لە ماوەی ٢٥ ڕۆژی ڕابردوودا ١٠٠٠ هێکتار لە دارستان و لەوەڕگەکانی مەریوان لە ئاگردا سووتێنراون.
لە ماوەی ٢٥ ڕۆژی ڕابردوودا ١٠٠٠ هیکتار لە دارستان و لەوەڕگەکانی مەریوان لە ئاگردا سووتێنراون کە ٤٠٠ هێکتاری لە ماوەی ٣ ڕۆژدا (٢٩ی پووشپەڕ هەتا ١ی گەلاوێژ)، لە ئاگردا سووتێنراون. چالاکانی ژینگەیی لەسەر ئەم باوەڕەن کە سپای پاسداران دەستی لەم ئاگرانەدا هەیە.
لەم بارەوە سەرچاوەیەکی ئاگادار بە "کوردپا"ی ڕاگەیاندووە: "ئاگرە گەورەکەی دارستانەکانی مەریوان ڕێکەوتی ٢٩ی پووشپەڕ لە پێنج ناوچەی جیاوازی مەریوانەوە دەستی پێ کرد کە سپای پاسداران ڕاستەوخۆ دەستی تێدا هەبووە و کۆنترۆڵکردنی ئەم ئاگرانە لەلایەن چالاکانی ژینگییەوە سێ ڕۆژی خایاند."
لە ئاگرەکەی ڕۆژی ٢٩ی پووشپەڕ هەتا ١ی گەلاوێژ، پێنج ناوچەی مەریوان بە ناوەکانی "پشت مریوان (پارک شنە)، هەردی خەڵیفە پشت سێف ژووروو، هەردی کانی میران، هەردی نێ و هەردی کانی پەڵک لە چاوگ" لە ئاگردا سووتێنران.
"کوردپا" لە زاری سەرچاوە ئاگادارەکەیەوە ڕایگەیاندووە: "چالاکانی ژینگەیی مەریوان لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا چوار جار ئاگرەکانیان کۆنترۆڵ کردووە، بەڵام بە چاوی خۆیان بینیبوویان کە هێزە ماتۆڕسوارەکان دیسانەوە ئاگریان بەر دەدایە دارستانەکان. هۆکاری سەرەکیی ئەو تاوانانە دژی ژینگەی کوردستان، سپای پاسداران و دەستوپێوەندییەکانییەتی."
شایانی باسە کە لە ماوەکانی ڕابردوودا و لە ڕەوتی کوژاندنەوەی ئاگرەکانی دارستانەکانی مەریوان، نزیکەی ١٠ ژینگەپارێز بریندار بوون.