کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کومیتەی دۆزەرەوەی ڕاستییەکانی شۆرای مافی مرۆڤ: ئێران لە سەرکوتی ڕاپەڕینی سەرانسەریی خەڵک بەردەوامە

09:26 - 15 پووشپەڕ 2723

کۆمیتەی دۆزەرەوەی ڕاستییەکانی شۆرای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاپۆرتی خۆیدا کە لە کۆبوونەوەی ڕۆژی چوارشەممە ١٤ی پووشپەڕدا پێشکەشی کرد، ڕایگەیاند: ڕێژیمی ئێران ئێستاش بە دوای سەرکوتی کەسانێکەوەیە کە پێی وایە لە ڕێکخستنی خۆپیشاندانەکاندا دەستیان بووە. 

ئەو کۆمیتەیە بە ئاماژەدان بە ڕاگەیاندنەکانی ڕێژیم کە دەڵێن ٢٢ هەزار کەس لەو پێوەندییەدا بەر لێخۆشبوون کەوتوون، دەڵێت: ئەو ئامارە دەریدەخات کە ژمارەیەکی زۆر زیاتر لەوەندەی ئێستا لە گرتووخانەکاندا بەند کراون. 

هەروەها سارا حوسێن، سەرۆکی کۆمیتەکە ڕوو بە شۆرای مافی مرۆڤ ڕایگەیاند، دە مانگ دوای کوژرانی ژینا ئەمینی هێشتا مافە یاساییەکانی بنەماڵەی ناوبراو بۆ دەرخستنی ڕاستییەکان و بەڕێوەچوونی عەداڵەت لەو پێوەندییەدا بەئاکام نەگەیشتووە. هەروەها ئەو دوو هەواڵنێرەی یەکەمجار هەواڵی بەندکرانی "ژینا"یان بڵاو کردەوە، ئێستاش لە گرتووخانەدان.

کۆمیتەی دۆزەرەوەی ڕاستییەکانی شۆرای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان بە ئاماژەدان بە سەپاندنی "سزای قورسی زیندان" و ئێعدامی بەپەلەی ٧ کەس لە بەندکراوان، وێڕای پێشێلکردنی مافەکانی دادگاییەکی دادپەروەرانە، داوای لە ڕێژیمی تاران کردووە نەک هەر ئێعدامی دەسبەسەرکراوانی خۆپیشاندانەکان ڕابگرێت، بەڵکوو پێویستە هەموو بەندکراوان ئازاد بکات.

لە کۆبوونەوەی شۆرای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکاندا زۆربەی وڵاتانی ڕۆژاوایی وێڕای ڕەخنەگرتن لە کۆماری ئیسلامی، پێشێلکردنی مافی مرۆڤ، سەرکوتی خۆپیشاندانەکان و سیاسەتی هەڵاواردنی ڕەگەزی لەو وڵاتەیان مەحکووم کرد.