ئاسۆ مینبەری
د. قاسملوو: هەرچی ژنان لە بزووتنەوەی کوردستاندا زیاتر و چالاکتر بەشدار بن، ئەوەندە بزووتنەوەی کوردستان سەرکەوتووترە
بەشداریی ژنان لە گۆڕەپانی سیاسەت، یەکێک لەو بابەتە گرینگانەیە کە بە بەردەوامی، بەتایبەت لەلایەن چالاکانی بواری ژنانەوە کەوتووەتە بەر باس و زۆر جاریش ڕەخنە لە حیزب و لایەنە سیاسییەکان گیراوە کە ئاخۆ بۆچی بەو جۆرەی کە پێویست و شیاوە، ژنان لە ڕیزەکانیاندا لە ئاستی بڕیاردان و کایەی سیاسیدا نابینرێن.
بەو پێشینە مێژووییەوە کە کوردستان هەیەتی، کەس ناتوانێ نکۆڵی لە بوون و بەشداریی ژنان لە سیاسەتدا بکات، نموونەی هەرە بەرچاوی ئەم بەشداریکردنە، دامەزرانی یەکەمین ڕێکخراوی تایبەت بە ژنان لە سەردەمی کۆماری کوردستانە، بەڵام بەم حاڵەشەوە ناکرێ حاشا لە کەمڕەنگبوونی بوون و بەشداریی ژنان لە گۆڕەپانی سیاسەتدا بکرێ.
لە سەردەمی کۆماری کوردستاندا، ژنان بۆ یەکەمجار بە شێوەی ڕێکخراو چوونە نێو تەشکیلات و کاری ڕێکخراوەیی و سیاسییەوە و هەر ئەمەش وێڕای مێژووی دیار و بەرچاوی ژنان لە کوردستان بوو بە پاشخانێکی بەهێز بۆ بەشدارییان لە گۆڕەپانی خەبات و تێکۆشانی دواتردا.
ڕاستە کە بەداخەوە بە هۆی کۆمەڵێک هۆکارەوە ژنان نەیانتوانیوە بەو جۆرە کە پێویست و شیاوی پێشینەی خەبات و تێکۆشانی کوردستانە، لە مەیدانی کردەوەدا دیار بن، بەڵام بێگومان لە قۆناغە جیاوازەکانی خەبات و تێکۆشاندا جێپەنجەیان هەر دیارە. لە هەر بڕگەیەکی مێژوودا، کۆمەڵێک فاکتەر توانیویانە پاڵنەر بن بۆ ئەوەی ژنان زیاتر خۆیان لە مەیدانی کردەوەدا ببیننەوە، لە هەندێ قۆناغیشدا بەپێچەوانە کۆمەڵێک فاکتەر بوونەتە هۆی دواکەوتنی زیاتری ژنان کە بەداخەوە زیانەکەی بەر هەموو کۆمەڵگە و بەتایبەتیش بەر بزووتنەوەی ڕەوای کورد کەوتووە.
ئەگەر چاوێک بە مێژووی کوردستاندا بخشێنین دەبینین کە ژنان، هاوشانی پیاوان بەمەبەستی سەرخستنی دۆزی ڕەوای کورد تێکۆشاون و هەنگاویان هەڵێناوەتەوە، لە هەر بڕگەیەکدا بەپێی فەرهەنگ و نۆرمی زاڵی ئەو بڕگەیە لە مێژوو ئەوانیش توانیویانە ڕۆڵ بگێڕن و بێگومان ڕۆڵی ئەرێنیشیان گێڕاوە، بەڵام دیسانەوە لەمپەرەکان نەیانهێشتووە کە ڕۆڵ و پێگەی ژنان لە خەباتی نەتەوایەتیی کورددا، جێگە و پێگەیەکی شیاو بێت.
