کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قووڵایی ستراتێژی ئێمە دەبێ هەموو خەڵکی کوردستان بێت

17:00 - 7 گەلاوێژ 2723

مەجید حەقی

خەباتی ڕزگاریخوازانەی نەتەوەی کورد، خەباتێکە لەپێناو ئازادی نیشتمان و گەیشتن بە سەروەریی سیاسی و خەباتێکی سێکۆلار بە واتای ڕاستەقینەی وشەیە. بەو واتایە لەگەڵ ئەوەی زۆربەی هەرە زۆری حیزب و ڕێکخراوەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و کۆمەڵگەی مەدەنیی کوردستان "سێکۆلار"ن و ئایینیان وەک کەرەسەی سیاسی بەکار نەبردووە؛ بەڵام ئەرکدارن قووڵایی ستراتێژیی خۆیان پێناسە بکەن. قووڵایی ستراتێژیی هەر بزاڤێک دەبێ پێکهاتە و تاکەکانی ئەو کۆمەڵگەیە بێت کە لەپێناویدا خەبات دەکات.

کوردستان پەلکەزێرینەی ئایین و نەریتە جیاوازەکانی ئایینییەکانە. جیا لەوە لە نێو کوردستاندا ئازەری، ئەرمەنی و ئاسووریش دەژین کە بەشێکن لە خەڵکی کوردستان و بێگومان ڕزگاریی کوردستان بە واتای ڕزگاریی ئەوان و ڕێزگرتن لە هەموو ئەو مافانەی ئەوانیشە کە لە جاڕنامەکانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هاتووە و دەبێ بنەمای ئەخڵاقی و سیاسەتی بەرێوەبەری جووڵانەوەیەکی ڕزگاریخوازنە بێت.

بە شێوەی نەریتی دەسپێکی خەباتی ڕزگاریخوازانەی کوردستان لە ناوچەکانی ورمێ و موکریان بووە و دواتر بەرەو بەشەکانی دیکەش پەرەی ئەستاندووە. زۆربەی خەڵکی کورد لەو ناوچانەدا پێڕەوی مەزهەبی سوننەن. بۆیە بەشێوەی نەریتی سەرەڕای ئەوەی حیزبە کوردستانییەکان سێکۆلارن، بەڵام سێکۆلاریزمێک لە جۆری سوننەن. بەرهەمی ئەو جۆرە کولتوورە هەست بە هەڵاواردنی یارسانییەکان لەنێو بزاڤی نەتەوایەتی و لەوانە حیزبە کوردستانییەکاندا بووە و جیابوونەوەی بەشێکی زۆر لە چالاکانی یارسانی لە حیزبەکان و دامەزراندنی حیزب و ڕێکخراوەی تایبەت بە یارسانەکان لێکەوتەی ئەو ڕوانگەیە بووە. تایبەتمەندیی کۆمەڵگە تێکشکاوەکان ئەوەیە لە سەر کەرت و گرووپی جیاواز دابەش دەبن و وەک شیشەی وردوخاشکراو بە زۆری پێکەوە لکێندراون و بە بچووکترین لێگەر لێک جیا دەبنەوە. ئەمەش دەرفەت بە نەیاران و دژمنان دەدات زۆر بەئاسانی دەستێوەردان لەنێو کاروباری نێوخۆیی ئەو کۆمەڵگەیانەدا بکەن و قەیرانی نێوخۆیی بخوڵقێنن و ئەو کۆمەڵگەیانە بە کۆمەڵگەی "بدوی" تاوانبار بکەن.

لە ڕابردوودا هەتا ئەمرۆشی لەگەڵ بێت، داگیرکەرانی کوردستان جیاوازییە خێلەکی، ئایینی، مەزهەبی و تەنانەت زاراوەییەکانی کوردستانیان بەدژی بزاڤی ڕزگاریخوازانەی نەتەوەی کورد بەکار بردووە و بەهۆی تێکشکاویی کۆمەڵگەی کوردستان لەو سیاسەتەشدا تا ئاستێکی زۆر سەرکەوتوو بوون. بەڵام شۆڕشی "ژن ژیان ئازادی" هەلومەرجێکی تازەی خوڵقاندووە، هەلومەرجێک کە لەودا جیاوازییەکان نەتەنیا هەڕەشە نین، بەڵکوو هۆی یەکگرتنەوەن. ئەگەر تا پێشتر بە هۆی جۆراوجۆری کۆمەڵایەتی و مێژوویی سەنتەری بزاڤی نەتەوایەتی تەنیا ناوچە "سوننیەکان"ی کوردستان بووە، ئیتر ئەمرۆ پانتایی خەباتی نەتەوایەتی هەموو ناوچەکانی کوردستانی تەنیوەتەوە و بگرە کوردەکانی دانیشتووی دەرەوەی کوردستانیش خۆیان بەبەشیکی گرینگ لە بزاڤی نەتەوایەتیی کوردستان پێناسە دەکەن.

