لە درێژەی مانگرتن و کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی چین و توێژە جیاوازەکان لە ئێران و کوردستان، هەزار کرێکاری گرێبەست لە یەزد، سەبارەت بە گوێنەدان بە داواکارییەکانیان مانیان گرت، هەروەها خانەنشینکراوانی دابینکردنی کۆمەڵایەتی لە چوار شار کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.
بەپێی ڕاپۆرتی یەکیەتیی ئازادی کرێکاران، ڕۆژی یەکشەممە ١ی گەلاوێژ، هەزار کرێکاری گرێبەستی شیرکەتەکانی چادرملو لە پارێزگای یەزد سەبارەت بە گرینگینەدان بە داواکارییەکانیان مانیان گرت و داوای زیادکردنی حەقدەست و پێدانی تەواوی سوودی سەهامی شیرکەتی ''سەها'' و هاوسانکردنی حەقدەستەکانیان کرد.
هەروەها بەپێی ئەو ڤیدیۆ و وێنانەی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو بوونەتەوە، خانەنشینکراوان لە شارەکانی ئەهواز، شووش، کرماشان و ڕەشت لە بەردەم ئیدارەکانی دابینکردنی کۆمەڵایەتی لەو شارانە بەنیسبەت دۆخی نالەباری بژێویی ژیان کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد و داوای ئازادکردنی مامۆستایان و خانەنشینکراوانی بەندکراویان کرد.
کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگە لە کاتێکدایە کە ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژی دۆخی بژێویی ژیان لە ئێران و کوردستان بەرەو خراپیی زیاتر دەڕوات، بەڵام هەتا ئێستا بەرپرسانی ڕێژیم جگە لە سەرکوت، دۆسییەسازیی ئەمنییەتی و تۆمەتی جۆراجۆر، هیچ وڵامێکیان نەبووە.