مستەفا مەولوودی
(لە پەیماننامەکانی "سەعدئاباد" ڕا هەتا "بەغدا")
پەیماننامەی سەعدئاباد لە ژوئیەی ساڵی ١٩٣٧ی زایینی لە کۆشکی سەعدئابادی تاران لە نێوان چوار وڵات (ئێران، عێراق، ئەفغانستان و تورکیە)دا ئیمزا کرا. ئەو پەیماننامەیە کۆمەڵێک بەرنامە و ئامانجی هەبوو کە لە ١٠ ماددەدا گەڵاڵە کراوبون، و یەکێک لە ئامانجەکانی پێوەندی بە چارەنووسی کوردستان و خەڵکی کوردستانەوە هەبوو. ماددەی ٢ی پەیماننامەکە دەڵێ:
"دەوڵەتانی خاوەنشکۆ بەڕاشکاوی بەڵێن دەدەن پارێزبەندیی (مصونیت)، سنووری هاوبەشی یەکتر بن و بە تەواوی ڕێزی دەگرن". لە مادەی ٧یشدا هاتووە: "هەرکام لە دەوڵەتانی بەڵێندەر پێبەند دەبێ کە لە سنوورەکانی (سرحدات) خۆیەوە ڕێگری بكات لە دروستکردن یان چالاکیی دەستە و تاقمی چەکدار و پێکهێنانی هەر جۆرە هەیئەتێک یان ڕێکخراوێکی دیکە بۆ خراپکردنی ئەو دامەزراوانەی کە هەمانە، یان بەر بگرێت بە تێکدانی نەزم و ئەمنییەت لە هەر بەشێک لە خاکی بەڵێندەری دیکە (لەسەر سنوور یان جیا لە سنوور)یان بۆ ڕووخاندنی حکوومەتی لایەنی دیکە".
لە مادەی ٢دا ئەو دەوڵەتانە بەڵێن بە یەکتر دەدەن سنووری هاوبەشی یەکتر بەتەواوی بپارێزن. ئەوە بۆ بەشێک لە وڵاتان دەکرێ پاساوی یاسایی هەبێ و ڕەچاوکردنی ئەو مادەیەش کێشە بۆ دانیشتووانی سەر سنوور دروست نەکات، بەڵام لە نێوان سێ دەوڵەتی ئێران و عێراق و تورکیەدا بەتەواوی پێچەوانەیە، لەبەر ئەوەی سنووری ئەو سێ وڵاتە خاکی کوردستانە و دانیشتووانی سەر ئەم خاکە هەموویان لە ڕەگەزی کوردی ڕەسەنی ئەو هەرێمەن و بەپێی بەڵگەنامە و سەرچاوە مێژووییەکان ئەو پێکهاتەیە (کورد) لە سەدەی چواری پێش زایینەوە لەم دەڤەرە ژیاون و بوونیان هەیە.
ئەو خاڵە ئەگەر زۆریش شیتەڵ نەکرێ و شی نەکەینەوە، ئەگەر لەلایەک ڕەزامەندیی چەند دەوڵەتی لەسەرە، بەڵام کۆمەڵێک کێشەی مێژوویی، سیاسی، نەتەوەیی، کولتووری، فەرهەنگی، کۆمەڵایەتی و تەنانەت ئابووریشی بۆ خەڵکی ئەو سەرسنوورانە کە کوردن پێک هێناوە. لە شیکردنەوەی مادەی ٧ دا زۆرتر و وردتر دەچینە ناو بابەتەکە.
لە مادەی ٧ی پەیماننامەی سەعدئاباددا دەڵێ: "هەر کام لە دەوڵەتەکان پێشگیری دەکەن لە دروستکردنی هێزی چەکدار لەسەر سنوور کە هەموویان کوردن واتە بێجگە لە ئەفغانستان، (ئێران و تورکیە و عێراق). هەروەها پێشگیری دەکەن لە پێکهێنانی هەیئەت و ڕێکخراوی جەماوەری لەنێو خەڵکی سەر سنوورەکان کە کوردن و مێژوو دەری خستووە بۆ وەدەستهێنانی ماف و ئازادیی خۆیان بهردهوام لە تێکۆشان و خەبات و خۆڕێکخستندا بوون.
ئەو دەوڵەتانە جیا لەوەی کە بەڵێن بە یەکتر دەدەن پێشگیری بکەن لە دروستکردنی ڕێکخراو و دامەزراوە و هەیئەت، بەڵکوو بە خراپکار و تێکدەریشیان دەناسن. بە قەولی خۆیان بۆ پاراستنی ئەمنییەتی سنوور و هێزەکانی حکوومەتەکانیان هەموو ڕێکاڕێک دەگرنەبەر.
