کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بە داخەوە ژنانی بێ‌سەرپۆش تەنیا دەتوانن ژنان بشۆن

14:44 - 3 گەلاوێژ 2723

دارسمە

إنا لله وإنا إليه راجعون. وەک خوتبەخوێنی هەموو دەیر و کلیسا و کەنشت و مزگەوتان دەفەرموون، مردن حەقە و هەموومان دەمرین. ئەگەر مردن نەبوایە، زیندەوەری سەر ڕووی ئەم زەویە خڕ و سنووردارە ئەوەندە زۆر دەبوون، لە نێویاندا سەگ خاوەنی خۆی نەدەناسییەوە. هەر خوا خۆی لە هەموومان باشتر دەزانێت چۆن لەدایک بوونی داناوە، ئەواش کێشەی زۆربوونی زیندەوەرانی بە مردن چارەسەر کردووە. "كُلُّ نَفْسٍ ذَائِقَةُ الْمَوْتِ"یش بەم مانایەیە هەرچی هەناسە دەردەدات و پشووی دەبەردایە، سروشتی مردنیشی دەبەردایە.

مەرگی هەر زیندەوەرێک لە تۆپینی کەر و شێر و ڕێوی و ئەسپ و مرداربوونەوەی مەڕ و مانگا و بزنەوە بگرە هەتا دەگاتە مردنی مرۆڤ، هەمووی جیا لەوەی دەبێتە هۆی شادی و خەمی زیندەوەری دەوروبەری، کێشەی زۆریش دەخوڵقێنێت.

بۆ وێنە هەموومان دیتوومانە ئەو کاتەی ئاژەڵێک بێچوو یان هاوژینی دەمرێت، چۆن تووشی کێشەی دەروونی دەبێت و هەروەها دیتووشمانە لاشەی تۆپیو یان مردارەوەبووی ئاژەڵێک چۆن ماوەیەکی کورتی دوای مردنی بۆگەن دەبێت و بە بۆنی ناخۆشی هەموو ئەوانەی دەوروبەری ئازار دەدات. ئەوانەی کوژراوانی مەیدانی جەنگ و مردووانی دوای بوومەلەرزە و کارەساتی سروشتشیان دیتووە، دەڵێن بۆنی لاشەی بێ‌گیانی مرۆڤ لە بۆنی ئاژەڵی بێ‌گیانیش ناخۆشترە. هەر لەبەر ئەمە‌یە مرۆڤ لە کۆنەوە سەرەڕای ئەوەی لاشەی ئاژەڵی تۆپیو و مردارەوەبووی کێوی و کەویی بن خۆڵ کردووە، مرۆڤی مردووشی بە پاکی  و خاوێنی لە گۆڕستانان باشتووە.

لەنێو هەموو زیندەوەراندا جگە لەوانەی بەڕەحمن، بەشێکیشیان دڕندەن و زیاتریش دڕندەکانیان دەبنە هۆی مردنی ئەوانی دیکە.

دەستەڵاتدارانی ئێستای ئێران لەبەر ئەوەی خەڵکێکی زۆر دەکووژن لە ڕێزی مرۆڤی دڕندە دەژمێردرێن. بەڵام هەتا ئەو کاتەی تەمەنیان بەبەریەوە ماوە پێیان باشە تووشی نەخۆشی نەبن. لەبەر ئەوەی تەمەنی پیریی خۆیان و دەستەڵاتیان وەک کورد دەڵێت بە تڕێکەوە بەندە، لە  هەموو نەخۆشییەک دەترسن. بۆیە دەڵێین هەتا تەمەنیان بەبەریەوە ماوە، ئەوان دەزانن دوای ئەوەی جیلی خۆیان کۆتایی پێ‌ بێت کەسانی وا دەست ناکەون ئەم دەستەڵاتە بەڕێوە ببەن و ئەم شێوەی دەستەڵاتەشیان کۆتایی دێت. هەر لەبەر ئەمە پاراستنی ژینگەی تایبەتی خۆیان بۆ ئەوان زۆر گرینگە و بەردەوام بۆ پاراستنی هەوڵ دەدەن.

ئەم دەستەڵاتدارانه‌ی ئێرانیان بەدەستەوەیە هەتا ئێستا تەنیا لە کارێکدا سەرکەوتوون و ئەویش ئەمەیە زۆر ژیرانە ئاستەنگان دەکەنە دەرفەت و کەڵکی لێ‌وەردەگرن. بۆ ئەم بابەتەش لە بنەوپاڵ دەکرێت باسی ئاستەنگی بێ‌حیجابی بکەین.

