کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لەنێوان خەڵکی گوندی "ئاغەرە"ی ناوچەی هەوشار و بەکرێگیراوانی ڕێژیم تێکهەڵچوون هاتە ئاراوە

11:09 - 9 گەلاوێژ 2723

لە تێکهەڵچوونی نێوان بەکرێگیراوانی ڕێژیم و خەڵکی گوندی ئاغەرە"ی سەر بە ناوچەی هەوشار لە بەردەم کانگای زێڕی ئەو گوندە، سێ هاووڵاتیی خەڵکی ئەو ئاواییە بە دەسڕێژی ڕاستەوخۆی چەکدارانی ڕێژیم بە توندی بریندار بوون و دەیان هاووڵاتیی دیکەش شەوی دواتر دەسبەسەر کراون.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ژووری هەواڵی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکرات، ڕۆژی یەکشەممە کاتژمیر ١١ی پێش‌نیوەڕۆ، کاتێک خەڵکی گوندی "ئاغەرە"ی سەر بە شاری تیکاب لە ناوچەی هەوشار، بە مەبەستی بەدواداچوونی مافی خۆیان کە لەو کانگایە کار دەکەن دەچنە بەردەرگای کانگاکە، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە هێرشیان کراوەتە سەر و وەکوو هەمیشە بە گولـلە وڵامیان دراوەتەوە.

لە ڕەوتی ئەو تێکهەڵچوونەدا، سێ هاووڵاتی بە ناوەکانی ناسر بەهرامیان، حوجەت موئمنی‌زادە و ئارمین نیکزاد، لەلایەن چەکدارانی ڕێژیمەوە بەسەختی بریندار بوون.

لە وڵامدانەوەی هێرشی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم و بێڕێزییەکانیان بە کرێکارانی کانگاکە، خەڵکی بەهەڵوێستی ئاوایی ئاغەرە لە سەرکوتکەران هاتنە دەنگ و ڕاویان نان.

هەر بەپێی هەمان سەرچاوە، لەو تێکهەڵچوونەدا کە نزیکەی ٣٠ ماشین پڕ لە بەکرێگیراو بەشدار بوون، بەشێک لە هێزەکانی ڕێژیم بۆ ماوەیەک لەلایەن خەڵکەوە بەدیل گیراون و پاشان ئازاد کراون.

هەر هەمان شەو هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بە هێزێکی زۆرەوە هەڵیانکوتایە سەر ئەو ئاواییە و دەیان کەسیان دەسبەسەر کرد و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستوونەتەوە کە تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هیچ زانییارییەک لە چارەنووسیان لەبەر دەستدا نییە.

جێگای ئاماژەیە کە هێشتاش گوندەکە لە گەمارۆی هێزەکانی ڕێژیمدایە و ئینتەرنێتی گوندەکەشیان بڕیوە و بریندارەکانیش بۆ نەخۆشخانەکانی ورمێ گوازراونەتەوە.