کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گیانلەدەستدانی ٦٠ کەس لە ڕۆژێکدا لە ئێران بە ڕووداوی هاتوچۆ

10:25 - 8 گەلاوێژ 2723

بەهۆی ناستانداردبوونی ماشینەکان و ڕێگاوبان لە ئێراندا، ڕۆژانە ٦٠ کەس لەو وڵاتە بە ڕووداوی هاتوچۆ گیانیان لەدەست دەدەن.

بەرپرسی پۆلیسی هاتوچۆی ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی یەکشەممە ٨ی گەلاوێژی ١٤٠٢ی هەتاوی، ڕەخنەی لە ناستانداردبوونی ماشینە ئێرانییەکان، ڕێگاوبان، کەرەستە و ئیمکاناتی پۆلیسی هاتوچۆ، مانگی سوور و خزمەتگوزارییە فریاگوزارییەکان گرت و ڕایگەیاند: ڕۆژانە ٦٠ کەس بەهۆی ڕووداوی هاتوچۆوە گیانیان لەدەست دەدەن.

کەماڵ هادیانفەر وتی: "سەرەڕای جەختکردنەوەی چەندین جارەی پۆلیس، بەڵام گرینگیی پێویست بە پێڕاگەیشتنی ئەو ڕێگاوبانگەلەی کە ڕووداوی هاتوچۆیان زۆرە نەدراوە، هەروەها هیچ ڕێوشوێنێک بۆ باشترکردنی پێوەری ستاندارد و چاکسازیی ماشینی ئێرانی نەگیراوەتەبەر".

بە وتەی هادیانفەر، ٤٩ لەسەدی ئەو کەسانەی کە بەهۆی ڕووداوەکانی هاتوچۆوە گیانیان لەدەست داوە، لە نەخۆشخانەکان یان لە کاتی گواستنەوەیان بۆ ناوەندە پزیشکییەکان گیانیان لەدەست داوە.