ئەگەر بەوردی لە نێوەرۆکی مادەی ٧ی پەیماننامەی سەعدئاباد ورد بینەوە، بۆمان دەردەکەوێ کە ئەو دەوڵەتانە سەرەڕای کێشە و جیاوازیی زۆریان لەگەڵ یەکتری، بەڵام بۆ سنووردارکردن و بەچۆکداهێنانی کورد و کپکردنی بزووتنەوەی ئەو گەلە تێکۆشەرە جیا لەوەی هەر کامەیان لە هەموو هێز و توانای خۆیان کەڵکیان وەرگرتوە، بەڵکوو بۆ پێشێلکردنی مافی نەتەوەیەک کە لەو ناوچەیەدا مێژووەکەی ئەگەر لە مێژووی تورک و فارس و عەرەب دێرینتر و کۆنتر نەبێ لانیکەم هاوتەریبە لەگەڵ ئەو نەتەوانە، هاوکاریی یەکتر دەکەن. ئەو پەیماننامەیە بەپێی میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان یاسایی نییە. تەنانەت ئەگەر دەوڵەتەکان بە فەرمیشی بناسن. بەندی ١ی ماددەی ١ی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێ: "هەموو نەتەوەیەک مافی ئۆتۆنۆمیی هەیە، لە ڕێگای ئەو مافەوە چارەنووسی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و گەشەی فەرهەنگیی خۆی ئازادانە دیاری دەکا".
بەپێی مادەی ٧ی پەیماننامەی سەعدئاباد لە سنووری سێ وڵات کە پێکهاتەکەی هەمووی کوردە و مێژووی بوونی لەو هەرێمە بۆ زۆرکۆن دەگەڕێتەوە کە بۆتە سنووری ئەو سێ وڵاتە، کۆمەڵێک کێشە و بەربەستی بۆ دروست دەکرێ بۆ ئەوەی خەڵکی ئەو سنوورە بەئاسانی نەتوانن تەنانەت هاتوچۆش بکهن.
لە مەنشووری "ئاتلانتیک"دا کە لە ئووتی ساڵی ١٩٤١ی زایینیدا بڵاو کراوەتەوە و لانیکەم بە پەسندی ١٠ وڵات گەیشتووە و هەروەها مەنشووری "ئاتلانتیک" کە لە ژانویەی ١٩٤٢ بە جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان کامڵ بووە، لە بەندی ٢دا ئاوا دەڵێ: "ئەوان خوازیاری ئەوەن ئاڵۆگۆڕی سنووریی وڵاتان بە ویستی سەربەستانە و دانپێدانانی خەڵکی بێ".
ئەگەر چاوێک بە مێژووی دیاریکردنی سنووری ئەو وڵاتانەدا بخشێنین کە کوردستانی تێدا دابەش کراوە، لە دوای شەڕی چالدێڕان لە ساڵی ١٥١٤دا و لە ڕێککەوتنی زەهاودا لەنێوان ئیمپراتووری سەفەوی و عوسمانی تا هەرەسهێنانی ئیمپراتووری عوسمانی و لە دوای شەڕی یەکەمی جیهانی و دروستبوونی دەوڵەتانی تورکیە، عێراق و سووریە کە کوردستان بۆ جاری دووهەم واتە لەنێوان سێ دەوڵەتی دیکەدا دابەش کراوە و کوردستان بۆتە چوار پارچە؛ بەبێ لەبەرچاو گرتنی مێژووی کوردستان و داخوازی و تێکۆشانی خەڵکی کوردستان، ئەو وڵاتە پان و بەرینەیان (کوردستان) دابەش کردووە؛ بێئەوەی بایەخیان بۆ ویستی خەڵکی کوردستان دانابێ. ئەوان بە زانیاریی تەواوەوە غەدرێکی مێژووییان لەو نەتەوە ڕەسەن و دێرینە یانی کورد کردووە. بەندی ٣ی مەنشووری ئاتلانتیک دەڵێ: "ئەوان بۆ دیاریکردنی جۆری حکوومەتیان، بۆ ویست و خواستی خەڵکی وڵاتە جۆراوجۆرەکان ڕێز دادەنێن. خوازیاری ئەوەن سەروەریی و سەربەخۆیی ئەو خەڵکانەی کە بە زۆر لێی بێبەش کراون بۆیان بگەڕێندرێتەوە."
