ئاگری ئیسماعیلنژاد
لە زمانی کوردییدا ڕەوشت لەبری ئەخلاق لە زمانی فارسی و عەرەبیدا داندراوە، هەڵبەت ڕەوشت وەک باری مانایی زیاتر لە وشەی "Ethos"ی یۆنانی نزیکە هەتا ئەخلاقی عەرەبی! چون ئیتهۆس بەمانای کۆمەڵە کردار و ئاکارێکە لە تێفکرینەوە سەرچاوە دەگرێت و بنەمایی ئەخلاق زیاتر فەرهەنگ و کۆمەڵگایە! بەڵام بنەمای ئیتهۆس یان ڕەوشت تێفکرینی تاکە!
ئەگەر ئەو مانایە لە ئیتهۆس یان ڕەوشت کە ئیفلاتوون لە کتێبی کۆماردا هێناویەتە بەرباس لەبەر چاوبگرین، بنەمای ڕەوشتی دوکتور قاسملوو لەسەر ماف و ڕێز بۆ مرۆڤەکانیتر بووە! بۆ شیکردنەوەی ئەو باسە دەبێت ئاوڕێک لە ئەخلاق لە کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا بدەینەوە. بنەمای ئەخلاق لە ڕۆژهەڵاتی نێوەراست لەسەر هێزە! واتە مرۆڤێک کە هێزی بێت، ئاساییە ئەو هێزە لە هەموو بەستێنێکی ژیانیدا بەکار بێنێ و هیچ گوێ نەداتە کەسانی ژێردەستی و، بەپێی بەرژوەندیی تاکەکەسی و گرووپی خۆی هەتا ئەو جێگای توانای هەیە هەڵسووکەوت بکات؛ بێ لەبەر چاوگرتنی مافی بەرانبەرەکەی. لە وەها دۆخێکیش دایە کە تۆ دەتوانی ڕوانگەی هابز لەو پەندە کوردییەدا بەڕوونی بەدی بکەی" مست لە درێشەی دەگەڕێتەوە."
بەڵام بنەمای ڕەوشتی دوکتور قاسملوو لەسەر ماف بووه، واتە مرۆڤ دەبێت ئاکار و کرداری لەسەر بناغەی ئەوە دانێ کە مرۆڤەکانی دەورووپشتی مافیان هەیە و دەبێت ڕێز لەو مافانە بگیرێت. لێرەدا باسێک گرینگ دێتە پێش ئەگەر من وەکوو مرۆڤ باوەڕم بە مافی مرۆڤەکانیتر چ لە چوارچێوەی بنەماڵە و چ لە چوارچێوەی کۆمەڵگەدا بێت، ئەوکات هێز بۆ خۆپاراستن بەکار دێنم و ماف وەکوو بنەمای هەڵسوکەوت لەگەڵ مرۆڤەکانیتر دەبێتە بناغەی ڕەوشتی من.
لەو پیوەندییەدا دوکتور قاسملوو دەڵێت: "مەسەلەی بنەڕەتی بۆ من کە هەر لە سەرەتای لاوێتییەوە خەباتم بۆ کردووە، مەسەلەی لەنێوبردنی ستەم بووە"! ڕوونه کە پێوەری پێوانی ستەم دیاریکردنی ماف بۆ ئینسانەکانە! بەو پێیەشە کە دوکتور قاسملوو بەرانبەر بە دوژمنی خۆی پرسی تێرۆر ڕەت دەکاتەوە و دەڵێت: "ئەمن پێم وایە بزووتنەوە بەهێزەکان، ئەو بزووتنەوانەی بە ڕێگای دێمۆکراسیدا دەرۆن، ڕێنوێنی دەکرێن و لاینگری و خەڵکیان لەگەڵە، پێویستیان بە بەکارهێنانی تێرۆریزم نییە، لە پەیوەندی بە خۆشمانەوە دەبێت بڵێم، لەگەڵ ئەوەی کە خومینی چەند جار بۆ دژایەتی ئێمە تێرۆری بەکار هێناوە، بەڵام ئێمە هێچ کات ئەوەمان تەئیید نەکردووە و بە پەیڕەوی کردن لە ئوسوولمان بارمتەگرتنمان مەحکووم کردووە! هەمیشە تەیارەڕفاندن و بۆمبدانان لە شوێنی گشتیمان مەحکووم کردووە" ئەو قسانەی دوکتور قاسملوو لە کاتێدایە کە وەک خۆشی لە دڕێژەی ئەو چاوپێکەوتنەدا لەگەڵ گۆڤاری لێبراسیۆن باسی دەکات کۆماری ئیسلامی تێرۆر ڕێبازێک بووە که بۆ سەرخستنی بەرژەوەندیییەکانی خۆی بەکاری هێناوە؛ بەڵام دوکتور قاسملوو وەکوو کەسێک کە بنەمایی باوەڕی و ئاکاری لەسەر بناغەی مافی مرۆڤەکان دامەزراوە، ئامادە نییە لەو جێگاییەی که هێز نیزامی دەتوانێ مرۆڤی ئاسایی لەنێوبەرێ ئەو هێزە بەکار بێنێ و ئامادە نییە شێوازی تۆقاندن بۆ بەربەرەکانی لەگەڵ دەسەڵاتێکی تەنانەت تێرۆریستیش بەکار بێنێ.
