کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاڵمان؛ نووسەر و وەرگێڕی کورد، ناسر ئەمین‌نژاد، کۆچی دوایی کرد

10:32 - 7 گەلاوێژ 2723

ڕۆژی پێنجشەمە ٥ی گەلاوێژی ١٤٠٢ی هەتاوی، ناسر ئەمین‌نژاد، تێکۆشەر، چالاکی سیاسی، نووسەر و وەرگێڕ، بەهۆی نەخۆشییەکی لەناکاو لە وڵاتی ئەڵمان کۆچی دوایی کرد.

ناسر ئەمین‌نژاد، لە بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەری شاری بانە لەدایک بووە، لە ڕەوتی شۆڕشی گەلانی ئێراندا، تێکەڵ بە تێکۆشانی سیاسی و خەبات دژی دیکتاتۆریی ڕێژیمی پەهلەوی بوو. لە دوای سەرکەوتنی ئەو شۆڕشە و هاتنەسەرکاری ڕێژیمی ئاخوندی، تێکۆشانی سیاسی و خەبات خۆی درێژە پێ دایەوە.

ئەو چالاکە کوردە دوای ئەوەی حیزبی تودە، چریکەکانی ئەکسەرییەت و پەیڕەوانی کۆنگرەی چوار کەوتنە بەر پەلاماری دەزگا سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی، لەگەڵ هاوڕێیانی ڕووی کردە چیاکانی کوردستان. لە دەیەی ٩٠ی زایینی لە هەرێمی کوردستان گیرسایەوە و لە چوارچێوەی ڕاگەیاندنی ڕێکخراوی کۆمەڵەدا، تواناکانی خۆی بۆ نووسین و وەرگێڕانی سیاسی و شۆڕشگێڕانە تەرخان کرد، دواتر ڕووی کردە هەندەران و لە وڵاتی ئاڵمان گیرسایەوە.

لە دەرەوەی وڵاتیش لە چالاکیی ڕۆشنبیری، بە تایبەتی نووسین و وەرگێڕان غافڵ نەبوو. ئەو چالاکە سیاسییە کوردە، تێکۆشەرێکی نەتەوەیی و نیشتمانپەروەر، ئازادیخواز، دێموکرات و لایەنگری دادپەروەری بوو و هەروەها دۆست و دڵسۆزی حیزبی دێموکرات بوو.

ناوبراو لەگەڵ زۆر لە تێکۆشەرانی حیزبی دێموکرات لە کوردستان و دەرەوەی وڵات، بە تایبەتی وڵاتی ئەڵمان، پێوەندیی دۆستانەی گەرمی هەبوو.

ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەبۆنەی کۆچی دوایی کاک ناسر ئەمین‌نژاد، سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خەڵکی شاری بانە دەکات و خۆی بە هاخەمیان دەزانێت.