کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەکخستنی ئینتەرنێت و دروستکردنی کەشێکی ئەمنی لە زاهیدان

10:28 - 10 پووشپەڕ 2723

سەرەڕای ئەوەیکە هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی لە زاهیدان ئینتەرنێتیان پەک خست و کەشێکی ئەمنییان بەسەر شارەکەدا زاڵ کرد، خەڵکی ئەو شارە دیسان ڕژانەوە سەر شەقامەکان.

ڕۆژی هەینی ٩ی پووشپەڕی ١٤٠٢ی هەتاوی، وێڕای کەشێکی تەواوی ئەمنی و نەبوونی ئینتەرنێت لە زاهیدان، خەڵکی ئەو شارە دوای نوێژی هەینی، وەکوو هەموو هەینییەکانی دیکە ڕژانەوە سەر شەقامەکان و بە دژی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی، بە شێوەیەکی هێمنانە ناڕەزایەتییان دەربڕی.

خۆپیشاندەران لەسەر داوای مەولەوی عەبدولحەمید و بە مەبەستی ڕیزگرتن لە جێژنی قوربان، ڕێپێوانی بێدەنگیان بەڕێوە برد.

مەولەوی عەبدولحەمید کە ڕۆژی پێنجشەممە بەبۆنەی جێژنی قوربانەوە وتاری پێشکەش کردبوو، لە نوێژی هەینی ئەم حەفتەیەدا لە زاهیدان ئامادە نەبوو، بەڵام داوای لە خەڵک کردبوو کە بۆ ڕێزگرتن لە جێژنی قوربان، بە شێوەیەکی هێمنانە ناڕەزایەتی دەرببڕن.

ئەوە لە کاتێکدایە کە هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی بەو حاڵەشەوە ئینتەرنێتی تەواوی ئەو شارەیان پچڕاندبوو و کەشێکی تەواو ئەمنیشیان زاڵ کردبوو.

مەولەوی عەبدولحەمید لە نوێژی جێژنی قوربان لە زاهیدان بە ئاماژەدان بە ڕووداوی هەینیی خوێناویی شاری زاهیدان وتی کە بە تێپەڕینی ٨ مانگ لەو ڕووداوە، ‌‌هێشتا پێڕاگەیشتن بە دۆسییەی ئەو جینایەتە نەکراوە و بە چاوپێکەوتنی هێندێک لە بەرپرسانی ڕێژیم لەگەڵ بنەماڵەی کوژراوان، خەڵک دڵیان ئارامی نەگرتووە و خەڵک کاتێک سوکناییان پێ دەدرێت کە جینایەتکاران سزا بدرێن.