چوار ئەندامی بنەماڵەیەک لە ڕووداوێکی هاتوچۆدا لە ڕێگەی نێوان مەهاباد- بۆکان، گیانیان لەدەست دا.
ڕۆژی چوارشەممە ٤ی گەلاوێژ، لە ڕێگەی بورهانی نێوان شارەکانی مەهاباد- بۆکان، دوو ماشینی جۆری پراید و پێژۆ پارس لە نزیک گوندی قەرەبڵاخ تووشی ڕووداو بوون و بەو هۆیەوە چوار ئەندامی بنەماڵەیەک کە لەنێو پرایدەکەدا بوون، گیانیان لەدەست دا.
لەمبارەوە کەماڵ ئاهمەند، بەرپرسی فریاکەوتنی خێرای مهاباد ڕایگەیاند: "پرایدەکە چوار کەسی تێدا بووە کە ئەندامی خێزانێکن. سێ کەسیان گیانیان لەدەست داوە و یەکێکیان کە منداڵ بووە بە برینداری گەیەندراوەتە نەخۆشخانەی مەهاباد."
شایانی باسە کە منداڵەکەش بەهۆی قورسیی برینەکەیەوە گیانی لەدەست داوە.
هەروەها تەنیا لە مانگی ڕابردوودا لە پارێزگای ورمێ، ٦٢ کەس بە ڕووداوی هاتوچۆ گیانیان لەدەست داوە.
پێشتریش "جەحفەر میعادفەر"، سەرۆکی ڕێکخراوی ئوڕژانسی ئێران باسی لەوە کردبوو کە ساڵانە ١٨ هەزار کەس بەهۆی ڕووداوی هاتوچۆ لە ئێران گیانیان لەدەست دەدەن کە زۆربەیان تەمەنیان لەنێوان ١٤ هەتا ١٥ ساڵدایە. هەروەها ڕێژەی زیانە مادییەکانی ڕووداوەکانی هاتوچۆ، ساڵانە نزیکەی ١٤ میلیارد دۆلار بەراورد کراوە.
وێڕای ناستانداردبوونی ڕێگاوبانەکان، کوالێتیی خواری ماشینە دروستکراوەکانی ئێران، بە یەکێک لە گرینگترین هۆکارەکانی ڕووداوی هاتوچۆ لە ئێران و کوردستان دێنە ئەژمار.