کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی خانەنشینکراوانی موخابرات، هاوکات لە ١٣ شاری ئێران

11:01 - 3 گەلاوێژ 2723

خانەنشینکراوانی موخابرات هاوکات لە ١٣ شاری ئێران بە وتنەوەی دروشمی دژی بەرپرسانی ڕێژیم، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.

ڕۆژی دووشەممە ٢ی گەلاوێژی ١٤٠٢ی هەتاوی، ژمارەیەک لە خانەنشینکراوانی شیرکەتی موخابرات لە لانیکەم ١٣ شاری ئێران، لە بەردەم نووسینگەکانی ئەم شیرکەتە کۆ بوونەوە و دروشمی جۆراوجۆر و لەوانەش "دادپەروەریمان نەبینیوە، تەنیا درۆمان بیستووە"یان بەرز کردەوە.

جێگای ئاماژەیە هاوکات لەگەڵ ناڕەزایەتییە کرێکاری و سێنفییەکانی ئێران، چەند مانگێکە خانەنشینکراوانی موخابرات لە شارەکانی ئێران هەموو دووشەممەیەک کۆ دەبنەوە کە بە "دووشەممەی ناڕەزایەتییەکان" ناسراوە.

ئەم دووشەممەش لە شارەکانی شیراز، بەندەرعەباس، ورمێ، تاران، تەورێز، زەنجان، سنە، کرماشان، ساری، مەشهەد، ئیسفەهان، ئیلام و ئەهواز گردبوونەوە بەڕێوە چوو.

شیاوی باسە کە هەتا دێت ناڕەزایەتییەکان زیاتر دەبێت و هیچ بەدواداچوون و وڵامێکیش لەلایەن بەرپرسانی ڕێژیمەوە بۆ داخوازیی خەڵک و ناڕەزایەتییەکان لە ئارادا نییە و کێشەکان بەردەوام کەڵەکە دەبن.