کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەونە ڕووناکەکانی فەرماندەیەکی تازەلاو (شەهید قادر حاجی‌پوور)

14:46 - 3 گەلاوێژ 2723

برایم چووکەڵی

هەرکات و ساتێک بمانەوێ لاپەڕەکانی مێژووی پڕ لە شانازیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هەڵدەینەوە،  لەهەر لاپەڕەیەکدا بە سەر حەماسە و فیداکاریی ڕۆڵە نیشتمانپەروەرەکانی گەلەکەماندا دەکەوین. ئەو ڕۆڵە بەئەمەگانەی لەپێناو ئامانجەکانی حیزبی دێموکرات ‌و گەیشتن بە مافە نەتەوایەتییەکانی گەلەکەیان ‌و ڕزگاری لەچنگ زۆرداری ‌و ملهوڕی گیانیان بە سەخاتەوە بەخشیوە. ئەو مرۆڤە بەخشندە و حەماسەخوڵقێنانەی بە هەموو هەست‌ و بیرو باوەڕەوە ئاڵای خەباتی گەلی کوردیان دژی کۆنەپەرەستی ‌و زۆرداری شەکاوە ڕاگرتووە و دەرسی فیداکاری ‌و خۆڕاگری ‌و گیانبازییان بۆ نەوەکانی دواڕۆژی کوردستان بە میرات بە جێ‌ هێشتووە. "قادر حاجی‌پوور" یەکێک لەو ڕۆڵە قارەمان ‌و نیشتمانپەروەر و شۆڕشگێرانەیە کە تا دوا هەناسە ‌و دڵۆپی خوێن بەرگریی لە بیروباوەڕی نەتەوەکەی کرد و لەپێناو سەربەستیی نیشتماندا گیانی بەخشی و، ئێمە ئێستا لە "هەگبەی شاخ و شۆڕش"ی ئەمجارەماندا یاد و بیرەوەرییەکانی بەرز ڕادەگرین.

شەهید قادر حاجی‌پوور ساڵی ١٣٤٧ی هەتاوی لە بنەماڵەیەکی هەژار و زەحمەتکێش لە ئاوایی "بەرکەمران"ی پیرانشار لەدایک بوو. دۆخی هەرەسەخت و دژواری بنەماڵەکە بێ‌ئەنواکەی بووە هۆی ئەوەی لە خوێندن و قوتابخانە بێبەش بێت و، هەر لە تەمەنی منداڵییە بۆ یارمەتیدانی باوکی و سووککردنی باری قورسی ژیان شان بداتە بەر کارکردن. قادر لە کاتێکدا بە ئێسک‌ و پێستەوە هەستی بە چەوسانەوە دەکرد، حیزبی دێموکراتی ناسی و تێگەیشت کە هۆکاری ئەم دۆخە ڕێژیمە دیکتاتۆڕەکانی زاڵ بە سەر کوردستانن. ئەوە بوو ڕوحی خەبات و وەستانەوەوە لەبەرانبەر زوڵم و زۆری و هەوڵدان بۆ گۆڕینی ئەو دۆخە تاڵە لە وجوودیدا لەدایک بوو.

 قادر دوای ڕووخانی ڕێژیمی پاشایەتی و دەستپێکردنەوە کار و چالاکیی ئاشکرای حیزبی دێموکرات لە هەموو ناوچەکانی کوردستان، لە کاتێکدا هێشتا مێرمنداڵێک بوو، ڕووی کردە ڕیزەکانی حیزب. ئەو لەبەر تەمەنی کەمی سەرەتا لە یەکیەتیی لاواندا سازمان درا و دواتر لە زستانی ساڵی ١٣٦١دا بەڕەسمی چەکی شەرەفی پێشمەرگایەتیی کردە شان.

