کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاپۆرتی نوێی ڕێکخراوی لیبووردنی نێونەتەوەیی لەسەر سەرکوتی ژنان لە ئێران لەلایەن ڕێژیمەوە

11:18 - 5 گەلاوێژ 2723

ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی لە ڕاپۆرتێکی ٩ لاپەڕەییدا سەرکوتی ژنان لە ئێرانی بەهۆی ملنەدان بۆ حیجابی زۆرەملێ مەحکووم کرد و داوای هەنگاوی جیددیی لە وڵات و ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان بە دژی ڕێژیمی ئێران دەکات.

بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی، لە ماوەی دوو مانگی کۆتایی بەهار تا ٢٤ی جۆزەردانی ساڵی ١٤٠٢ی هەتاوی، پۆلیسی ئێران نزیکەی یەک میلیۆن کورتەنامەی هەڕەشەئامێزی بۆ ژنان لە ئێران هەناردووە.

هەروەها زیاتر لە ١٣٣ هەزار فەرمانی دەسبەسەرداگرتنی ماشینی بۆ ماوەیەکی دیاریکراو دەرکردووە و دەستی بەسەر دوو هەزار ماشیندا گرتووە و زیاتر لە چوار هەزار کەسی بە دەزگای قەزایی ڕێژیم ناساندووە.

لەلایەکی ترەوە ١٠٨ هەزار و ٢١١ ڕاپۆرتیان لەبارەی جێبەجێنەکردنی یاسای زۆرەملێی حیجاب لە کارە جیاوازەکاندا پێگەیشتووە و ٣٠٠ کەسیان دەستنیشان‌ کردووە و ڕەوانەی دادگایان کردووە.

هەروەها، بەشێکی زۆر لە ژنان لە زانکۆکان دەرکراون، دەستپێڕاگەیشتنیان بە خزمەتگوزارییەکانی بانکی و گواستنەوەی گشتی ڕەت کراوەتەوە و سەدان شوێنی بازرگانیش داخراون.

لە درێژەی ڕاپۆرتەکەی ئەو ڕێکخراوەدا هاتووە کە لە ڕۆژی ٢٥ی پووشپەڕدا وتەبێژی پۆلیسی ڕێژیم  گەڕانەوەی گەشتی ئیرشادی بۆ جێبەجێکردنی حیجابی زۆرەملێ ڕاگەیاند و هەڕەشەی گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی لە دژی ئەو ژن و کچانە کرد کە بەبێ باڵاپۆش یان سەرپۆشی تەواو ئیسلامی لە شوێنە گشتییەکاندا دەبیندرێن.

لە کۆتاییدا ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی داوای گرتنەبەری هەنگاوی جیدیی بۆ ملکەچکردنی ڕێژیمی ئێران بە یاسا نێونەتەوەییەکان دەکات و داوا دەکات وڵاتەکان و ڕێکخراوە جیهانییەکانی داکۆکیکار لە مافی مرۆڤ و بە تایبەت مافی ژنان، تەنیا بە دەرکردنی بەیاننامە و مەحکوومکردن نەوەستن و ڕێکاری یاسایی و پێویست بۆ بەگژداچوونەوەی ئەو ڕێژیمە بگرنەبەر.