کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپەرچدانەوەی هەوڵە قێزەونەکانی ڕێژیم لەلایەن دایکی شەهیدانی ڕاپەڕینەوە

11:34 - 7 گەلاوێژ 2723

دوای ناڕەزایەتیی دایکی شەهید محەممەد حەسەنزادە لە شەهیدانی ڕاپەڕین لە بۆکان و پڕکردنەوەی گۆڕە نوێیەکانی دەوروبەری گڵکۆی کوڕەکەی، دایکانی شەهیدان لە شاری بۆکان وێکڕا بەرپەرچی ئەو هەوڵە قێزەونەی ڕێژیمیان دایەوە.

ڕۆژی هەینی ۶ی گەلاوێژی ١٤٠٢ی هەتاوی، دایکانی شەهیدانی شۆڕشی ژینا لە بۆکان، بەکۆمەڵ گۆڕە نوێیەکانی دەوروبەری گڵکۆی کوڕە شەهیدەکانیان پڕ کردەوە و بەم شێوەیە بەرنگاری هەوڵەکانی ڕێژیم بوونەوە.

دوابەداوی دەستپێکی شۆڕشی ژینا و شەهیدکرانی دەیان لاوی ئازادیخواز لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە، گڵکۆی شەهیدان بووەتە مەکۆیە بۆ درێژەدانی ناڕەزایەتییەکان دژی ڕێژیم و ئەمەش ڕێژیمی ئیرانی تووڕە کردووە.

دەستوپێوەندییەکانی ڕێژیمی ئێران، بەردەوام و هەر جارە و بە شێوازێکی قێزەون هەوڵ دەدەن گڵکۆی شەهیدان تێک بدەن و بەم شێوەیە بێڕێزی بە بنەماڵەی شەهیدان دەکەن کە لە دوایین نموونەدا دەستوپێوەندییەکانی ڕێژیم لە دەوروبەری گڵکۆی شەهیدان گۆڕی نوێیان هەڵکەندووە و دەیانهەوێت بەو شێوازە فەزا و ڕێگای گڵکۆی شەهیدانی شۆڕشی ژینا بگرن و پێش بە گردبوونەوەی خەڵک بگرن.

دوابەدوای ئەو هەوڵانەی کۆماری ئیسلامی، خەڵکی نیشتمانپەروەر و بەتایبەت بنەماڵەی شەهیدان، خاونداریەتییان لە شەهیدانی سەربەرزی کوردستان کردووە و ڕووبەڕووی ڕێژیمی ئێران بوونەتەوە.