سەرلەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە ٨ی گەلاوێژی ١٤٠٢ بەرابەر لەگەڵ ٢٠٢٣/٧/٣٠، کۆبوونەوەی ناوەندی هاوکاری بە میوانداریی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بەڕێوە چوو.
هەیئەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە بەرپرسی دەورەیی ناوەندی هاوکارییە، بە سەرپەرستیی بەڕێز محەممەدنەزیف قادری، لەلایەن هەیئەتێکی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێرانەوە، بە سەرپەرستیی بەڕێز عەبدوڵڵا ئازەربار، پێشوازییان لێ کرا.
لەو دیدارەدا چەندین باس و بابەتی تایبەت بە جووڵانەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بارودۆخی سیاسیی ئێران، دۆخی ئەمنیی حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات و زەروورەتی هاوئاهەنگیی زیاتر لەم قۆناغەدا و هەروەها چەندین پرسی گرینگی دیکە خرانە بەر باس و وتووێژ.
ئەم کۆبوونەوەیە لە کەش و هەوایەکی دۆستانەدا بەڕێوە چوو و لە کۆتاییدا جەخت لەسەر هاوئاهەنگی و هاوکاریی زیاتری حیزبە سیاسییەکانی کوردستان لەگەڵ یەکتر کرایەوە.
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران
٨ی گەلاوێژی ١٤٠٢ی هەتاوی