ئاویەر
کۆماری ئیسلامی حکوومەتێکی ئایدۆلۆژێکی توتالیتێرە کە لەسەر بنەمای ئیسلامی سیاسیی توندئاژۆ دامەزراوە، ئایدۆلۆژیکبوونی وەها حکوومەتێک پێش لە هەر ڕێفۆرم و چاکسازیەک دەگرێ، تەنیا چەند ساڵ پاش سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ٥٧ خەڵکی ئێران ئەو کەتوارەیان بۆ ڕوون بۆوە کە ڕێبەرانی ئەو شۆڕشە نە تەنیا درۆیان دەگەڵ خەڵک کردووە و بەڵکوو دەگەڵ حکوومەتی پێشوو هیچ چەشنە جیاوازییەکی ئەوتۆیان نییە و بە واتایەکی دی ئاوێنەی یەکترن و کلۆنیالیزم و دیکتاتۆڕی و دژبوون لەگەڵ ئازادی لەوەشیان دا وەکوو دەسەڵاتی پێشوو دووپات بۆتەوە.
هەر ئەو بابەتە وای کرد خەڵک بیر لە ڕێفۆرم و چاکسازی لە ناو ئەو دەسەڵاتەدا بکاتەوە، هیوایەک کە هەتا خەزەڵوەڕی ٩٨ درێژەی کێشا، بەڵام لە خەزەڵوەری ٩٨ بەولاوە خەڵک بەو ئاکامە گەیشتن کە ڕێفۆرم و چاکسازی لە چوارچێوە و قاڵبی کۆماری ئیسلامیدا نە تەنیا مومکین نییە، بەڵکوو ئەمرێکی مەحاڵە و ئەو بە ناو ڕێفۆڕمخوازانەی لە هەڵبژادنەکاندا بەشدارییان دەکرد، فرت و فێڵی مەلاکانی تاران بووە بۆ ڕاکێشانی خەڵک بۆ سەر سندووقی دەنگدان، ئەویش بۆ ئەوەی ئەو پەیامە بە دنیای دەرەوە بدەن کە بەشداریی خەڵک لە بەناو هەڵبژاردنەکاندا به مانای ڕەزایەتی خەڵک لە کۆماری ئیسلامییە، لە خەزەڵوەری ٩٨دا کە بە هۆی گرانیی بەنزین خەڵک ڕژانە سەر شەقامەکان بۆ ناڕەزایەتیدەربڕین، هەر وەک دیتمان ڕێژیم بە دڕندانەترین شێوە ئەو ناڕەزایەتییانەی سەرکوت کرد و شەقامەکانی بە خوێنی هەزاران لاوی ئەو وڵاتە سوور کرد و گیانی لێ ئەستاندن، ناکارامەیی و فەشەل پێهاتنی دەوڵەت لەلایەک و لەلایەکی تر دەست شووشتنەوەی خەڵک لە ڕێفۆرم و هەر چەشنە چاکسازییەک، خەڵکی هێنایە سەر ئەو قەناعەتە کە کۆماری ئیسلامی نەک زەرفیەتی هیچ گۆڕانێکی تێدا نییە، بەڵکوو ڕۆژ لە دوای ڕۆژ توندئاژۆتر و درندەتر دەبێ، لە پاش خەزەڵوەری ٩٨ کەلێنی نێوان خەڵک و ڕێژیم گەیشە ئەوپەڕی خۆی و ئەگەر پێشتر تۆزه شەرعییەتێکی لە بەناو هەڵبژاردنەکان بۆ ڕەوایی خۆی مسۆگەر دەکرد، لە پاش ئەو جینایەتانەی کە کردی، شەرعییەت و ڕەوایی کۆماری ئیسلامی به تەواوەتی لەناو چوو؛ کۆماری ئیسلامیش پاش خەزەڵوەری ٩٨ چیدیکە بیری لە ڕاکێشانی خەڵک بۆ سەر سەندووقی دەنگدان نەدەکردەوه و وەکوو حکوومەتێکی نیزامی و دەسەڵاتێکی ناڕەوا کە بە زۆری سەرکوت و داپڵۆسین لەسەر کارە، درێژەی به دەسەڵاتەکەی دا، ئێستا کۆماری ئیسلامی حکومەتێکی ناڕەوایە کە هیچ شەرعییەتێکی لەناو کۆمەڵانی خەڵکی ئێران نەماوە و بە زەبری چەک و سەرکوت و داپڵۆسین و گیران و سێدارە درێژە بەو دەسەڵاتە ناڕەوایەی خۆی دەدات.
