کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی ناڕەزایەتیی خانەنشینان و پەرستاران لە چەند شاری ئێران

11:45 - 9 گەلاوێژ 2723

ناڕەزایەتییەکان سەبارەت بە دۆخی خراپی ژیان لە ئێران، بە مانگرتنی پێرسۆنێلی شیرکەتی نەوت و گازی گەچساران و کۆبوونەوەی خانەنشینانی پیشەی پۆڵا و پەرستاران، بەردەوام بوو.

ڕۆژی یەکشەممە ٨ی گەلاوێژ، کۆمەڵێک لە خانەنشینان لە شارەکانی کرماشان، ڕەشت، ئەهواز و شووش، لە ناڕەزایەتی بە دۆخی بژێویی ژیانیان، لە بەردەم ئیدارەکانی دابینکردنی کۆمەڵایەتیی ئەو شارانە کۆ بوونەوە و داوای چارەسەریی کێشە و گرفتەکانیان کرد، هەروەها دروشمیان دا کە ''وڵاتیان تاڵان کرد و خەڵکیان بێچارە کرد.''

هەروەها کۆمەڵێک لە پەرستارانی نەخۆشخانەی خومەینی لە تاران، لە ناڕەزایەتی بە پێنەدانی مووچەی دواکەتوو و شێوازی دیاریکردنی مووچەی پەرستاری، کۆ بوونەوە.

خراپیی دۆخی ژیانی خەڵک لە ئێران لە حاڵێکدایە کە سەرەڕای ئەوەیکە تەنانەت هێندێک لە بەرپرسان هۆشداری دەدەن، بەڵام هیچ گرینگی بەو دۆخە و داواکاریی خەڵک  نادرێت و بە سەرکوت وڵامی خەڵک دەدرێتەوە.