کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی هاوژینی شەهیدێکی ڕێگەی ڕزگاریی کوردستان لە سەردەشت

11:12 - 12 پووشپەڕ 2723

ڕێکەوتی ١٠ی پووشپەر، دایە عایشە کاسب، هاوژینی شەهید حەمزە ئەمینپوور لە شاری سەردەشت، بەهۆی نەخۆشی و بەساڵاچووییەوە ماڵاوایی لە ژیان کرد.

دایە عایشە خەڵکی گوندی زێوەی سەردەشت و ژنێکی دلۆڤان و لە بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەر بوو.

حەمزە ئەمینپوور، پێشمەرگەیەکی بە نەزم و فیداکاری هێزی موعینی ئەوکات بوو و لە زۆربەی شەڕەکانی ناوچەی سەردەشت بەشداریی چالاکانەی کردبوو کە بەداخەوە لە شەڕێکی نابەرابەردا لە ''گۆرڕەگەزێ'' لەنێوان گوندەکانی بناوێ و تووژەڵ شەهید بوو و درێژەدانی ڕێبازەکەی بە هاوسەنگەرانی سپارد.

دایە عایشە دوای شەهیدبوونی هاوژینەکەی بە ڕووسووری ئەرکی بەخێوکردن و پێگەیاندنی چوار منداڵەکەی خستە سەرشان و بە کاری وەرزێڕی و باخداری و کرێکاری، منداڵەکانی پەروەردە کردن و بە هەوڵ و ماندووبوونی نەیهێشت بێ باوکی بە منداڵەکانییەوە دیار بێت.

یەکێک لە کوڕەکانی بە ناوی سیامەند، ڕێگەی باوکی گرتەبەر و ئەندامێکی چالاک، هەڵسووڕ و دڵسۆزی حیزبی دێموکرات بوو کە بەداخەوە ئەویش چەند ساڵ لەمەوبەر بەهۆی ڕووداوی هاتوچۆ گیانی لەدەست دا.

دایە عایشە منداڵەکانیشی بە بیر و باوەڕی نیشتمانپەروەری پەروەردە کردن و تا دواساتەکانی ژیانی وەفادار بە ڕێبازی هاوژینەکەی وەک خاتوونێکی خاوەن کەسایەتی و خۆشەویست لەنێو خەڵکدا، مایەوە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی کۆچی دوایی ئەو دایکە نیشتمانپەروەرە، سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و هەموو خەڵکی گوندی زێوە دەکات و خۆی بە هاوخەمیان دەزانێت.