کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەم دەرد و هەم دەرمان

01:12 - 7 گەلاوێژ 2723

عەلی بداغی

دوکتور قاسملوو لەبارەی ڕەخنەگرتن لە خۆ، یان ڕەخنە لە ڕابردووی تێکۆشان و هەڵوێستەکان لە هەر حیزبێکی سیاسیدا ڕاشکاوانە دەڵێ: "ڕادەی شۆڕشگێربوونی هەموو حیزبێکی سیاسی لەوەڕا دەردەکەوێ کە چۆن سەیری ڕابردووی خۆی و بەتایبەت هەڵەکانی خۆی دەکات. حیزبی شۆڕشگێڕ نابێ لەوە بترسێ کە گوایا بە باسی هەڵەی ڕابردوو دوژمنی شاد دەبێ، یان لە ئێعتباری حیزبەکە کەم دەبێتەوە. بەپێچەوانە، پێ‌لێنان و ڕاستکردنەوەی هەڵەو چەوتییەکانی ڕابردوو، ناوبانگی حیزب لە نێو کۆمەڵانی خەڵکدا دەباتە سەرێ و جیددیبوون و بەرپرسبوونی حیزبەکە نیشان دەدا." بەو پێشەکییە دەچینە نێو باسی "ئۆپۆزیسیۆن" و پێگەوجێگەی لە خەبات بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی و ئەو ڕەخنە بەجێیانەی پێویستە لە ئۆپۆزیسیۆنی سەرانسەریی وڵات بگیردرێت و لەژێر تیشکی ئەو بۆچوونەدا ئەو خوێندنەوە نوێیەی حیزب و لایەنە سیاسییەکان پێویستە لە کردەوە و هەڵوێست و ڕابردووی خۆیان و تواناکانی ئێستایان بیکەن.

لەوەدا کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ماوەی چل‌وپێنج ساڵ دەسەڵاتدارەتیی خۆیدا نەیتوانیوە مۆدێلێکی سەرکەوتوو لە نیزامی سیاسی و بەڕێوەبەری پێشکێش بکات، لەوەدا کە ئەم ڕێژیمە نوقمی قەیرانە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانە، لەوەدا کە کۆماری ئیسلامی لە هاوکێشە نێودەوڵەتییەکاندا بە نیزامێکی سیاسیی قەیرانخوڵقێن و دژ بە بەها و بایەخە جیهانگیرەکان دەناسرێ و، لە هەموو گرینگتر لەوەدا کە کەمترین شەرعییەتی خەڵکیی لە نێوخۆی وڵاتدا هەیە؛ هیچ کەس و لایەنێک هیچ شک و گومانێکی نییە. ئەدی بۆچی سەرەڕای ئەو دۆخە ڕێژیم هێشتا لەسەر پێیە و نەڕووخاوە؟ باوترین وەڵامەکان هەمیشە ئەوە بووە: ڕێژیم بە هۆی ئەوەی هەموو ئابووری و سامانی گشتیی وڵاتی پاوان کردووە، دەزگا ئەمنییەتی و نیزامییەکانی خۆی بە پێشکەوتووترین تێکنۆلۆژیی سەرکوت تەیار کردووە و، هەروەها دەزگای سەرکوتی ڕێژیم بێ هیچ سڵکردنێک لە کوشتار و جینایەتدا هەیمەنەی دەسەڵاتیان پاراستووە. لە تەنیشت ئەوەشدا لاوازیی ئۆپۆزیسیۆن بووەتە هۆی ئەوەی قۆناغەکانی تێپەڕین لە ڕێژیم هەتا ئێستا دواکەوتبێ. ئەوەی لێرەدا جێی باسی ئێمەیە، ئەوەیە ئۆپۆزیسیۆن بۆچی لەو دۆخەدایە و چارەسەر و ڕێگاکانی دەربازبوون لێی کامانەن؟

ئەزموونی نیزیک بە ساڵێک شۆڕشی ژینا و ناکارامەیی ئۆپۆزیسیۆن لە خاوەندارەتیی لە شۆڕش و وێژمانەکەی و بوونی بە ئاڵیترناتیڤی کۆماری ئیسلامی پێمان دەڵێ کە خاڵی بەهێزی کۆماری ئیسلامی نەبوونی ئۆپۆزیسیۆن نییە، بەڵکوو ڕاست بوونی ئەو ئۆپۆزیسیۆنەی ئێستایەتی کە لە قەیراناویترین دۆخی دەسەڵاتدارەتیی ڕێژیمدا نەیتوانیوە نوێنەرایەتیی ویست و ئیرادەی گۆڕانخوازانەی خەڵکی ئێران بکات. کارنامەی ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی لە ١٠ مانگی ڕابردوودا دەریخست کە سەرەڕای خۆڕاگری و خوێندانی بەردەوامی خەڵک لە نێوخۆی وڵات، بەڵام ئۆپۆزیسیۆن بەهۆی لاوازیی خۆی نەک هەر نەیتوانی ڕێوشوێنی پێویست و کاریگەر بۆ داکۆکی لە ناڕەزایەتییەکان بگرێتە بەر؛ بەڵکوو بەهۆی دەرکەوتنی ناکۆکییە بنەڕەتییەکانی لایەنەکانی دژبەری ڕێژیم و بێتوانایی لە چارەسەرکردنیان و کۆبوونەوەیان لەسەر پلاتفۆڕمێکی گشتگیر، بزووتنەوەی خەڵک لە نێوخۆی وڵاتیشیان تووشی ڕاوەستانی کاتی کرد.

