە. دوكتور قاسملوو دیكتاتۆریی شاھنشاھی، ئیسلامی و پرۆلیتاریا بەھەموو شێوەیەك ڕەت دەكاتەوە. دوكتور قاسملوو بەڕاشكاوی دەڵێ: "سەڵتەنەت ھەمان ئیستبدادە". ئەو ھەر لەو چاوپێكەوتنەیدا باس لە ڕێگە چارە دەكات. ئەو دەڵێ چارەسەر، دابەشكردنی دەسەڵات بەسەر ھەموو نەتەوەكان و ھاوكات داڕشتنەوەی یاساكان لەسەر بنەمای مەنشووری مافی مرۆڤی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكانە. پێشبینییەكانی دوكتور بە ڕادەیەك بۆ شۆڕشی ژینا بەدی ھاتوون كە ھەر ئەوكات دەڵێ: "كە دەڵێین مافی نەتەوەكان، مەبەستمان مافی کورد و ھەموو نەتەوەكانی دیكەی ئێرانیشە."

یەكێكی دیكە لە وانەكانی دوكتور قاسملوو كە ٣٤ساڵ لەمەوپێش بۆ شۆڕشی ژینا پێیەتی، وەڵامی ئەو پرسیارەیە كە عینایەت فانی سەبارەت بە مەرجەكانی لە دانیشتن لەگەڵ خومەینیدا لێی دەپرسێ. دوكتور قاسملوو لە خولەكی چواردا ئاوا وەڵام دەداتەوە كە لە دیدارەكەیدا داوا لە خومەینی دەكات خودموختاری بۆ كوردستان بەفەرمی بناسێت، ئەوکات ئەوانیش ئامادەن دەنگ بە یاسای بنەڕەتی بدەن. بەڵام خومەینی ئەو كارەی نەكرد و ئەوانیش بێ دوودڵی دەنگیان بە یاسای بنەڕەتی نەدا. مەرجدانان و پێداگری لەسەر مەرج و كاردانەوەی ڕادیكاڵ دوای جێبەجێ نەكردنی ئەو مەرجە لەلایەن دوكتور قاسملوو، لەكاتێك‌دایە كە لە شۆڕشی ژینادا ڕێكخراوە و كەسایەتیی سیاسی ھەبوون كە بەبێ مەرج مەنشوورەكانیان واژۆ كرد، بەبێ ئەوەی باس لە لانیكەمی داواكارییە سیاسییەكانی نەتەوەی كورد كرابێت. جیاوازییەكی دیكەی مەرجدانانی ١٣٥٨لەگەڵ مەرج دانەنانی ١٤٠٢لەكاتێك‌دایە، كە ئەوكات ڕەتكردنەوەی داواكارییەكەی خومەینی و دانانی مەرجی خودموختاری ڕوون بوو كە ھێرشی سەربازیی ھەمە لایەنەی ڕێژێمی لێ دەكەوێتەوە. بەڵام ئەوەی ئێستا لە دیاسپۆرا و لە كەشێكی ئارامدا بوو. جیاوازیی دووهەمیش ئەوە بوو كە مەرجەكانی دوكتور قاسملوو لە خومەینییەك بوو كە بەھێزترین و یەكلاكەرەوەترین كەسایەتیی ئەوكات لەسەر ئەرزی واقیع بوو، بەڵام  ئەوەی ١٤٠٢بەبێ مەرج مەنشوورێك واژۆ كرا، كە كەسایەتییە دیارەكە و بە گوتنێكی دیكە بەرانبەرەكە ھیچ دەسەڵاتێك و بگرە ھیچ تەشكیلاتێكی لەسەر ئەرزی واقیع نەبوو.

یەكێكی دیكە لەو پرسیارانەی لەو ماوەیەدا باس دەكرێت، ئەوەیە كە ئایا حیزبی دیموكرات حیزبێكی چەپە یان نا؟ یان دەبێ لەسەر چ بنەمایەك لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی ئێران ھاوكاری و ھاوپەیمانی بكات. دوكتور قاسملوو ٣٤ساڵ لەمەوپێش لەو وتووێژەدا بە "بی بی سی" دەڵێ: "ئێمە حیزبێكی ماركسیستی نین، ئێمە حیزبێكی دێموكراتین، ئایدیۆلۆژییەكی تایبەتمان نییە و لە ھەموو بۆچوون و توێژەكان ئەندامی حیزبی دیموكراتن." ھەربۆیە دوكتور قاسملوو ئەو كات بە شۆڕشگێرانی شۆرشی ژینای گوت كە ئێمە نەتەوەین، مافی سیاسیی خۆمان داوا دەكەین و بە كەمتر لەوەش ڕازی نابین.