بەڵام پرسیار ئەوەیە کە بۆچی بەشداریی ژنان لە کایەی سیاسیدا جێی بایەخ و گرینگە؟ ئایا بەبێ بوونی ژنان خەبات سەر ناکەوێ؟ ئەگەر ژنان لەم گۆڕەپانەدا نەبن گەیشتن بە ئامانج ئەستەمترە؟ لە هەمووی گرینگتر، بوونی ژنان دەتوانێ چی بە خەباتەکە ببەخشێ؟ وڵامی کۆی ئەم پرسیارانە لە وتەیەکی ڕێبەری نەمری گەلەکەمان، دوکتور قاسملوودا خۆی دەنوێنێ. دوکتور قاسملوو دەفەرموێ: "هەرچی زیاتر ژنان لە کارە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکاندا بەشدار بن، کۆمەڵ پیشکەوتووترە و هەرچی لە بزووتنەوەی سیاسیی نەتەوەیەکدا ژنان تێکۆشەرتر بن، بزووتنەوەکە پێشکەوتووترە و شانسی سەرکەوتنی زیاترە".
لەڕاستیدا بوونی ژنان وەکوو نیوەی کۆمەڵ و توێژێکی خاوەن ماف، پێویستییەکی حاشاهەڵنەگر بۆ گەیشتن بە ئامانجە. هەروا کە دوکتور قاسملوو ئاماژەی پێ دەکات، پێشکەوتووبوونی کۆمەڵ، لە گرەوی بەشداریی زیاتری ژنان لە کاروباری کۆمەڵایەتی و سیاسیدایە و لە ڕاستیدا کزبوونی ئەم بەشدارییە، کزبوونی خەبات و بزووتنەوەشی بەدواوە دەبێ، ئەگەر ژنان بتوانن لە بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکاندا بەشداریی چالاکانەیان هەبێ و پۆتانسیەلی خۆیان لەم پێناوەدا بخەنە گەڕ و ئەرکەکە لە ئەستۆی خۆیان نەکەنەوە، بزووتنەوەکە زۆر زیاتر لە سەرکەوتن نزیک دەبێتەوە.
چاوخشاندنێک بەسەر مێژووی پڕ هەوراز و نشێوی خەبات لە کۆمەڵگەی کوردستاندا، ڕاستیی ئەم بابەتە دەردەخات. لە هەر بڕگەیەک لە مێژوودا کە ژنان ڕۆڵی زیاتریان گێڕابێ و زیاتر خۆیان لە کاروباری سیاسی و کۆمەڵایەتی دابێت، ئەوە خەباتەکەش گەرموگوڕتر بووە و ئاکامەکەشی دڵخوازتر.
بەڵام، نموونەی بەرچاوی ئەم بەشداریکردنە و پێشکەوتووبوونی ئەم بزووتنەوە و خەباتە، شۆڕشی ژینایە. لەم شۆڕشەدا بە ڕوونی ئەو وتەیەی دوکتور قاسملوو کە لە سەرەوە ئاماژەی پێ کرا خۆی دەنوێنێ و دەکرێ شیکاری تەواویشی لەسەر بکرێ.
ڕوونە کە کوردستان، لە بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ داگیرکەراندا، مێژووییەکی دوورودرێژی هەیە، لەم ڕێڕەوە مێژووییەشدا، یەکێک لە گرینگترین خاڵەکان کە ئەکرێ وەکوو یەکێک لە خاڵە بەهێزەکان لە ڕەوتی خەباتی کورددا ناوی لێ ببردرێت، بەشداریی هەر دوو ڕەگەزی کۆمەڵگە لە خەبات و تێکۆشانی نەتەوەیی بووە کە لە شۆڕشی ژینادا دیسانەوە خۆی بەرجەستە کردەوە.
