کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سووتاندنی لەوەڕگە و دارستانی پشت تەرخان‌ئاوای بانە

11:42 - 7 گەلاوێژ 2723

لە درێژەی هەوڵە دژی ژینگەییەکانی ڕێژیمی ئێران و دەستوپێوەندییەکانی لە کوردستان، لەوەڕگە و دارستانی پشت تەرخان‌ئاوای بانە لە ئاگردا سووتێنرا.

ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٦ی گەلاوێژی ١۴۰٢ی هەتاوی، ئاگر بەردرایە لەوەڕگە و دارستانەکانی تەرخان‌ئاوای بانە کە بووە هۆی سووتانی ڕووبەرێکی زۆری ئەو ناوچەیە. ئەو ئاگرە بە هەوڵ و ماندووبوونی خەڵکی ژینگەپارێز و دڵسۆزانی ژینگە و ئەندامانی پاژین دامرکایەوە.

هەروەها ژینگەپارێزان و خەڵکی ژینگەدۆست داوایان لە لایەنە پێوەندیدارەکانی حکوومەت کردووە کە بەدواداچوون بۆ ئەم بابەتە بکەن و ڕایانگەیاندووە: "ئەمە سەروەتی وڵاتەکەمانە کە بەئەنقەست خەریکن لەنێوی دەبەن."

شایانی باسە کە لە ماوەی ٢٥ ڕۆژی ڕابردوودا ١٠٠٠ هیکتار لە دارستان و لەوەڕگەکانی مەریوانیش لە ئاگردا سووتێنراون کە ٤٠٠ هێکتاری لە ماوەی ٣ ڕۆژدا، واتە ٢٩ی پووشپەڕ هەتا ١ی گەلاوێژ، لە ئاگردا سووتێنراون.

ژینگەپارێزانی کوردستان بە کەمترین ئیمکانات و بەبێ یارمەتیی ناوەندە پێوەندیدارەکانی حکوومەت و بە شێوەی خۆبەخشانە بە هانای دارستانەکانی نیشتمانەکەیانەوە دەچن و لەسەر ئەو باوەڕەن کە سپای پاسداران دەستی لەم ئاگرانەدا هەیە.