کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قەیرانی ئاوی خواردنەوە لە ئێراندا بەرەو کارەسات دەچێت

12:29 - 4 گەلاوێژ 2723

لە سێبەری دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی و وشکەساڵی لە ئێراندا، قەیرانی ئاوی خواردنەوە لە زۆربەی شار و ناوچەکانی ئەو وڵاتە بەرەو کارەساتی "بێ ئاوی" هەنگاو دەنێت.

ئەحمەد وەزیفە، بەرپرسی ناوەندی نیشتمانیی هەرێم و بەڕێوەبەری قەیرانی وشکەساڵی لە ڕێکخراوی کەشناسیی ڕێژیم، باس لە قەیرانی دابینکردنی ئاوی خواردنەوە لە ئێراندا دەکات و دەڵێت: لە بەشی ڕۆژهەڵات و باکووری ئێران بارودۆخی ئاوی خواردنەوە زۆر خراپە و خەریکە لە قەیرانەوە بەرەو کارەسات بچێت.

بەپێی قسەکانی ئەو بەرپرسەی ڕێژیم، بەهۆی گۆڕانی کەش و هەوا و هەروەها بەڕێوەبەریی نازانستییانەی بەرپرسانی ڕێژیم لەو بەشەدا و هەروەها زیادبوونی حەشیمەتی شارە گەورەکان، لەوانە تاران و مەشهەد، دابینکردنی ئاوی خواردنەوە بۆ ئەو شارگەلە و بەتایبەتی شاری مەشهەد زۆر دژوارە و پێدەچێت لە داهاتوویەکی نزیکدا نەتواندرێت ئاوی خواردنەوەیان بۆ دابین بکرێت.

ئەحمەد وەزیفە هەروەها ڕایگەیاند کە لە ساڵی ڕابردوودا ڕادەی بارینی بەفر و باران لە خوراسان لەسەتا ٥٣ و لە سیستان وبەلووچستان لەسەتا ٤٨ و لە تاران لەسەتا ٤٠ نەرێنی بووە و یەدەکی ئاوی پێتەختی ئێرانیش لە دۆخێکی مەترسیداردایە.

بەرپرسێکی پارێزگای سیستان و بەلووچستان دۆخی ئاوی ئەو پارێزگایەی بە عاشوورا شوبهاند و وتی لە زۆربەی گوندەکانی ئەو پارێزگایە دڵۆپێک ئاوی خواردنەوەش دەست ناکەوێت و خەڵک تانکرێک ئاوی خواردنەوە بە یەک میلیۆن و دووسەد هەزار تمەن دابین دەکەن.

جێگای ئاماژەیە کە کوردستان سەرچاوە و یەدەکێکی بەهێزی ئاوی خواردنەوەی هەیە کە لەلایەن ڕێژیمەوە ساڵانێکە بەرەو پارێزگا ناوەندییەکانی ئێران بە تاڵان دەبرێن و ئەمەش مەترسییەکی یەکجار گەورەی بۆ داهاتووی کوردستان دروست کردووە.