پاش زیاتر لە ٤ دەیە لە دەسەڵاتدارەتیی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، کوژرانی ژینا ئەمینی بە دەستی هێزەکانی گەشتی ئێرشاد لە تاران، چەخماخەی خەباتێکی نوێی لێ دا. دەسپێکی ئەم خەباتە لە کوردستانەوە بوو و ئەمەش بۆ پێشینەی خەبات لە کوردستان دەگەڕایەوە چونکە لە ڕاستیدا کوردستان هەمیشە بەنیسبەت کردەوەکانی دەسەڵات دژکردەوەی هەبووە، بەڵام ئەمجارە دژکردەوەکە بەربڵاوتر بوو. چەخماخەی ڕاپەڕینەکە لە کوردستانەوە لێ درا چونکە کوردستان هەمیشە بەستێنی خەبات بووە و ئامادەتر، پێشینەی سیاسیی کوردستان و بوونی حیزب و ڕێکخراوەکانیش وای کرد کە سەرهەڵدانەکە لە کوردستان ڕێکخراوتر و سازماندراوتر بێت، لەم دۆخەشدا دیسانەوە ژنان بوون بە بەشێکی گرینگ لە بزووتنەوەکە؛ پاش بەخاکسپاردنی تەرمی ژینا لە گۆڕستانی ئایچیی سەقز، ژنان بە فڕێدانی سەرپۆشەکانیان و وتنەوەی دروشمی "ژن، ژیان، ئازای"، لاپەڕەیەکی نوێ لە خەبات دژی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانیان هەڵ دایەوە. ئەمە هەنگاوێکی گرینگ بوو، چونکە ئەوان ڕێک لەو کاتە هەستیارەدا، بەرانبەر ئیدئۆلۆژییەکی چەقبەستوو وەستانەوە کە ٤٠ و چەند ساڵ بوو، لەژێر سێبەرەکەیدا ژیابوون، ژنان بەم جووڵەیە، ڕۆحێکی تازەیان وەبەر خەباتەدا کردەوە و نیشانیان دا کە بوونیان و بەشدارییان لە پرسە گرینگەکانی کۆمەڵگە و بەتایبەتیش لە بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ پاوانخوازیی دەسەڵاتدا چەندە دەتوانێ کاریگەر و گرینگ بێ.
ئەم جووڵەیەی ژنان، بووە نوێنگەی وتەکەی دوکتور قاسملوو و بەشداریی چالاکانەی ئەوان بوو کە توانیی پێشکەوتن بە بزووتنەوەکە ببەخشێ و لە هەمان کاتیشدا تێکۆشانیان لە مەیدانی کردەوەدا و ڕووبەڕووبوونەوەیان بەدەستی بەتاڵ لە بەرانبەر هێزی پۆشتەی ڕێژیم، سەلماندی کە تێکۆشانی ژنان چەندە دەتوانێ شانسی سەرکەوتن زیاتر بکاتەوە، ئەڵبەتە لێرەدا مەبەست ئەوە نییە کە شۆڕشی ژینا بە تەواوەتی گرێ بدرێ بە تێکۆشانی ژنانەوە، بەڵام بە هێنانەوەی چەندین فاکت، ئەو ڕاستییە زیاتر خۆی دەنوێنێ کە ڕێک بەشداریی ژنان بوو کە توانی تا ڕادەیەکی زۆر شۆڕشی ژینا، وەکوو شۆڕشێکی گشتگیر لە سەراسەری ئێراندا پێناسە بکات.
ـ پاش شەهیدبوونی ژینا، ئەوە کۆمەڵگەی کوردستان بوو کە خاوەندارەتی لە کچەکەی کرد و نەیهێشت تەرمەکەی بە بێدەنگی و بە دوور لە چاوی جیهانەوە ئەسپەردەی خاک بکرێ، بەڵام لە ڕاستیدا فڕێدانی سەرپۆشەکان لەلایەن ژنانەوە لە سەر مەزاری ژینای جوانەمەرگ، جووڵەیەکی زۆر کاریگەر بوو، لە ڕاستیدا دەکرێ ئەم جووڵەیە وەکوو هەنگاوی یەکەم بۆ دەسپێکی شۆڕشەکە چاوی لێ بکرێ، یەکەم بەو هۆیەوە کە ئیدئۆلۆژیی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانی بە چالشدا کێشا و دووەم بەو هۆیەوە کە دروشمی ژن، ژیان، ئازادی پاش ساڵانێکی زۆر، لەوێوە سەری هەڵێنایەوە و بوو بە دروشمی سەرەکیی شۆڕشەکە.
ـ ژنان بە پێچەوانەی ڕابردوو، ئەمجارە لە بەرەی پێشەوەی شۆڕشەکە بوون، سۆزی دایکانەی ئەوان بۆ ژینا و هاوسۆزی لەگەڵ دایکی ژینا وای کرد کە ئەوان بوێرانە بێنە مەیدان و جڵەوی خەباتەکە بە دەستەوە بگرن.
ـ دایکی شەهیدانی شۆڕشی ژینا، بە وتەکان و ئاکاری ئاوەزمەندانەی خۆیان ڕۆڵێکی بەرچاویان لە زیندووڕاگرتنی شۆڕشەکەدا هەبوو، ئەوان بە خۆڕاگری و پێداگرییان لەسەر وەرگرتنەوەی مافی پێشێلکراوی خۆیان و ڕۆڵەکانیان، بوون بە سیمبولی خەباتەکە و هێمایەک بۆ بەردەوامبوونی بزووتنەوەکە.
