کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی ناڕەزایەتیی خانەنشینان لە چەندین شاری ئێران و کوردستان

12:46 - 4 گەلاوێژ 2723

خانەنشینان ڕۆژی سێشەممە ٣ی پووشپەڕ لە چەند شاری ئێران کۆ بوونەوە و خوازیاری جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان بوون و دروشمی دژ بە ڕێژیم و ناوەندەکانی ئەو ڕێژیمەیان وتەوە.

ئەم کۆبوونەوانە کە بە ''سێشەممەکانی ناڕەزایەتی'' ناودێر کراوە، چەند حەوتوو لەمەوبەر لەگەڵ گردبوونەوەی ناڕەزایەتیی خانەنشینانی دابینکردنی کۆمەڵایەتی و موخابەرات لە ڕۆژانی یەکشەممە و دووشەممەی هەموو حەوتوویەکدا دەستی پێ کردووە.

خانەنشینان لە شارەکانی ئەردەبیل، سنە، کرماشان، یەزد، شیراز، قەزوین و کەرەج کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد و ئەو دروشمانەیان وتەوە: ''هەم مەجلیس و هەمیش دەوڵەت لەگەڵ خەڵک درۆ دەکەن''، ''دەوڵەتی ٦ کلاسە لەو ڕۆژانەدا کاری خەلاسە''، ''گرانی، هەڵاوسان، بەڵای گیانی خەڵکە'' و "مامۆستای زیندانی دەبێ ئازاد بکرێت.''

خانەنشینان دەیانەوێت مووچەکانیان یەکسان بکەن و بارودۆخی ژیانیان باشتر بکەن و ئاستی خزمەتگوزارییەکانی خۆشگوزەرانی بەرز بکەنەوە.

لەو پێوەندییەدا ئیسماعیل گرامی، کرێکاری خانەنشینکراو لە نووسراوەیەکدا کە لە کاناڵی ڕێکخراوی خانەنشینان بڵاو کراوەتەوە، وتوویەتی: ''خانەنشینەکان بۆ کێک و شەربەت و پاداشی نهێنی کۆ نابنەوە. ئەوان دژی هەژاری و نەهامەتی و دڕندەیی و ئەو ستەمانە کە بەسەریاندا سەپاوە دەچنە سەر شەقام و ناڕەزایەتیی خۆیان نیشان دەدەن."