کۆمەڵگەی کوردستان بەهۆی سیاسەتی دووبەرەکی خستنەوەی نەیارانی کوردستان لە سەدەی پێوەندییەکان و تۆرە کۆمەڵایەتییەکاندا لەبەرانبەر گەورەترین مەترسیی و لێکترازان هەڵکەوتووە. وێکگەیشتنی کۆمەڵایەتی پێویستییەکی هەنووکەیی کۆمەڵگەی کوردستانە و ئەمەش بە واتای زانیاری و شارەزایی لەمەڕ چۆنیەتیی و یەکخستنەوەی جیاوازییەکان لە چوارچێوەی خەونە هاوبەشەکانە. 

بزاڤی ڕزگاریخوازانە ئەگەر بیهەوێ سەرکەوتوو بێت و ئامانجەکانی بپێکێت، دەبێ هەمەگر (inclussive) بێت. جیاوازییەکانی نێو کۆمەڵگە بەفەرمی بناسێت و ڕێز لەو جیاوازییانە بگرێت. جیاوازییەکان بکاتە هەوێنی هێزبەخشین بە بایەخە هاوبەشەکان و لەگەڵ ئەمەش ئەو جیاوازییانە بە دەوڵەمەندیی کولتووری و کۆمەڵایەتیی نەتەوەیی بزانێت. کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست قۆناغێکی هەستیار تێپەر دەکات، قۆناغی لەبەرانبەر یەکتر ڕاوەستانی بایەخە توندئاژۆ و دژبەرەکان. لەوەها کەشێکدا ئەو بیروباوەڕ و سیاسەتە دەبیاتەوە کە بتوانێت خاوەندارێتی لە هەموو بایەخە کۆلێکتیڤە کۆمەڵایەتییەکان بکات و خۆی بپارێزێت لە بوون بە هێزێکی ئایدیۆلۆژیی تەک ڕەهەندی و نوێنەرایەتیی تەنیا چینێکی تایبەتیی کۆمەڵایەتی لە کوردستاندا.

 دانپێدانان و ڕێزگرتن و بەفەرمی‌ناسینی جیاوازییەکانی کوردستان یارمەتیدەرە بۆ بەهێزکردنی بایەخە هاوبەشەکان کە کۆمەڵگەی کوردستان بە هەموو پێکهاتەکانی لە دەوری ئامانجی هاوبەشدا کۆ بکاتەوە. پێشکەوتوویی بەواتای دژایەتی لەگەڵ بیروباوەڕی خەڵکدا نییە، بەڵکوو بەواتای خوڵقاندنی کەشێکی هێمن و کۆکەرەوەیە کە هەموو خەڵک تێدا هەست بە ئارامی بکات و لە مەترسی پەراوێز خران نەبێت.

سەرمایە کۆمەڵایەتییەکانی گەلی کورد دەرفەت و پۆتانسیەلی بەهێزن بۆ یەکگرتنەوە و بەهێزکردنی هەستی هاوبەشی نەتەوایەتی و بەهێزکردنی یەکگرتوویی لە ڕێگەی مکانیزمە دێموکراتیکەکاندا. کاتی ئەوە هاتووە جیاوازییەکان لە دەوری خاڵە هاوبەشەکان کۆ بکرێنەوە و هەڵاواردن لە هەموو ئاستەکانی کولتووری سیاسی، ڕێکخراوەیی و هزری ئێمەدا نەمێنێت. هەڵاواردنە نەبینراوەکان دەتوانێت زیاتر لە هەڵاواردنی ئاشكرا و بەرچاو ببێتە هۆی لێکهەڵوەشانەوە و لێکترازانی کۆمەڵگە. شتێک کە لە ڕابردوودا زۆر بە جوانی ڕێژێمە داگیرکەرەکان "کۆنترۆلیان" کردووە و هەرکات پێویست بوو بێت دژی بزاڤی نەتەوایەتی بەکاریان بردووە.

ئەمڕۆ ئێمە لە هەمووکاتی زیاتر پێویستمان بە سازکردنی پردی بڕوای کۆمەڵایەتی و وێکگەیشتنی سیاسی و جڤاکی هەیە و ئەمەش بە واتای بەرفراوانترکردنی ئاسۆی سیاسیمان و بەهێزکردنی قووڵایی ستراتێژیکی نەتەوەییمانە.