ـ ژنان بۆ قەرەبووکردنەوەی ساڵەکانی لەدەستچووی ژیانیان لەژێر سێبەری ستەمی ڕێژیمی ئاخوندیدا، هەوڵیان دا فاکتەری گرینگ و کارای بزووتنەوەکە بن تا ئەو ئاستە کە باوکی شەهیدێک لەسەر مەزاری کوڕە شەهیدەکەی بەغیرەتبوونی پیاوان، بە غیرەتی ژنانەوە پێناسەوە دەکات و دەڵێ، لەمەبەدوا بۆ ئەوەی پیاوێک زۆر پیاو و بەغیرەت بێ دەبێ زۆر ژن بێ!
ئەمانە نموونەگەلێک لە ڕۆڵ و کاریگەریی ژنان لە بزووتنەوەی ژینادان، کەوابوو وەک دوکتور قاسملوو دەڵێ، بە کردەوە لە شۆڕشی ژینادا بینیمان کە چەندە بوونی ژنان و کارابوون و تێکۆشانیان لە بزووتنەوەیەکدا دەتوانێ گرینگ و شوێندانەر بێت. بێگومان ئەم بەشدارییە بەرفراوانەی ژنان لە بزووتنەوەی ژینادا، کاریگەریی ئێجگار گەورەی لەسەر داهاتووی ژیانی ژنان دەبێ. بەو واتایە کە ئەگەر لە قۆناغی ئێستادا ئەم شۆڕشە بە ئاکامی دڵخواز نەگات، بەڵام بێگومان توانیویەتی لەسەر ڕوانین و شێوازی هەڵسوکەوتی کۆمەڵگە بەگشتی بەرانبەر بە ژنان و هەروەها خودی دەسەڵاتیش بەرانبەر بە هێزی ژنان کاریگەریی ئەتۆی هەبێ.
ئەگەرچی زۆر کەس لەسەر ئەو بڕوایەن کە کەڵەکەبوونی ستەمی چەندین ساڵەی ڕێژیمی ئیسلامی لەسەر یەک و کۆمەڵێک پرسی گرینگی وەک پرسی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری، فەرهەنگی و ... لە سەرهەڵدانی شۆڕشی ژینادا کاریگەرییان هەبوو، بەڵام نابێ لە بیری بکەین کە بوونی ژنان و هێزی ژنان توانیی شۆڕشەکە زیندووتر بکاتەوە و خاڵێکی وەرچەرخان بۆ گۆڕینی سیمای پیاوانەی بزووتنەوە و شۆڕش لە کۆمەڵگەی کوردستاندا بێت.
لە ڕاستیدا داماڵینی ڕواڵەتی پیاوانە لەسەر بزووتنەوەی مافخوازی لە کوردستان، دەکرێ وەکوو یەکێک لە گرینگترین دەسکەوتەکانی شۆڕشی ژینا چاوی لێ بکرێت، دەسکەوتێک کە لە ئاکامی تێکۆشانی ژنان هاتە ئاراوە و وای کرد کە بە پێچەوانەی بزووتنەوە و سەرهەڵدانەکانی پێشوو، زیاتر کۆماری ئیسلامی لە هەڵدێر نزیک بکاتەوە.
دەکرێ بڵێین شۆڕشی ژینا و ئەو ئەرکوەخۆگرییەی ژنان لەم قۆناغە لە خەباتدا، وەڕاستگەڕانەوەی وتەکانی دوکتور قاسملوو بوو، لە ڕاستیدا تێکۆشانی ژنان لە بزووتنەوەی ئێستای کوردستاندا سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە زیاتر لە ٣٠ ساڵ پێش ئێستا، دوکتور قاسملوو باسی لێ کردبوو و بە گرینگی زانیبوو. بەڵێ. شەهید د. قاسملوو گوتەنی: "هەرچی ژنان لە بزووتنەوەی کوردستاندا زیاتر و چالاکتر بەشداربن، ئەوەندە بزووتنەوەی کوردستان سەرکەوتووترە".