بەبۆنەی ٢٢ی پووشپەڕ، ساڵیادی شەهیدکرانی دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی، ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات لە شارەکانی پیرانشار و سەردەشت چالاکییەکی بەربڵاوی تەبلیغییان بەڕێوە برد و زیندووبوونی ڕێبازی قاسملوویان بە داگیرکەران نیشان دایەوە.
شەوی یەکشەممە ڕێکەوتی ١١ لەسەر ١٢ی پووشپەڕ، ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری پیرانشار، لە بەرەبەری ٣٤ ساڵەی تێرۆرکرانی دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو، ڕێبەری ناودار و بلیمەتی کورد، بە بڵاوکردنەوەی تراکت و پۆستێری تایبەت، یادی دوکتور قاسملوویان بەرز ڕاگرت.
تێکۆشەرانی دێموکرات ئەو چالاکییەیان لە هەموو شەقام و کۆڵانەکانی شیناوێ بەڕێوە بردووە و جەختیان کردەوە کە هەتا سەر درێژەدەری ڕێبازی قاسملوو دەبن.|
هەروەها ئێوارەی ڕۆژی ١١ی پووشپەڕ، ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات، بەبۆنەی ٢٢ی پووشپەڕ ساڵڕۆژی تێرۆرکرانی ڕێبەری مەزن دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی لە ڤییەن، لە ناوچەی باسکی کۆڵەسە و دەوروبەری بەنداوی کۆڵەسە، بە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان و بڵاوکردنەوەی تراکتی تایبەت، چالاکیی تەبلیغییان ئەنجام دا.