کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەسارەکانی پاشەکشە و نرخی بەرەنگاری

14:50 - 3 گەلاوێژ 2723

جەمیل سەرمەستی

بە درێژایی مێژوو لە هەموو دونیادا شەڕ و بەربەرەکانێ بە هۆکار، کەرەستە و شێوازی جۆراوجۆر و لە فۆرم و نێوەرۆکی تایبەت بە سەردەمی تایبەت و بە تێگەیشتن و بیرکردنەوەی تایبەتی لایەنەکان بۆ بەدەستهێنان یان بەرگری لە ماف، قازانج و بەرژەوەندییەکی دیاریکراو یان پێجەوانەکەی بۆ داگیرکردن و کوشتنی بەرانبەر و گەورەکردنەوەی بازنەی دەسەڵات و هتد... لە ئارادا بووە. ئەم ڕەوتە هەروەها هەتا ئێستاشی لە گەڵدا بێت، بە گۆڕانکاریی تایبەت بەم سەردەمەوە بەردەوامە و پێدەچێ هەتا مرۆڤیش لەسەر ئەم گۆی زەوییە بمێنێ، شەڕ و پێکهەڵپڕژانیش بەردەوام بێت.

لە هەموو سەردەمەکاندا کۆمەڵیک پلان، ڕێگا و ڕێکاری تایبەت بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرش و پیلان و و زاڵبوونی لایەنێک بەرسەر لایەنێکی دیکەدا کاریان لەسەر کراوە و تاکتیک و ستراتیژیی جۆراوجۆر تاقی کراوەتەوە کە یان سەرکەوتوو بوون، یان تووشی شکان هاتوون. ئەوانەی کە شکاون، بۆ قەرەبووی شکانەکانیان پێداچوونەوەیان بە بەرنامە و پلانی خۆیاندا کردۆتەوە و ڕێگای نوێیان تاقی کردۆتەوە و ئەو لایەنانەش کە سەرکەوتوو بوون، دیسان بۆ سەرکەوتنی زیاتر و بەردەوامبوون لە پێشڤەچوون، بەخۆیاندا چوونەتەوە و خۆیان تەیار کردۆتەوە. ئەمانەش پێوەستن بە ژیری و وریایی لایەنەکان و خوێندنەوەی پیلان و سیناریۆکانی دوژمن کە گرینگییەکی یەکجار تایبەتی هەبووە و هەیە و هەردوولای شەڕەکان هەموو هەوڵیان ئاگاداربوونە لە بەرنامەی بەرانبەر و داڕشتنی دژەکەی بووە.

هەرچەند زۆر هۆکار و تایبەتمەندی و ئامرازی دیکەی وەکوو ئابووری، هەڵکەوتەی جوغرافی، نۆڕمە کولتووری و کۆمەڵایەتییەکان، ئاستی وشیاری و لەخۆبوردوویی ڕێبەران و جەنگاوەران و بە گشتیی خەڵکی کۆمەڵگەکان بۆ شکان یان سەرکەوتن لە شەڕدا دەور دەبینن؛ بەڵام شتێک کە نەگۆڕە و لەمێژە باوە دەڵێن لە شەڕدا لایەنی زوڵملێکراو و مافخوراو هەم ورەی زیاترە و هەم حەزی سەرکەوتنی.

ئەگەر باسەکەمان بسووڕێنینەوە سەر پرسی کورد و خەڵک و خەباتی کوردستان و بەبێ گەڕانەوە بۆ مێژووی دووری دابڕینی خاکی کوردان لە یەکتری تەنیا چاوێک بە خەباتی سەد ساڵی ڕابردوودا بگێڕین، دەبینین کە سەرەڕای قارەمانەتی و گیانفیدایی ڕێبەران و خەڵکی خەباتکاری کوردستان و ئەو نرخ و باییانەی کورد لە بەریەککەوتنەکان لەگەڵ داگیرکەراندا تووشی بووە، کەچی ئێستاش لە هیچ پارچەیەکی کوردستان نەگەیشتووە بەو مافگەلەی کە لە هزر و بیریدا چێی کردوون.

