کوێستان عومەرزادە
چاوەڕێم شنەیەک
بە سەبەتەیەک شەوبۆوە
بێ و
باخچەکەم پڕ کات
لە خۆی
گیانێک وەبەر بێنی
هەرچی دار گێلاسی
ڕوحمە
بکەونە سەما
چاوەڕێم
شێعرێک بێ و
خۆی لە بەردەم ئاوێنەی
ژوورەکەم
ڕووت ڕووت کاتەوە
هەرچی تەزووی نێو گیانتە
هەرچی
وردە خەیاڵی ناخمە
بیخاتە سەر تۆڕی کراسەکەم
من ئیتر کاتی تۆ واتا
ئەو دی
توند توند خۆم دەپێچمەوە
هەرچی لامە دەیشارمەوە
دەترسێم
بێتوو هەرچی لامە بیدزێ لێم
هەروەک چۆن
ئەوینی دزیم
ڕووناکی لە سێبەری
پێکانم
ون کرد
هەرچی تەزووی ماچ بوو
لەباری برد
ئیتر من خۆم لەبیر دەکەم
ئەویش ئەوی
دۆڕاو، هەڵات و
لەوی بەسەر ڕوخساری
ئیوارەیەکی
خەواڵوودا
جێ دێڵم
کاتی شنە دێ
ئیتر من خەمی تۆم نابێ
چون ئەوکات
دل پر دەبێ لە گەوهەر و
ماڵ لە ڕووناکیی تریفە و
باخچە لە بۆنی عەتر
تۆ ئیتر
بە خەیاڵیش
ناکەویە سەر نیگام