بەداخەوە لە کوردستان لە بەختی کوردان تەواو بە پێچەوانەیە و نەک بە هیچ شێوەیەک خواست و ئیرادەی خەڵکی کوردستان لەبەرچاو نەگیراوە، بەڵکوو بەبێ لەبەرچاو گرتنی مافی ئەو نەتەوەیە هەڵسوکەوتی لەگەڵ کراوە و بەبێ خواستی خەڵکی کوردستان، خاکهكهی دابەش کراوە. تەنانەت بۆ ئەو دابەشکردنە چەندین سێناریۆ و پیلانی دەوڵەتی و نێودەوڵەتی بەدژی خەڵکی کوردستان و بە لەبەرچاوگرتنی ویستی دەوڵەتانی حاکم و بەرژەوەندیی زلهێزەکان داندراوە و زوڵم لە کورد کراوە.
ئەو سێناریۆیانە لە سنوورەکان لە پەیماننامەی زەهاو، و لە پەیماننامەی ئەرزەڕوومی ١ و ٢، و لە پەیماننامەی سایکس-پیکۆ و کۆنگرەی لۆزان و زۆر وردە ڕێککەوتن و پەیماننامەی وەک پەیماننامەی عێراق و تورکیە، پەیماننامەکانی سەعدئاباد، بەغدا و هی دیکە تا کۆتایی لە پەیماننامەی ئەلجەزایردا دەبیندرێ.
لە بەندی ٦ی مەنشووری ئاتلانتیکدا هاتووە: "ئەوان خوازیاری ئاشتین بۆ هەموو نەتەوەیەک لە جیهاندا. دەبێ هەلی ئەوەیان بۆ بڕەخسێ لەسەر زەویی خۆیان سەربەستانە و بەبێ ترس و دڵەڕاوکێ بژین". ئەوەش بەداخەوە بۆ کورد لە کوردستان بە هیچ شێوەیەک دابین نەکراوە، بەڵکوو بە شێوازی جۆراجۆر ڕێگە لە کوردان دەگرن بە ئازادی و سەربەستی لەسەر خاک و وڵاتی خۆیان بژین. لە بەڵگەنامەی پارێزگاری لە مافی کەمایەتییەکان لە بهڵگهنامه نێودهوڵهتییهكاندا بە شێوەی جۆراوجۆر باسی مافی کەمایەتی بە هەموو جۆرەکانیەوە کراوە. هەرچەند کورد لە کوردستان و لەنێو ئەو دەوڵەتانەی کە بەسەریاندا دابەش کراوە کەمایەتی نییە، بەڵکوو نەتەوەیەکی خاوەن مێژوو، ڕەسەنایەتی و ڕابردووی پڕ لە خەبات و قوربانییە، بەڵام تا ئێستاشی لەگەڵ بێ تەنانەت وەک کەمایەتییەکیش مافی نەپارێزراوە و وەک کەمایەتیی خاوەن ماف هەڵسوکەوتی لەگەڵ نەکراوە؛ بەڵکوو بەشێوەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بە هۆی دەسەڵاتی حاکمانی ناوچە، دەوڵەتان و زلهێزە بەرژەوەندیخوازەکان سەرەتاییترین مافی پێشێل دەکرێ.
هەروەک باس کرا پەیماننامەی سەعدئاباد یەکێک لە گرینگترین ئامانجەکانی هاوکاری کردنی ئەو سێ وڵاتەیە (ئێران-عێراق - تورکیە) بۆ سنووردارکردن و کۆنترۆڵکردنی کوردان لەسەر سنوورەکانی ئەو چوار وڵاتە (ئێران،عێراق، تورکیە، سووریە) کە کوردستانیان بهسهردا دابەش کراوە. سەرەڕای مەنشووری ئاتلانتیک و ئووسوولی چواردە بهندیی ویلسۆن و گەڵاڵەی پارێزگاری لە مافی کەمایەتییەکان لە حقووقی نێونەتەوەییدا، بەڵام ئەوانە بە ڕێککەوتن و پەیمان، مافی ڕەوای ئەو نەتەوە ڕەسەن و دێرینەیان بە شێوەی جۆراوجۆر پێشێل کردووە. لێرەدا پرسیارێکی جەوهەری دێتە ئاراوە، مادام پەیماننامەیەک ئیرادە و مافی نەتەوەیەک بەڕوونی و بەزۆری پێشێل بکات، دەکرێ وەک پەیماننامەیەکی چەند قۆڵیی ڕەوا بۆ پارێزگاری لە سنووری ئەو وڵاتانە دابنێین؟ من پێم وایە ئەو پەیماننامەیە و هەموو ئەو پەیماننامانەی لەو شێوەیەن، پەیماننامەی یاسایی و ڕەوا نین و ناتوانن کیشەکان چارەسەر بکەن. هەر وەک دەبینین لە ڕێککەوتنی زەهاو تا دەگاتە ڕێککەوتنی ئەلجەزایر لە ساڵی ١٩٧٥، هەموویان دژی بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان بوون هەربۆیە کورد هیچ کامیانی بە ڕەوا نەزانیون و ڕێزی لێ نەگرتوون. بەڵکوو ئەوەندەی دەرفەتی بۆ گونجابێ بەرهەڵستیان بۆتەوە. هەربۆیە بەو ماوە دوور و درێژە کە کورد پاکتاو کراوە، نە کورد دەستی لە خەبات و تێکۆشان هەڵگرتووە، نە سنوورەکانی ئەو وڵاتانەش بە بەستنی ئەو ڕێککەوتن و پەیماننامانە ئارامی و ئاسوودەییان بەخۆیانەوە دیتووە، نە کێشە و پرسی کورد چارەسەر کراوە و نە تەناهی ئەو وڵاتانەش هاتۆتە دی؛ هەربۆیە ئەو پەیماننامانە ناتوانن یاسایی و ڕەوا بن.