ڕەوتی خەباتی کورد لە هەرکام لە بەشەکانی کوردستان پێمان دەڵێن کە دوژمنانی کورد لە هەر چوارلاوە هەموو هەوڵێکیان بۆ نسکۆپێهێنان بە شۆڕش و خەباتی کورد لە هەرکام لە بەشەکان بووە و سەرەڕای ناکۆکییە زۆر و جۆراوجۆرەکانی خۆیان لەگەڵ یەکتری، بەڵام بۆ لەباربردنی خەبات و دەسکەوتی سیاسیی کورد لە هەر بەشێکی کوردستان هاوپەیمانن و کەم نین ئەو ڕێککەوتننە نێودەوڵەتییانەی لە ناوچە کە لەسەر حسێبی کورد کراون، کە گەلەکۆمەکێی چەند ساڵ پێش دژی کەرکووک و هەرێمی باشووری کوردستان یەک لەوانە.

تازەترینی ئەو هەنگاوانە لەلایەک لەشکرکێشیی ئیران و تورکیە بۆ نێو خاکی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی زەوی و ئاسمانەوەیە کە مەبەست لێدان لە بنکە و بارەگای سیاسی و مەدەنیی حیزبە سیاسییەکانی باکوو و ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، لەلایەکی دیکەش و هاوکات چڕبوونەوەی گوشارەکانی حکوومەتی ناوەندیی بەغدایە کە لە چەند بەرەوە حکوومەتی هەرێمی کوردستانی بەئامانج گرتووە.

ئەوەندە بۆ سەر مەترسییەکان بۆ سەر هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەگەڕێتەوە، دەبێ ئەوانیش بەرنامە و پلانی تایبەت بە خۆیان هەبێت. بێگومان بۆ چۆنیەتیی بەگژداچوونەوەی هەر دوژمنێک پێویست بە ناسینی بنەڕەتیی لایەنی بەرانبەر لە هەموو بوارێکدا هەیە، وەکوو: چەندی‌وچۆنیی هێزی مرۆیی، کەرەستەی شەڕ، جوگرافیای شەڕەکە و پێداویستییەکانی، پێگەی جەماوەری، توانای ئابووری، دژایەتی یان لایەنگری هێزە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان و ڕوانگەکانیان و بە گشتیی سیاسەتی جیهانی -کە بەستراونەتەوە بەوەیکە یان لە بەرژەوەندی کێ دایە و بەرژەوەندی کام لایەن دەکەوێتە مەترسییەوە- چەندایەتی و چۆنایەتیی و توانایی کەلک‌وەرگرتن لە بارودۆخی زەمەنی و هتد...

ئەوەندەش کە بۆ بزووتنەوەی سیاسیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەگەڕێتەوە، لە ڕووی لۆجستیکەوە ئەوە شەڕێکی ناهاوسەنگە و لەڕووی نێوەرۆکیشەوە بۆ بزووتنەوە سیاسی ئەو شەڕە بریتییە لە بیرکردنەوە و ڕێکخستن و بەڕێوەبردنی عەمەلیات بە شێوەیەکی جیاواز لەوەی دوژمن دەیکات، بۆ ئەوەی بە کەلکوەرگرتن لە لاوازییەکانی دوژمن زۆرترین قازانج دەستەبەر بکات. لەم چوارچێوەیەدا دوو تیئۆریی سەرەکی هەیە:

 ئەلف) تیئۆریی ناهاوسەنگیی بەرژەوەندی: بەو مانایەی کە لایەنە بەهێزەکان کەمتر حەز و ئارەزووی سەرکەوتنیان هەیە؛ چوونکە بوونیان لە مەترسیدا نییە. لە لایەکی دیکەوە لایەنە لاوازەکان زیاتر حەز و ئارەزووی سەرکەوتنیان هەیە؛ چوونکە تەنها سەرکەوتن گەرەنتیی هەبوون و مانەوەیان دەکات.

