کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی چالاکیی تەبلیغی لە کوردستان لە بەرەبەری ٢٢ی پووشپەڕدا

09:55 - 10 پووشپەڕ 2723

ئەندامانی حیزبی دێموکرات لە ناوچەکانی بۆکان و مەهاباد، لە بەڕێوەبردنی چالاکییەکانیان لە بەرەبەری ٢٢ی پووشپەڕ، ٣٤ـەمین ساڵوەگەڕی شەهیدکرانی دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی، هەروا بەردەوامن.

ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٩ی پووشپەڕ، ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ناوچەی پیرمحەممەدی بۆکان، قوتابخانەی ''سەیداوای قاجر''یان بە ئاڵای کوردستان ڕازاندەوە و لۆگۆی حیزبی دێموکراتیان لە دەرگای ئەو قوتابخانەیە دا.

تێکۆشەرانی دێموکرات لەو چالاکییەدا، لەسەر بەرەوامیی خەبات بۆ گەیشتن بە ویستە نەتەوەییەکانی گەلی کورد کە حیزبی دێموکرات ڕێبەریی دەکات، پێداگرییان کردەوە.

هاوکات ڕێبوارانی ڕێبازی قاسملوو، لە ناوچەکانی مەحاڵی شازدە و شاروێرانی مەهاباد، لە ئاواییەکانی ''قولەسەن و بەفرەوان''، لە بەرەبەری ٢٢ی پووشپەڕ، ساڵیادی شەهیدکرانی دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی بە دەست دیپلۆمات تێرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد.

لەو چالاکییەدا، تێکۆشەرانی دێموکرات بە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان، نووسینی دروشم، بڵاوکردنەوەی وێنەی دوکتور قاسملوو و سروودی شۆڕشگێڕانە، یادی ڕێبەری ناوداری گەلی کوردیان بەرز ڕاگرت.

شایانی باسە کە لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا لە زۆرێک لە شار، ناوچە و گوندەکانی کوردستان، ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات لە بەرەبەری ٢٢ی پووشپەڕدا، بە شێوازی جۆراوجۆر چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە بردووە.