پەیماننامەی بەغدا (١٩٥٥)
ئەو پەیماننامەیە لە ٢٤ی فێورییەی ١٩٥٥ی زایینی لە نێوان وڵاتانی تورکیە و عێراق لەژێر ناوی (پەیماننامەی هاوکاریی دوو لایەنە) ئیمزا کراوە. پەیماننامەی بەغدا لە پێشەکییەک و ٨ مادە و ٢ شیکردنەوە پێکهاتووە.
لە دواییدا کۆمەڵە وڵاتێکی دیکەش بە پەیماننامەی بەغدا پەیوەست بوون. ئینگلیس لە ٣٠ی مارسی ١٩٥٥، پاکستان لە ٢٣ی سێپتامبری ١٩٥٥ و ئێران لە ١١ی ئۆکتۆبری ١٩٥٥ چوونە نێو ئەو پەیماننامەیەوە. هەرچەند پەیماننامەی بەغدا لە بناغەدا کاری دەوڵەتی ئەمریکا بووە، بەڵام ئەمریکا نەچۆتە نێو ئەو پەیماننامەیە، هەتا نەبێتە هۆی پێناخۆشبوونی یەکیەتیی سۆڤییەت و، وڵاتانی عەرەبی لە خۆی نەڕەنجێنێ.
پاش کودێتای ١٤ی ژوئیەی ١٩٥٨ هەر چەندە عەبدولکەریم قاسم ڕایگەیاندبوو دەوڵەتی عێراق بە هەموو پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان وەفادارە، بەڵام لە ٢٤ی ئووتی ١٩٥٩ڕەسمەن ڕایگەیاند کە لە پەیماننامەی بەغدا دەکشێتەوە و لە ٢٤ فێورییەی ١٩٦٠ بەڕەسمی لەو ڕێککەوتنە هاتۆتە دەرێ. هەر بۆیە ناوەندی ئەو پەیماننامەیە لە بەغداوە گوازراوەتەوە بۆ ئانکارا. لە مانگی ئووتی ١٩٥٩ ئەو پەیماننامەیە ناوەکەی بە (پەیماننامەی سیتۆ) گۆڕدراوە.
ئەو پەیماننامەیە لە سەردەمی شەڕی سارددا بە ئامانجی کار و بەربەرەکانی لەگەڵ یەکیەتیی سۆڤییەت و پێشگرتن لە نفووزی مارکسیزم پێکهاتوە. دەوڵەتانی ئێران، عێراق، تورکیە و پاکستان کە بە چاودێریی دەوڵەتی بریتانیا کاریان دەکرد، بەڵام دیسانیش لەسەر سنوور لە کۆنترۆڵی سنووری یەکتری خافڵ نەبوون. لەو پەیماننامەیەشدا هەر چەندی بۆیان کراوە، کورد و بزووتنەوەی کوردیان سنووردار کردوە.
شکڵ و سازماندانی پەیماننامەی بەغدا لە یەک شوڕای وەزیران و چەند کۆمیتەیەک پێکهاتوە، کە یەکێک لە کۆمیتە گرینگەکان کۆمیتەی نیزامی و کۆمیتەی کار بە دژی خراپکاران و دژی ئاژاوەگێڕی بووە کە سروشتییە مهبهستیان لەو خراپکار و ئاژاوەگێڕانەی سنوور کە باسیان لێ کراوە لە سنوورەکانی نێوان ئێران و عێراق و تورکیە، کورد و تێکۆشەرانی کوردن کە تێدەکۆشن بۆ مافەکانیان لەسەر خاکی کوردستان کە كهوتۆته سهر سنووری ئەو سێ وڵاتە و داگیرکەران ئەو خاکەیان لەنێو خۆیاندا دابەش کردووە. (درێژەی هەیە)