 ب) تیئۆریی کارلێکی ستراتیژی: بەپێی ئەم تیئۆرییە هەموو ستراتیژییەک دژە ستراتیژییەکی خوازراوی هەیە. بۆیە ئەو هێز و لایەنگەلەی توانای لێکدانەوەی ستراتیژیی دوژمنیان هەیە دەتوانن بە هەڵبژاردن و جێبەجێ‌کردنی دژەستراتیژی گونجاو ئەگەری سەرکەوتنیان زۆر زیاد بکەن.

 بەپێی ئەمانە هەڵبژاردنی شێوەی بەرەنگاریی زۆر گرینگە و ئەگەر بەکورتی باسی بکەین پێنج فاکتەری سەرەکیی لە شەڕدا دەور دەبینن: ١- نیشتمان یان جوغرافیا ٢- ئاستی پشتیوانیی و پاڵپشتیی خەڵک لە هەرکام لەو لایەنگەلە ٣- هێز و کەرەستەی سەربازی ٤- ئیرادە و بیروبڕوای هێزە شەڕکەرەکان ٥- ڕێبەری و مودیرییەتی شەڕ. (کە تێکڕای چەندایەتی و چۆنایەتیی ئەمانە دەکاتە هێز و قورسایی تۆ، نەک یەک یان دوو فاکتەریان و هەر هێزیکیش دەبی جووڵە سیاسی و سەربازییەکانیشی لە ئاست ئەو قورساییانەدا بێت، ئەگینا دەشکێت.)

لەبەر ئەوەی مەبەستەکەمان چۆنیەتیی بەرپەرچدانەوەی هەڕەشە و هێرشەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە و لەو بوارەشدا کورد ئەزموونی دەیان ساڵ شەڕی لەگەڵ ئەو ڕیژیمەدا هەیە، لە ڕووبەڕووبوونەوەکان لەگەڵ ئەو ڕیژیمەدا سەرەڕای ناهاوسەنگیی هێزی مرۆیی و کەرەستەی شەڕ، ئەزموونی سەرکەوتنمان کەم نەبووە کە بێجگە لە شەڕی پارتیزانی و بەرگریی پێشمەرگانەی ساڵانی دەیەکانی شەست و حەفتا، شەڕی سێ مانگە وەکوو سەرکەوتنی کورد بە سەر کۆماری ئیسلامیدا بۆ مێژوو تۆمار کراوە.

ڕاستە سالانێکە هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە هۆکاری جۆراوجۆری سیاسی خۆیان لە ڕووبەڕووبوونەوەی چەکداری لەگەڵ کۆماری ئیسلامی پاراستووە و لە شیوەکانی دیکەی خەبات بەدژی ئەو ڕیژیمە و بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی کەڵکی وەرگرتووە؛ بەڵام هەم بۆ دوژمن و هەم بۆ خەڵکی کوردستان شاراوە نییە کە ئەو هێزە سیاسییەکانی کوردستان چەندە کاریگەرییان لەسەر کۆمەڵگەی کوردستان هەیە. هەر بۆیە کۆماری ئیسلامی کە چەندقات زیاتر لە خۆشمان دەزانێ ئەو هێزانە چەندە مەترسین بۆ سەر مان و مەوجوودییەتی و، زۆر باش بەوەش دەزانێت کە ئێستا بارودۆخی ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتیی خەڵکی ئێران بە گشتی و خەڵکی کوردستان بە تایبەتیی چەندە لەبارن بۆ هەڵتەکاندنی بناغەی ڕێژیم و، لە شۆڕشی ژیناشدا باشتر بۆی دەرکەوت توانا و کاریگەریی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و شوێندانانیان لەسەر خەڵکی کوردستان و کاریگەریی ئەو خەڵکەش لەسەر خەڵکی ئێران چەندە، بیر لە بێدەنگکردن و لەکارخستنی ئەو هێزانە دەکەنەوە. لە لایەکی دیکەشەوە کۆماری ئیسلامی پێگەی هەریمی کوردستانیش وەکوو مەترسییەکی گەورە دەبینێ و دەزانێ هەم لە بواری سیاسی و جوغرافییەوە و هەم لە بواری ئابووری و فەرهەنگی و کۆمەڵایەتییەوە چەندە دەتوانێ هاندەر بێ بۆ ڕەوتی مافخوازیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

