کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل: ئێمە لە جێنین شەڕ لەگەڵ گرووپەکانی ئێران دەکەین نەک فەلەستینییەکان

10:18 - 13 پووشپەڕ 2723

سەرچاوەکانی هەواڵ لە کەناری ڕۆژاوای ڕووباری ئۆردۆن ڕایانگەیاندووە کە شەڕ و دەرگیری لەنێوان ئەرتەشی ئیسرائیل و ملیشیا فەلەستینییەکان لە کەمپی پەنابەرانی جێنین بەردەوامە.

شەڕ و پێکدادانەکان دوای ئەوە دەستی پێ کرد کە شەوی یەکشەممە ١١ی پووشپەڕ، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئیسرائیل چەندین شوێنیان لە جێنین کردە ئامانج و دواتر بە ماشینە سەربازییەکانی هێرشیان کردە سەر جێنین.

لە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر جێنین لانیکەم ٩ فەلەستینی کوژراون و ژمارەی بریندارەکانیش زیاتر لە ٥٠ کەس ڕاگەیەندراوە. دانیشتووانی ناوچەکە هەواڵی بەردەوامی دەنگی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئیسرائیل و تەقینەوەیان لەم شارە ڕاگەیاندووە.

ئیسرائیل دەڵێت، ژێرخانی ڕێکخراوە تێرۆریستییەکانی فەلەستین لەم عەمەلیاتە دژە تێرۆریستییەدا کراوەتە ئامانج.

بە وتەی وتەبێژی ئەرتەشی ئیسرائیل، ڕەنگە ئەم هێرشانە بۆ ماوەی یەک‌دوو ڕۆژ بەردەوام بێت.

هێرش بۆ سەر جێنین لە کاتێکدایە کە ئەم شارە بووەتە سەرچاوەی نەوەی نوێی تێرۆریستانی فەلەستینی ناسراو بە "لشکری جێنین" کە لە گەنجانی سەر بە گرووپە جیاوازەکانی وەک حەماس و جیهادی ئیسلامی پێک هاتووە.

ئێلی کۆهێن، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، وتوویەتی: ''جەخت لەوە دەکەمەوە کە ئێمە لەگەڵ فەلەستینییەکان لە شەڕدا نین. ئێمە لە ڕاستیدا لەگەڵ میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە ناوچەکەدا لەوانە حەماس و جیهادی ئیسلامی کە هەردووکیان ڕێکخراوی تێرۆریستین کە ئێران پشتیوانییان لێ دەکات لە شەڕداین، ئامانجی ئێران لە ناوچەکەدا پەرەپێدان بە گرژییەکانە.''