هەر لەسەر بنەمای باوەر بە مافی ئینسانەکان لەسەر ڕەوشتی تەشکیلاتی! دوکتور قاسملوو دەڵێت: "ئەوە ئەسلێکی گرینگی مودییرییەتە کە بەرپرسی حیزبی دەبێت، بزانێ چۆن هەڵسوکەوت لەگەڵ ئەفرادی سەرەوە و ئۆرگانی سەرەوە بکات و لە هەمان کاتیشدا دەبێت، بزانێ چۆن هەڵسوکەوت لەگەڵ ئەفرادی خوارەوە و ئۆرگانی خوارەوەی خۆی بکات! شێوەی ئووسوولی ئەوەیە که نابێ بە تەحکووم و دەستووردان و توندوتیژی و کوێخایانە دەستوور بەسەر ئۆرگانی خوارەوە بدات و بەشێوەی چاپلووسی و تەمەلووق و پێداهەڵگووتن هەڵسووکەوت لەگەڵ ئەندام و ئۆرگانی سەرەوەی خۆی بکات."
ڕێز گرتن لە خەباتی مرۆڤەکانیتر و هاوحیزبییەکانی خاڵێکیتر لە ڕەوشتی دوکتور قاسملوو بووە. بەڕێزیان لەسەر ئەوەی بۆ حیزبی دێمۆکرات توانییویەتی لە گۆڕەپانەکەدا بمێنێ سێ هۆکاری بۆ دێنێتەوە و دەڵێت:
یەکەم، سیاسەتی ئوسوولیمان هەڵبژاردووە و خۆمان لە دروشمی زل پاراستووە.
دووهەم، خەڵکی کوردستان پشتیوانی ئێمەیە و هەتا خەڵک پشتیوانەی حیزب بێت، حیزبی دێمۆکرات دەتوانێ درێژە بە چالاکییەکانی خۆی بدات.
سێهەم، هۆی مانەوەی خەباتی ئێمە فیداکاریی پێشمەرگەکانمان بووە.
خاڵی گرینگی کە ئەو سێ خاڵە پێکەوە گرێ دەدات، باوەڕ بە مافی ئینسانەکانیتر، بەپێی ئەوە ڕوانگەیە کە فیداکاری پێشمەرگە وەکوو مەرجی سەرەکی مانەوەی خەبات سەیر دەکات، چون لەگەڵ ڕاستبوونی ئەو هۆکارە دەبێت، پێشمەرگە مافی خۆییەتی ئازایەتی و لەخۆبروودیی و فیداکارییەکانی باس بکرێت و وەکوو هۆکار مانەوەی خەباتی نەتەوەی کوردستان لەبەر چاو بگرێت، ئەگەر غەیری ئەوە بکرێت لە ڕاستییدا تۆ مافی مرۆڤێکی زەحمەتکێش و لەخۆبوردووت پێشێل کردووە، کەلەگەڵ بنچینەی بیری دوکتور قاسملوو نایەتەوە، چون ئەو باوەری بە خەبات لەدژی ستەم بووە.
لەسەر ئەخلاقیش لە سیاسەتدا، دوکتور قاسملوو لەو باوەڕە دایە: "ئێمە بێئوسوولی و جنێوفرۆشی لە سیاسەتدا ڕەت دەکەینەوە و بۆ جێگیرکردنی ئەخلاق لە سیاسەتدا تێدەکۆشین" هەر لەو پەیوەندییەش دایە کە لە کلاسی کادرەکانی حیزبدا دەڵێت: "بانگەشە بۆ حیزبایەتی و سیاسەتی حیزبی وەکوو دوکانداری وایە، وەک چۆن لە دووکاندارییدا ئێمە دەتوانین بڵێن تەماتەی ئێمە جوانە، یان میوەی ئێمە باشە! بەڵام ناتوانین بڵێن تەماتەی جیران دووکانەکەمان خراپە! لە بانگەشە بۆ حیزبایەتی زیاتر باس لەسەر سیاسەتی خۆمان و تایبەتمەندی خۆمان دەکەین". کە ئەوەش خاڵێکی گرینگ لە سیاسەتدایە و ئەو ڕوانگەیە لە ڕاستییدا پێش بە پرۆپاگاندا و پۆپۆلیزم دەگرێت، و لە باتی ئەو لەسەرخۆبوون، پێکەوە هەڵکردن و بۆ یەکدابوورین دێنێتە ئاراوە.
پەختەی مەبەستی ئەم نووسینە ئەوەیە کە دوکتور قاسملوو بنەمای ڕەوشتی سیاسی، تەشکیلاتی و شۆڕشگێریی خۆی لەسەر باوەڕ بە مافی مرۆڤ دامەزراندبوو. لەباتی پرۆپاگاندا و پۆپۆلیزم سیاسەتی پێکەوە هەڵکردن و ڕێزلێنان لە ئەویتری کردۆتە بنەمای کار و چالاکیی سیاسی خۆی و ئەگەریش ئەو ئاکارە بکرێتە بنەمای کاری گشتیی لایەنەکان دەتوانین هیوامان ئەوە بێت که هاوپەیوەندی و یەکگرتووی پتەو دادەمەزرێ و ڕوونە چالاکیی بەرینیش لە ئاکامی ئەو هاوپەیوەندی و یەکگرتووییە دێتە دی.