شەهید قادر لە مەیدانی پێشمەرگایەتیدا زوو نیشانی ‌دا ڕۆڵەیەکی بەوەفا‌ و بەئیمانی حیزبە ‌و ئامادەیە لەپێناو لەپێناو جێبە‌جێکردنی ئەرکە حیزبییەکاندا هەموو جۆرە فیداکارییەک بکا. ئەو ئەگەرچی تازە دەگەیشتێ و هێشتا تازە لاو بوو، بەڵام لە گۆرەپانی شەڕ و لە ڕەوتی کار و مەئموورییەتەکانی حیزبیدا توانا و لێوەشاییەکی بەرچاوی لە خۆی پێشان دا. قادر ئازا، زیرەک ‌و هەڵسوور بوو. کوڕێکی زیت و ماندوونەناس‌ بو، و لە شەڕگە و مەیدانی خەباتدا دەبوو بە یەک پارچە هێرش ‌و هەڵمەت‌ و ورە و نەبەزین. لە کاتی مەئموورییەتەکانی هێزی قەندیل لە ئالانی سەردەشت ‌و پارێزگاری لە دەفتەری سیاسی‌ و زۆر کاری دیکەدا بەدیسیپلینی و بەزیپک‌وزاکوونیی خۆی پێشان ‌دا و دەری خست کە دەتوانێ ئەرکی قورسی بەرپرسایەتیی دەستەیەک ‌و چەند دەستەش لە پێشمەرگەکان بەڕێوە ببات.

شەهید قادر حاجی‌پوور لە زۆر شەڕ‌دا ڕۆڵی ئازایانە و قارەمانانەی گێڕا. شەڕەکانی "گەڵی توان"، "جادەی میشەدێ بۆ دۆڵی گوێزان"، "نێوشاری پیرانشار"، "جادەی سەردەشی- پیرانشار" و شەڕی "سێپەکان" و چەندین عەمەلیاتی دیکەدا شایەتی بۆ ئازایەتی‌ و قارەمانەتیی ئەو دەدەن. قادر بۆ ماوەی ساڵێکیش لە هێزی کێلەشین پێشمەرگایەتی کرد و لەو هێزەشدا پێشانی ‌دا کە کوڕی مەیدانی خەبات ‌و بەربەرەکانییە و هیچ هێزێک ناتوانێ لە خەبات‌ تێکۆشان ساردی بکاتەوە.

قادر لە ژیانی پێشمەرگایەتییدا هەتابڵێی سادق و لێوەشاوە بوو. بەمجۆرە ساڵی ١٣٦٩ سەرەتا بەرپرسایەتیی سەرپەل ‌ودواتر  جێگری لکی پی سپێردرا و، لەو پۆسی و بەرپرسایەتییەشدا دەری خست کە بەحەق لە دواڕۆژیکی نزیکدا دەبێتە فەرماندەرێکی هەڵکەوتووی هێزی پێشمەرگە. هەر ئەوەش بوو کە ساڵی ١٣٧٠ لەلایەن تەشکیلاتەوە وەک فەرماندەری لک دیاری کرا و توانی ئەو ئەرکەش بە ڕووسووری و لێوەشاوەیی بەڕێوە ببات. شەهید قادر هەتا ڕۆژی شەهیدبوونی ئەو ئەرکە گرینگەی بەڕێوە برد و لەو ماوەیە‌دا کارزانی ‌و لێهاتوویی خۆی لە بواری کاری فەرماندەییدا پتر پێشان ‌دا.

شەهید قادر ڕۆژی ٢١ی پووشپەڕی ساڵی ١٣٧٠ی هەتاوی لە کاتێکدا لەگەڵ دەستەیەک لە پێشمەرگەکانی هێزی قەندیل بەرەو ناوچەی پیرانشار دەچوونەوە، لە شوێنێک بە ناوی "دۆڵە‌سپی" کەوتنە کەمینی هێزەکانی دوژمنەوە. پێشمەرگەکان زوو لێیان وەدەست هاتن و پاش شەرێکی دەستە‌ویەخە بەداخەوە قادر حاجی‌پوور لەگەڵ هاوسەنگەرێکی (قادر ڕەحمانی) شەهید بوون ‌و چوونە نێو کاروانی شەهیدانی ڕێگای ئازادی ‌و بەختەوەری گەڵ ‌و نیشتمان‌.