خاڵی لاواز لەنێو دڵی ئەو ناکۆکییانەی ئۆپۆزیسیۆنی سەرانسەری ڕێژیم ئەوەیە، بەشە سەرەکی و شوێندانەرەکانی ئەم ئۆپۆزیسیۆنە لەبری ئەوەی بیر لە ڕێکخستنی خەباتی خەڵک و کۆکردنەوەی هێزەکان لەسەر تەوەرگەلی وەک ئازادی و دێموکراسی و مافی‌ بەرابەر و وەک‌یەک بۆ هەمووان بکەنەوە؛ بیریان لەسەر چەندوچۆنیی پاوانی دەسەڵاتی خۆیان لە دوای کۆماری ئیسلامی بووە. ئەو تەسک‌بینی، چەقبەستوویی و بەرژەوەندخوازییەش هەتا ئێستا نسکۆی شۆڕش لە نێوخۆ و هەڵکشانی تێچووی خەبات بۆ خەڵکی لێ کەوتووەتەوە.

هەروەها یەک لە هۆکارە سەرەکییەکانی زەبروزەنگی ڕێژیم و سەرکوتی خوێناویی خەڵکی بۆ دڵنیایی ڕێژیم لە نەبوونی ئۆپۆزیسیۆنێکی بەهێز و شوێندانەر دەگەڕێتەوە کە بتوانێ سەنگەرەکانی بەرگریی مەدەنی و کۆڵایەتیی خەڵک و وزەی خەباتگێڕیی ئەوان ڕێک‌بخات. هەر لە نەبوونی ئەو ئۆپۆزیسیۆنە بەهێزە وەک فاکتەرێکی دیاریکەریشدا، ڕێژیم لە ئاستی نێودەوڵەتییشدا نەک هیچ پاشەکشەیەک لە بەرژەوەندیی خەڵک لە نێوخۆی وڵاتدا ناکات؛ بەڵکوو بە سازان لەسەر بەرژەوەندیی وڵاتان و ئاساییکردنەوەی پێوەندییەکانی لەگەڵیان بوار بۆ سەقامگیریی زیاتری خۆی و سەرکوتی هەراوتری ناڕەزایەتییەکان لە نێوخۆ خۆش دەکات. بەمجۆرە هەم تێچووی دژایەتی و ناڕەزایەتی‌دەربڕین بۆ خەڵک دەباتە سەرێ و هەم ئەو پەیامەش بە کۆمەڵگەی جیهانی دەدات کە ئاڵترناتیڤێک بۆ ئەو بوونی نییە و وڵاتان لەبەر بەرژەوەندییەکانی خۆشیان بووبێت باشتر وایە لەگەڵی بڕۆن بە ڕێدا.

لە کاتێکدا نەبوونی ئاڵترناتیڤێکی گشتیگیر، سێکۆلار و دێموکرات لە تەنیشت سەرکوتی بێبەزییانەی خەڵک لە نێوخۆی وڵات، بووەتە هۆی خاوبوونەوەی ڕەوتی خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەکان لە سەرشەقام و کۆمەڵگەی مەدەنییشی تا ڕادەیەک تووشی پەسیڤی کردووە، ئەوە تەنیا یەکیەتیی هێزە سیاسییەکان و دەرکەوتنی ئاڵترناتیڤی ڕێژیمە کە هیوا و هۆمێد و هێز و ورە دەداتەوە بە خەڵک. چونکی مەحاڵە نیزامێکی سەرکوتگەر و ڕێژیمێکی توتالیتێری وەک کۆماری ئیسلامی لە پڕۆسەیەکی دێموکراتیکدا بەچۆک دابێت و دێموکراسی و ئازادی بۆ هەموو پێکهاتەکان لەجێی ئەو چێ ببێت، مەگەر ئەوەی سەرەتا یەکگری و هاوپێوەندییەک لە نێوان لایەنە سیاسییە جۆراوجۆر و شوێندارەکانی وڵات دروست بووبێت و لە ئاکامی ئەو یەکیەتییەدا خەبات و خوێنی خەڵک ئاراستەی ڕاستەقینە و یەکلاکەرەوەی خۆی وەرگرتبێت.