وەک دەزانن نزیکەی نیو سەدەیەک دەبێت ژنانی ئێران گەرەکیانە بە دەستەڵاتداران بڵێن لێگەڕێن با لە کاتی گەرمادا سووکە شنەیەک لە سەر و بناگوێ‌مان بدات و بەم گەرمایە تووشی نەخۆشی و ئازار نەبین. هاوکات لەگەڵ زیاتر بوونی ژمارەی دانیشتووانی ئێران و وشیاربوونی ژنان و کەمبوونەوەی ئاو و گەرمبوونی گۆی زەوی، ژمارەی خوازیارانی سەر و مل ڕووت کردن بەرەو زیادبوو دەچێت. لە هەمان کاتدا ژنانی دەرفەتخواز بە سەر و ملی ڕووتەوە دەچنە پێش پیاوان و هەندێک جاریش بە مەبەستی بزواندنی پیاوانی خۆڕاگر و دان‌بەخۆداگر و ئیماندار شوینی دیکەی لەشیشیان ڕووت دەکەن. دەستەڵاتداران دەزانن ئەگەر جڵەوی بێ حیجابی شل بکەن، ژنان تەنانەت بەشێکی بەرچاوی پیاوانیش داوای شتی مەترسیدارتری وەک گۆڕینی شێوازی دەستەڵاتیش دەکەن. بەمجۆرە هەموو بەشەکانی دەستەڵات وەک دەستەڵاتگەلی یاسا‌دانەر و جێبەجێکار و دادوەری دەست بە هەرەوەزی بەرەوڕووبەربوونەوەی ژنان دەکەن.

ئەوان لەبەر ئەمە بە ئازادیی ژنان تووڕەن و ئەوەندەی بۆیان کرا بە کوشتن و ئەشکەنجە و بەندکردن هەوڵیان دا نەهێڵن ئەوان ئازاد بن. ئاخر ئازادیی ژنان بۆ پیاوان مەترسیدارترین ئازادییە. یەکێک لەو ئاخوندانەی سەر بە دەستەڵات لەم ڕۆژانەی دواییدا گوتوویەتی ژنانی بێ‌سەرپۆش، بێ‌خاوەنن و ئەوانەی سەرپۆشیان هەیە خاوندارن. ئەو دەڵێت پیاو خاوەنی ژنە و بەم پێناسەیە ئەوە باوکان و براگەورانن دەزان کچ و خوشکانیان وەک پیاوەتی کردن بدەن بە پیاوی شیاو و ئەوانیش خاوەندارییان بکەن. بەڵام وەک ئاخوندەکە دەڵێت ئەوانەی بێ‌سەرپۆشن بێ‌خاوەنن و لە وڵاتی ئێمەش هەموو شتێک دەبێ خاوەنی خۆی هەبێت. چازانان و لێزانانی دەستەڵاتیش لە هاوتەریبی تێگەیشتن ئاخوندی گۆریندا حوکمیان بۆ ژنانی بێ سەرپۆش دەرکردووە، بەگوێرەی رێژە‌ی خۆ ڕووت‌کردنەوەیان جەنازەی کەسانی مردوو بشۆن یان وەک خاوێنکەرەوە شەقام و کۆڵانان لە پیسی پاک بکەنەوە. دیارە ئەو مردووانەی بەدەستی ئەم ژنانە دەشۆرێن و دوایی بن خاک دەکرێن و هەروەها ئەو شەقامانەی بەدەستی ئەم ژنانە پاک دەکرێنەوە، دەکرێت وەک ئەرکی ژینگە پارێزیش پێناسە بکرێن.

لە کاتێکدا دەستەڵاتداران پێیان وایە بە دەرکردنی ئەم سزایە خاوەنداریەتیی خۆیان بەسەر ژناندا دەسەپێنن، بەڵام ئەم جۆرە ژنانە زیاتر وەک ژینگە پارێز پێناسە دەکرێن.

تەنیا گرفتێکی ئەم سزادەرانە تووشی بوونەوە ئەوەیە بەگوێرەی یاسای ئیسلام بە داخەوە ژنان ناتوانن پیاوی مردوو بشۆن.