هێزە سەرکوتکەرەکانی سپای تێرۆریستی پاسداران، هەڵیانکوتایە سەر گوندی "سەریاس"ی پاوە و دەستیان بەسەر ماڵ و باری کاسبکاراندا گرت.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ژووری هەواڵی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکرات، شەوی یەکشەممە لەسەر دووشەممە، هێزەکانی سپای پاسداران بە مەبەستی دەستبەسەرداگرتنی ماڵ و باری کاسبکاران، هەڵیانکوتاوەتە سەر گوندی سەریاسی پاوە و لەگەڵ خەڵکی ئەو گوندە تووشی تێکهەڵچوون بوون، هەروەها هێزەکانی سپا دەستیان بە تەقەکردن بەسەر خەڵکدا کردبوو.
لە ڕەوتی ئەو تێکهەڵچوونەدا هاووڵاتییەک بە ناوی "فواد حوسێنی" بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی پاسدارەکانەوە بەتوندی بریندار بووە.
هەروەها وێڕای ئەوەی دەست بەسەر چەند ئەنباری کاسبکاراندا گیراوە، پێنج هاووڵاتی بە ناوەکانی "سەمیر شۆشمی، تاعەت ساڵحی (خانەگایی)، خەبات عەزیزی، ئارمان مەحموودی پاوەیی و سەروەت حوسێنی ئێناخی" لەلایەن سپاوە دەسبەسەر کراون.
هەر لەم پێوەندییەدا سەرلەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە ٢ی گەلاوێژ، دوای ئەوەی هێزەکانی ڕێژیم هەڵیانکوتایە سەر ماڵی هاووڵاتییەک بە ناوی "بەرزان ئەرژەنگی" لە گوندی نێ، ئەو هێزانە لەگەڵ خەڵکی ئەو گوندە تووشی تێکهەڵچوون بوون و دەستیان بە تەقەکردن و فڕێدانی گازی فرمێسکڕێژ بەسەر خەڵکدا کردبوو.