لە ڕاستیدا فشار و هەڕەشە و هێرشەکانی کۆماری ئیسلامیی لە ترس و نیگەرانییەکی قووڵەوە سەرچاوە دەگرێ کە لە هێزی کوردی هەیەتی. کۆماری ئیسلامی لەو سۆنگەیەوە کەو لەو شەڕە دەترسێ لەو بارودۆخە نالەبارەی نێوخۆییدا تووشی ببێت، بە هەڕەشە و هەندێ هێرشی تاکتیکیی وەکوو مووشەکبارانی بنکە و بارەگاکانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات، بە پێجەوانەی شرۆڤە و بۆچوونی زۆربەی هەرەزۆری سیاسییەکانی کورد، دەیهەوێ ئەو شەڕە لە خۆی دوور بخاتەوە. چونکی ئەوە تاکتیکێکە بۆ ئەوەی دوژمنەکەت دەسپێشخەری شەڕێک نەبێ کە خۆت قازانجی لێ ناکەی و تەنیا بۆ پێچەوانە نیشاندانی ڕاستییەکان و لە ڕاستیدا هەڵخەڵەتاندنی لایەنی بەرانبەرە. لەشکرکێشی و هەرای میدیایی بۆ سنوورەکانی ئەفغانستان و ئازەربایجانیش هەر لەو پێوەندییەدایە.

دەبێ چی بکەین؟

بزووتنەوەی سیاسیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەموو جۆرە خەباتێکی تاقی کردۆتەوە و بە خەسار و دەسکەوتەکانیشی دەزانێت، هەر بۆیە بە خوێندنەوەیەکی ژیرانە و بوێرانە بۆ دۆخەکە و بە ڕوانینێک بۆ دۆخی کۆماری ئیسلامی و پاڵپشتی و ئامادەیی خەڵکی کوردستان -کە لە ئێستادا لە لوتکەی خۆی‌دایە- پێویستە خۆ بۆ بەرەنگارییەکی توند ئامادە بکەین و هیچ کام لە شێوازەکانی خەباتمان لە بەرچاو ون نەبێت. چارەسەرنەکرانی قەیرانە سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان کە ڕێژیم نەک ئەوەی بیهەوێ، بەڵکوو لە توانایدا نییە بەئاستەم لایان لێ بکاتەوە، دۆخێکی دیکە لە ململانێیەکان لەگەڵ ڕێژیم بەسەر بزووتنەوەی سیاسیی کوردستان و بزووتنەوەی سەراسەریدا دەسەپێنێ؛ بەتایبەت کە ڕێژیم ستراتیژیی توندوتیژیی لەپێشەوەی هەموو ئەگەرەکان داناوە.

کەلک‌وەرگرتن لە کێشەی نێوخۆیی ڕێژیم، ڕێکخستنی سیاسی و تەشکیلاتیی پتری خەڵک و کۆمەڵگە، یەکگریی هێزە سیاسییەکان هەم لە ئاستی کوردستان و هەم لە ئاستی سەرانسەریدا، هەنگاوی بەکردەوە بۆ دروستکردنی ئاڵترناتیڤی کۆماری ئیسلامی، بەرینکردنەوەی خەباتی دیپلۆماسی و خۆئامادەکردن بۆ بەرپەرچدانەوی هەر هێرشێکی کۆماری ئیسلامی بەشێوەی خۆی بەشێک لەو ئەرک و بەرپرسایەتییانەن کە حیزبەکان هەم بە تاک و هەم بەکۆمەڵ لەسەرشانیانە.

پوختەی مەبەست: ئەگەر دواجار ڕەوتی ململانێیەکان بەرەو ئەو ئاقارە چوو، بزووتنەوەی سیاسیی کورد دەبێ ئیمکان و دەرەتانی بەرگری و خەبات و مەیدانداری لەو گۆڕەپانەشی هەبێت و ئەوش خۆی پلان و ستراتیژیی هاوبەشی هەموو هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستانی پێویستە.