کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نرخی هەڵاوسانی مانگی پووشپەڕ لە ئێران گەیشتە ٤٧.٥ لەسەد

12:16 - 4 گەلاوێژ 2723

بەپێی ڕاگەیاندنی ناوەندی ئاماری ڕێژیمی ئێران، ڕێژەی هەڵاوسانی ساڵانە لە مانگی پووشپەڕ گەیشتووەتە ٤٧.٥ لەسەد، هاوکاتیش ناڕەزایەتیی کرێکاران، خانەنشینان، مامۆستایان و سەندیکاکانی دیکە بەرامبەر بە کێشەکانی بژێویی ژیان بەردەوامە.

ناوەندی ئاماری ڕێژیمی ئێران جگە لە ڕێژەی هەڵاوسانی ساڵانە، ڕێژەی هەڵاوسانی مانگانە و خاڵ بە خاڵیشی لە مانگی پووشپەڕی ئەمساڵدا پێوانە کردووە کە هەڵاوسانی مانگانە ٢ لەسەد و هەڵاوسانی خاڵ بە خاڵیش ٣٩.٤ لەسەد ڕاگەیەندراوە.

ڕێژەی هەڵاوسانی ساڵانە ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە تێکڕای پێوەرەکانی نرخ لە ١٢ مانگی ڕابردوو هەتا مانگی پووشپەڕی ساڵی ١٤٠٢ بە ڕێژەی ٤٧.٥ لەسەد زیادی کردووە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ڕێژەی هەڵاوسانی ساڵانە لە مانگی پووشپەڕدا لە سەرەوەی ٥٠ لەسەد لە ١٥ پارێزگای ئێران تۆمار کراوە کە بەرزترینیان نزیکەی ٥٨ لەسەد لە پارێزگای یەزد بووە.

هەڵاوسانی خاڵ بە خاڵ لە مانگی پووشپەڕ بۆ گۆشت و بەرهەمەکانی تا ٧٨ لەسەد و بۆ کرێی خانووبەرە تا ٣٨ لەسەد بەرز بووەتەوە.

هاوکات لەگەڵ ئەو دۆخە، ناڕەزایەتیی کرێکاران، خانەنشینان، مامۆستایان و سەندیکاکانی تری کرێکاران سەبارەت بە کێشەی بژێویی ژیان و گرانیی نرخەکان درێژەی هەبووە.

ڕۆژی ٣ی پووشپەڕ و دوابەدوای سێشەممەی ناڕەزایەتیی خانەنشینان، مامۆستایان و خانەنشینانی دیکە لە پارێزگاکانی وەک یەزد، کرماشان، فارس، سنە و ئەردەبیل کۆ بوونەوە و خوازیاری چارەسەرکردنی دۆخی خراپی ژیانیان بوون.