ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە چەند شار و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەبۆنەی ٢٢ی پووشپەڕ، ساڵیادی شەهیدکرانی دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی، چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد.
شەوی دووشەممە لەسەر سێشەممە ڕێکەوتی ١٣ی پووشپەڕ، قوتابییانی دوکتور قاسملوو بە بەربڵاوی لە ئاوایی ''ئیندرقاش'' سەر شاری مەهاباد، بە سەردانكردنی چەند بنەماڵەیەكی شەهیدان و نووسینی دروشم لەسەر دیوارەكانی ئەو ئاواییە و شوێنە گشتییەكان، جارێكی دیكە تێرۆرکرانی دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی لەلایەن دیپلۆمات تێرۆریستەكانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییان مەحكووم كرد.
تێکۆشەرانی دێموکرات لەو چالاکییەدا، پاڵپشتی بە گڕوتینی خۆیان بۆ حیزبی دێموكرات و جووڵانەوەی ڕزگاریخوازانەی گەلی كورد دەربڕی و یاد و ناوی شەهید دوكتور قاسملوویان بەرز نرخاند و پاڵپشتیی خۆیان لە شۆڕشی ژینا واتە قۆناغێكی دیكەی نوێ لە خەبات و تێكۆشانی گەلی کوردیان دووپات كردەوە.
هاوکات ئەندامانی حیزبی دێموکرات لە شارەدێی سەرچنار لە ناوچەی شامات سەر بە شاری مەهاباد، بەبۆنەی ٣٥ـەمین ساڵیادی شەهیدکرانی دوکتور قاسملوو بە نووسنی دروشم، چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد و لەگەڵ ڕێبازی دوکتور قاسملوو پەیمانیان نوێ کردەوە.
هەر بەو بۆنەوە لە شاری بۆکان، ڕێڕەوانی شەهید دوکتور قاسملووی مەزن لە ئاوایی گۆێکتەپە و سیمینە، ئاڵای پیرۆزی کوردستانیان هەڵ کرد کە دڵی خەڵکی پێ گەشایەوە و پێشوازیی لێ کرا.
هەروەها تیکۆشەرانی دێموکرات لە شاری سەردەشت لەگەڵ شەهید دوکتور قاسملوو و هەموو شەهیدانی کوردستان پەیمانی وەفادارییان نوێ کردەوە و ئامادەیی خۆیان بۆ هەر ئەرکێکی حیزبی دەربڕی.
لەلایەکی ترەوە، ئەندامانی بوێری حیزبی دێموکرات لە سەقز، لە چەندین گەڕەک و شەقامی ئەو شارەدا، چالاکیی بەربڵاوی تەبلیغییان بەڕێوە برد.