بە سەرنجدان بە ڕەوتی رووداوەکانی ئەم دواییانە بەشێک لە ڕێکارەکانی بەهێزبوونی ئۆپۆزیسیۆن بۆ تێپەڕین لەو قۆناغە، بریتین لە:

- ئەزموونی مەنشووری جۆرج‌تاون دەریخست پڵاتفۆڕمێک کە ڕەنگدانەوەی ڕاستییەکانی کۆمەڵگە و خویابوونی ویست و داخوازە سەرەکییەکانی هەموو پێکهاتە جۆراوجۆرەکانی وڵات نەبێت، جێکەوتن و سەرکەوتنی مەحاڵە. هەروەها ناکرێ هیچ گرووپ و لایەنێک بەتەنیا خۆی بە ئالترناتیڤی کۆماری ئیسلامی دابنێت و هیچ لایەن و هێزێکیش بەتەنیا ئەم ڕێژیمەی پێ ناڕووخێت. لەگەڵ ئەوەشدا هەموو هێز و لایەنە سیاسییەکان پێویستە بە خۆیاندا بچنەوە و بە ڕەخنەگرتن لە خۆیان لە چەقبەستوویی ئیدئۆلۆژیک و مەزنیخوازیی لەخۆڕا دوور کەونەوە. ئەوانە وانەیەکی گرینگن بۆ ئۆپۆزیسیۆن کە دەبێ ڕەچاویان بکات.

- یەکێکی دیکە لە خەسارەکانی ئەم دۆخە یەکترنەناسین، متمانەنەکردن و نەبوونی هاوکاری لە نێوان ئۆپۆزیسیۆنی سیاسیی دەرەوەی وڵات لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی نێوخۆی وڵاتە. هەر ئەو پێکەوەکارنەکردن و بێ‌متمانەیە وای کردووە تێگەیشتنێکی دروست و واقعبینانە لەسەر چەندی‌وچۆنیی چەمکەکان، فەلسەفەی سیاسی و مافی جۆراوجۆرییەکان و بەرنامە و شێوەکانی خەبات و بەرەنگارەی لە نێوخۆی وڵاتدا پێک نەهاتبێت. هەڵبەستنی پردی پێوەندی و پڕکردنەوەی کەلێن و مەوداکان یەکێکی دیکە لە ئەرکەکانی ئۆپۆزیسیۆنە.

- مەرج نییە هەموو ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی لە چوارچێوەی پلاتفۆڕمێکدا یەک بگرن کە بە سەرنجدان بە مەودای فکریی زۆری نێوانیان سەخت و ئەستەمە، بەڵام دەکرێ لەبری دژایەتی و هەوڵدان بۆ سڕینەوەی یەکدی، هاوکاری و هاوبەشیی یەکتری لە پڕۆژەکانی خەبات و بەربەرەکانی لەگەڵ ڕێژیمدا بکەن و وزەی خەباتگێڕیی خۆیان بنێنە سەر یەک. کەواتە ئەگەر نەکرێ لە ژێر یەک ساباتدا هەموو بتوانن کۆ ببنەوە، بەڵام دەکرێ هەمووان لە سەنگەرێکدا دژی دوژمنی هاوبەش بچنە بەرەیەکەوە.

- پاش ئەو قۆناغە ئۆپۆزیسیۆن دەبێ لە دۆخی چاوەڕوانی بێتە دەرێ و ئیبتکاری بەکردەوەی بۆ ڕێبەریکردنی جووڵانەوەی ناڕەزایەتی و ئاراستەبەخشین بە ڕەوتی ڕووداوەکان هەبێت. بۆ نموونە لە کاتێکدا هەمووان دەزانن مانەوەی ڕێژیم گرێدراوی داهاتی نەوتییە، ئۆپۆزیسیۆنی کارا و خاوەن‌بەرنامە نایەت وەک ئۆپۆزیسیۆنی چاوەڕوان چاوی تەنیا لە گەمارۆخستنە سەر ڕێژیم، یان هەڵتەکانی بەهۆی گەندەڵی بێت، بەڵکوو پلان بۆ وەڕێخستنی مانگرتنە بەرفراوان و بەردەوامەکان لە پیشەسازیی نەوتی وڵاتدا دەدات کە شاڕەگی ئابووریی ڕێژیمە.

- ئۆپۆزیسیۆن دەبێ پتر لەوەی چاوی لە ناکۆکییە نێوخۆییەکانی نێو دەسەڵات بێت، هەوڵی بەهێزکردنی خۆی و گرێدانی تواناکانی خۆی لەگەڵ بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی نێوخۆ بدات. بە پلەی یەکەم ئەوە ناکۆییە نێوخۆییەکان لە ڕێژیمێکی دیکتاتۆری و توتالیتێردا نییە کە دەبێتە هۆی ڕووخانی، بەڵکوو یەکیەتیی هێز و یەکگریی دژبەرانیەتی کە لە دەسەڵات ڕایدەماڵێت.

داهاتووی ئۆپۆزیسیۆن بەندە بەو رەخنەگرتن لە خۆ و پێداچوونەوە بە هەڵوێست و خوێندنەوە بۆ کاری هاوبەش لە داهاتوو، ئەگینا شۆڕشی نێوخۆی وڵات لە ئەوانیش تێ‌دەپەڕێت.