کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێز لای کێیە؟

19:30 - 4 گەلاوێژ 2723

ئاسۆ مینبەری

١٠ مانگ بە سەر شەهیدبوونی ژینا ئەمینی‌دا تێ‌دەپەڕێ.لە ماوەی ١٠ مانگی ڕابردوودا، بینەری کۆمەڵێک ڕووداوی جۆراوجۆر لە کۆمەڵگەی کوردستان و ئێران بووین. شەقامەکان دوابەدوای مەرگی ژینا، بوون بە گۆڕەپانی بەهێزی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان و ڕێژیمیش ناچار بوو بۆ مانەوەی خۆی پەنا بۆ هەر کردەوەیەک ببات. بۆیە لە ماوەی ئەم چەند مانگەدا بینیمان کە چۆن بە سەرکوت و دەسبەسەرکردن و سەپاندنی حوکمی زیندان و تەنانەت لەسێدارەدان و جێبەجێ‌کردنیشی، هەموو هەوڵی ئەوە بوو نەیەڵێ دۆخەکە تەشەنە بستێنێت، بەڵام ئەوەی سەرنجڕاکێش بوو، خۆڕاگری و پێداگریی خەڵک لەسەر مانەوە لە شەقام بوو، سەرەڕای هەموو دژوارییەکانی سەر ڕێگاشیان.

ڕێژیم هەوڵی دا بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە، گەشتی ئیرشاد بۆ ماوەیەک سڕ بکات، هەڵبەت ئەمە ئەو ڕاستییە ناشارێتەوە کە هێزەکانی ڕێژیم، لە جلوبەرگ و فۆرمی جیاوازدا سەرکوتی خەڵکیان ئەکرد، جا با گەشتی ئیرشاد نەبێ، خۆ سپای پاسداران و هێزەکانی ئیتلاعات و ناوەندە ئەمنییەتییەکانی تر هەر بەردەوام بوون. بەڵام ڕۆژی یەکشەممە، ٢٥ی پووشپەڕ، هەواڵدەریی مێهری سەر بە ڕێژیم لە ڕاپۆرتێکدا باسی لە گەڕانەوەی ماشینەکانی گەشتی ئیرشاد و پۆلیسی گەشتی ئیرشاد "بە ئامانجی ئەنجامدانی مەئمووریەتی خۆیان و ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ کەسانێک کە نۆرمە کۆمەڵایەتییەکانیان تێک داوە"، کرد. ئەم هەواڵە زۆر زوو تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانی تەنی و کاردانەوەی خەڵکی بەدواوە بوو. لە ڕاستیدا هەمووان دەزانین کە مەبەستی ڕێژیم لە هێنانەوەی ئەم هێزە، دروستکردنی ترس و دڵەڕاوکێیە، بەڵام لە پەنا ئەمەشدا هەندێ ڕاستیی دیکە هەیە کە نابێ لەبیرمان بچێت.

وردە وردە لە ساڵوەگەڕی شەهیدبوونی ژینا ئەمینی نزیک دەبینەوە. ڕێژیم لە ١٠ مانگی ڕابردوودا بەرەوڕووی قەیرانێکی زۆر گەورە بۆوە کە لە ئاکامی کردەوەیەکی هەر ئەم هێزەدا هاتە ئاراوە کە دیسان، خەریکە دێتەوە مەیدان و ئەرکی سەرکوتی پێ دەسپێردرێ، کەوایە ڕێژیم باش دەزانێ گەشتی ئێرشاد چ هێزیکی دڕندەیە و باشیش دەزانێ کە چۆن وەک هێزێکی ئاتەش بە ئێختیار کەڵکی لێ وەربگرێ و لە ئەگەری دووبارەبوونەوەی حاڵەتێکی وەک مەرگی ژینا ئەمینیدا، ئەوپەڕی هەڵوێستەکەی هەڵوەشاندنەوەی ئەم هێزە و یا وەکوو ئێستا، سڕکردنەوەی دووبارەی بۆ ماوەیەکی کورت بێ، بەڵام خاڵی بەرانبەری ئەم هێزە دڕندەیە، خەڵکن! خەڵکێک کە ١٠ مانگ پێش ئێستا لە بەرانبەر ئەم هێزەدا وەستانەوە و وایان کرد کە لانیکەم بۆ ماوەیەکی کاتیش بووبێ، لەلایەن ڕێژیمەوە بشاردرێتەوە!

زۆر کەس لەسەر ئەو باوەڕەن کە هێنانەوەی ئەم هێزە لەم کاتەدا، نیشاندەری ترسی ڕێژیم لە سەرهەڵدانی دووبارەی خەڵکە، ئەویش لە بەرەبەری ساڵوەگەڕی شەهیدبوونی ژینا ئەمینیدا، بەڵام هۆکاری دیکەشی هەیە.

لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا ئەوەی کە لە ڕێژیم پیشان درا، دەسەڵاتێکی داڕووخاوی بێهێز بوو، دەسەڵاتێک کە هیچ ڕەواییەکی نەماوە و لەلایەن هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگەوە کراوەتە ئامانج و ئاسۆیەکی ڕوونی بۆ بەدی ناکرێ. بۆیە ڕێژیم لەم کات و ساتەدا ـ بە عادەتی هەمیشەیی خۆی کە لە کاتی بێدەسەڵاتیدا ـ دەستی کردووەتەوە بە هەڕەشەکردن لە هێز و لایەنە سیاسییەکان. لە ڕاستیدا ڕێژیم دەیەوێ بەم شێوازە و بە قەولی خۆیان "ئێقتدار"ی خۆی نیشان بدات و بڵێ، سەرەڕای تێپەڕبوونی ١٠ مانگ لە خۆپیشاندانەکانتان، ئەوەتا هەر لەسەر پێم و منم کە بڕیار دەدەم کام ناوەندی ژێر دەسەڵاتم سەرکوتتان بکات.

گومان لەوەدا نییە کە ڕێژیم لە کاتە هەستیارەکاندا، دڕندەترین هێزەکانی خۆی دێنێتە گۆڕەپانەکەوە، بەڵام هەمیشە یەک ڕاستیی لەبیر کردووە، ئەویش هێزی خەڵک بووە. ڕاستە کە ڕێژیم کەرەستە و ئیمکاناتی زۆری بۆ سەرکوت پێیە و دەتوانێ تێچوویەکی زۆریشی بۆ بدات، بەڵام هیچکات نااتوانێ لە بەرانبەر ئیرادەی خەڵکدا بوەستێت، هەروا کە هیچ دەسەلاتێکی دیکتاتۆر تاکوو ئێستا نەیتوانیوە لە بەراانبەر ئیرداەی گشتیی خەڵکدا هێزی مانەوەی هەبێ. دروستکردنی ترس و دڵەڕاوکێ بە هێنانەوەی گەشتی ئیرشاد تەنیا بۆ ماوەیەکی کورت دەتوانێ یارمەەتیدەری ڕێژیم بێ، چونکە ئەوە خەڵکن هێزی سەرەکییان لەلایە و ئەوە ئەتوانن کە ئەتوانن ئاراستەی ڕووداوەکان بگۆڕن.

هەر لەم ڕۆژانەدا، بە بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، خەڵک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا خەریکن بە دەرکردنی ڕاگەیەندراو و بەیاننامە، یەکتر بۆ بەشداری لە ڕێوڕەسمی یەک ساڵەی شەهیدبوونی ژینا بانگهێشت دەکەن و دەڵێن: "دەگەڕێینەوە بۆ سەر شەقامەکان و درێژە بە خەبات دەدەین".

پرسی ڕەچاوکردنی حیجاب ئەگەر پێشتر تەنیا وەکوو نافەرمانییەکی مەدەنی چاوی لێ دەکرا و ژنان بەم نافەرمانییە تەنیا دەیانویست بەرانبەر بە پێشێلکرانی یەکێک لە سەرەتاییترین مافەکانی خۆیان ناڕەزایەتی دەرببڕن، ئێستا ئیدی ڕەچاونەکردنی حیجاب، تەنیا نافەرمانییەکی مەدەنییە نییە، پرسێکی سیاسیی گرینگی کۆمەڵگەی ئێران بەگشتییە و دەکرێ وەکوو چەکێکیش بەرانبەر بە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران چاوی لێ بکرێت. چەکێکی بەهێز کە تەواویەتی ڕێژیم و ئیدئۆلۆژییەکەی کردووەتە ئامانج و لە دەیان چەکی مۆدێڕنی شەڕکەر کاریگەرترە. گەشتی ئیرشاد و باقی ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم، ئەگەرچی پێیان وایە دەتوانن وەکوو ڕابردوو توندوتیژی بنوێنن و خەڵک تووشی ترس و دڵەڕاوکێ بکەن، بەڵام دەبێ باش بزانن، کە خەڵکی ئێستا، لە خەڵکی ١٠ مانگ پێش تووڕەترن، ئەگەر ١٠ مانگ پێش هەرکەس لە پێگەی خۆیەوە شەڕی لەگەڵ دەسەڵات و بیری چەقبەستووی دەکرد، ئێستا هەمووان بە دەم ئازارەکانی یەکترەوە، دەستی هاوڕێیەتی و هاوخەمی و هاوهەنگاوبوونیان بە یەک داوە و پێکەوە بوونەتە هێزیكی قایم کە بە هیچ دەسەڵاتێک لە بن نایەت و بێگومان سەرکەوتن هەر بۆ ئەوانە.