نزیک بە دە مانگ لەمەوبەر کچە کوردێک لە تاران لەلایەن گەشتی ئێرشادەوە دەسبەر دەکرێ و لەژێر لێدان و ئەشکەنجەدا گیانی لێ دەسێندرێ، کوشتی ژینا وەکوو کچە کوردێک کە تەنیا بۆ سەردان چووبووە تاران جێی شک و گومانە، چون بهپێی یاساوڕێساکانی کۆماری ئیسلامی کە بۆ باڵاپۆشیی زۆرەملێ هەیەتی ژینا ئەو یاساوڕێسایانەشی ڕەچاو کردبوو، ئەوە ئەو گومانە قایمتر دەکا کە هۆی کوشتنی ژینا پەیوەندیی بە کوردبوونیەوە هەبووبێ و ئەوان کوردبوونی ژینایان وەکوو دەرفتێک چاو لێ کردبێ بۆ چاوترسێن کردن و تۆقاندن و خۆف خستنە ناو کچانی تارانەوە، کە ئەگەر ملکەچی ویست و داخۆازییەکانی حکوومەت بۆ باڵاپۆشیی زۆرەملێ نەبن ئەوە سەرەنجام و ئاکامی هەمووتان!
بەڵام ئەوەی حکوومەت بیری لێ نەکردبۆوە ئەوە بوو کە کاردانەوەی کوردستان دەگەڵ ناوەند جیاوازە و هەتا ئەمڕۆکە نەیتوانیوە ئەو نەتەوەیە تەسلیمی ویست و داخوازییەکانی خۆی بکات، هەر ئەوە بوو پاش گەڕانەوەی تەرمی ژینا بۆ سەقز لە یەکەم ساتەکانی پاش ئەسپەردەکردنی بە خاک، پرووسکەی شۆڕشێک بە ناوی ژن، ژیان، ئازادی لە سەقز هەڵدایسێ و زوو تەشەنە دەکاتە هەموو شارەکانی کوردستان و ئێران بهگشتی .
هەر چەند ئەو شۆڕشە ئێستا تووشی مەندی و ڕاوەستان هاتووە، گرینگترین هۆشی دەگەڕێتەوە بۆ ناتەبایی و پڕشوبڵاویی دژبەران و ئۆپۆزیسیۆن بەڵام بەو مانایە نییە بۆ هەمیشە بەم شێوازە دەمێنێتەوە، ئەو شۆڕشە وەکوو ژیلەمۆیەک وایە و هەر ساتێک ئەگەری ئەوە هەیە ئەو ژیلەمۆیە بگەشێتەوە و ببێتە ئاگرێک کە زۆر لە جاری پێشوو بەهێزتر و بەتینتر و دووبارە خەڵک شەقامەکان بخەنە ژێر پێ و ڕکێفی خۆیانەوە، شۆڕشێک کە کۆماری ئیسلامیی هەتا لێواری هەڵدێر برد و بە ئەگەری زۆر لە داهاتوودا لەو لێوارە فڕێی دەداتە خوارێ و وەکوو تووی هەرزن لەبەر یەکی بڵاو دەکا و کۆتایی بە تەمەنی نگریسی ئەو حکوومەتە کلۆنیالیستە دێنێ، بەڵام ئەوەی لەم ڕۆژانە جێی سرنج و پرسیارە گەڕانەوەی گەشتی ئیرشاد بۆ شەقامەکانە، لە حاڵێکدا کە ژینا بە دەستی ئەو گەشتەوە گیانی لێ ئەسێندرا و ڕق و تووڕەیی خەڵک بە نیسبەت ئەو گەشتە لەوپەڕی خۆیدایە و کۆماری ئیسلامی چ لە ناوخۆ و چ لە دەرەوە بە سەدان دەردەوە دەناڵێنێ و حکوومەت گەیشتۆتە لێواری هەڵدێر و نەمان بە چ مەبەستێک گەشتی ئێرشادی ڕەوانەی شەقامەکان کردووە و هەتا بۆ جارێکی دی وەکوو سەگی هار بەریان داتە گیان کچان و ژنانی ئەو وڵاتە و حازر نییە بە هیچ مەرجێک پاشەکشە لە باڵاپۆشی زۆرەملێ بکا؟ هەندێک لە شرۆڤەکاران پێیان وابوو له پاش شۆڕشی ژینا، گەشتی ئێرشاد بۆ هەمیشە کۆ دەکرێتەوە، حکوومەت لە بابەت باڵاپۆشییەوە پاشەکشە دەکا و لانیکەم لەم بوارەوە نەرمی دەنوێنێ، بەڵام ئەوەی لێی تێنەگەیشتبوون چییەتیی کۆماری ئیسلامییە؛ هەر وەکوو لە سەرەوە باسمان کرد، کۆماری ئیسلامی حکوومەتێکی ئایدۆلۆژیکە، نەگۆڕانیش زاتی حکوومەتەکانی ئایدۆلۆژیک و توتالیتێرە، ڕەنگە لە هەندێک بڕگە و قۆناغدا بە شێوەی تاکتیکی نەرمی بنوێنێ بەڵام دەگەڵ ئاسایی و ئارام بوونەوەی دۆخەکە و تێپەڕین لە قەیران و تەنگوچەڵەمە، ڕێچکەی جاران دەگرێتەوە بەر، هەر بۆیە دەبینین ئێستا پتر لە پێش شۆڕشی ژینا باڵاپۆشیی ژنانی خستۆتە ژێر چاوەدێرییەوە و تەنانەت بە کامێراش کۆنتڕۆڵیان دەکا، ئایدۆلۆژیکبوون و نادێمۆکراتیکبوونی کۆماری ئیسلامی پێش لە هەر چەشنە ڕێفۆڕمێک دەگرێ و هیوا بەستن بە چاکسازی لەو وەها حکوومەتێکدا دا تراویلکەیە.
ئەگەر ئاڵقەی حکوومەت بە نیسبەت سەرەتاکانی شۆڕش چاو لێ بکەین دەبینین ساڵ لە دوای ساڵ ئەم ئاڵقەیە بچووکتر دەبێتەوە و لایەنگرانی حکوومەت ڕۆژ دوای ڕۆژ کەم دەبێتەوە، تەنانەت حکوومەت زۆر لە لاینگرانی وشکەرۆ و دەمارگرژی خۆی لەدەست داوە، به پێچەوانەش ئاڵقەی میللەت ڕۆژ دوای ڕۆژ گەورەتر و یەکگرتووتر و قایمتر دەبێ، ئەگەر لەم ئاڵقە بچووکەی حکوومەت بەکرێگیراوانێک کە بۆ پارە ملکەچ بوون لێی دەرهاوێین، دەبینین ڕێژەی ئەو کەسانەی وەکوو تاک، لایەنگری لە حکوومەت دەکەن ڕێژەیان ئێکجار کەمە، ئەو کەمینەیە کەسانێکی توندئاژۆ و دەمارگرژن کە جودا لە پاره، باوەڕی قووڵیان بەو حکوومەتە هەیە، لێرەدایە کۆماری ئیسلامی بۆ ئەوەی دڵی ئەوانە ڕاگرێ و لەدەستیان نەدا و لە ئاڵقەکەدا بیانهێڵێتەوە، بە هیچ شێوازێک ئیزن نادا باڵاپۆشی ببێتە ئیختیاری، ئەمانە تاقمێکن هەتا ئێستا پشتی حکوومەتیان گرتووە و حکوومەت لە ڕۆژە سەختەکان کەڵکیان لێ وەردەگرێ و وەکوو سەگی هار بەریان دەداتە گیانی خەڵک، حکوومەت باش دەزانێ ئازادکردنی باڵاپۆشی ئەو تاقمه لە ئاڵقەکەدا دەباتە دەرێ و ئەم ئاڵقەیە لەمەی کە هەیە بچووکتریش دەبێتەوە. ڕازی ڕاگرتنی ئەو تاقمە بەشێکە لە هۆی باڵاپۆشیی زۆرەملێ، گەڕانەوەی گەشتی ئێرشاد بۆ شەقامەکان ئەو ڕاستییە دەخاتە ڕوو کە کۆماری ئیسلامی نە تەنیا توانای ڕێفۆرمی لە خۆیدا نییە، بەڵکوو ڕۆژ لە دوای ڕۆژ توندئاژۆتر و دڕندەتر لە جاران هەڵسوکەت دەکا، هەر بۆیە تەنیا ڕێگا بۆ گەیشتن بە ئازادی و ڕزگار بوون لەم حکوومەتە نگریسە، ڕووخان و تێپەرین لەم حکوومەتە دیکتاتۆر و توتالیتێرەیە بۆ حکومەتێکی دێموکرات کە نە تەنیا مافی ژنان بەڵکوو هەموو مافەکانی مرۆڤ ڕەچاو بکا.