کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

‍ بەیاننامەی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەبارەت بە ئاگر تێپەردانی دارستانەکانی زاگرۆس

12:47 - 3 گەلاوێژ 2723

چالاکوانان و ژینگەدۆستان!

دارە کۆنەکان و دارستانەکانی زاگرۆس لە دەوروبەری شاری مەریوان و ناوچەکانی وەک کانی میران، ساوە، سەڵەسی، چاوگ و سێفی سەروو لە گڕی ئاگردا دەسووتێن. مێژوو، شایەتی خۆشەویستیی کوردستان بۆ چیاکانی زاگرۆسە کە چۆن ئەم شوێنە لە شەڕەکاندا پەناگەیان بووە و لە ئاشتی و هێمنیدا تێیدا سەرقاڵی باخداری و کشتوکاڵ بوون.

بەداخەوە لە چەند ساڵی ڕابردوودا چەندین جار شایەتی لەناوچوونی ئەم سامانە سروشتییانە بووین و هۆکاری سەرەکیی ئەو بارودۆخە خودی ڕێژیمە.

ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئاگاداری سەروەت و سامانی ژێرخانی ئەو چیایانەیە، بەڵام گرینگیی پێ نادات، چونکە لە کوردستان هەڵکەوتوون.

سپای پاسداران بە بیانووی جۆراوجۆر لەوانەش نمایشی نیزامی، ساڵانە ئاگر لە دارستانەکانی کوردستان بەردەدات و لەناویان دەبات. لەبری پاراستنی ژینگە و دارستان و شاخەکانی زاگرۆس، هەوڵی لەناوبردنیان دەدات و تەنانەت هەندێک جاریش ڕێگری لە هەوڵەکانی خەڵکی مەدەنی و ڕێکخراوە ژینگەپارێزەکان دەکات بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە.

هەر لەم پەیوەندیەدا لە ساڵانی ڕابردوودا، چەندین ئەندامی ئەنجوومەنی سەوزی چیا کە هەوڵیان پاراستنی دارستان و بوونەوەرەکانی لە ئاگر بوو، بەداخەوە گیانیان لەدەست داوە. یادی ئەم شەهیدانە هەمیشە لەلای خەڵکی کوردستان هەرمانە.

لە دوایین ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەشدا خەڵکی بە پەرۆشی کوردستان بە ژن و پیاو و لاو و تەنانەت منداڵیشەوە بە هاوکاریی یەکتر بەرەنگاری ئاگرەکە بوون و لەو هەڵمەتەدا چەند کەسێک بریندار بوون. هەرچەندە کۆنترۆڵکردنی ئەم ئاگرانە لە ئەستۆی حکوومەت و وەزارەتی ژینگەیە بەڵام دیسانەوە شایەتی ناکارامەیی ئیدارەکانی حکوومەتین.

یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سپاسی تاک بە تاکی چالاکانی دڵسۆز و ژینگەپارێزان دەکات کە لەم ڕۆژانەدا بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگری دارستانەکانی مەریوان گیانی خۆیان بە شانازییەوە خستووەتە مەترسییەوە و هەوڵی پاراستنی نیشتمان دەدەن.

یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران