بۆ ڕێزگرتن لە شەهید کاوە جەوانمەرد، کۆمەڵێک تێکۆشەر و نیشتمانپەروەر، سەردانی گكکۆی باوکی ئەو شەهیدەیان کرد و لەگەڵ ڕێبازی شەهیدان پەیمانیان نوێ کردەوە.
ڕۆژی چوارشەممە ١٤ی پووشپەڕ، کۆمەڵێک تێکۆشەر و نیشتمانپەروەر، لە ساڵڕۆژی شەهیدبوونی شەهید کاوە جەوانمەرد، سەردانی گڵکۆی شەهید نەجمەدین جەوانمەرد لە باغ فردەوسی کرماشانیان کرد و بە دانانی گوڵ و وێنەی شەهید کاوە، ڕێزیان لەو شەهیدەی ڕێگای ئازادی و سەربەستیی کوردستان گرت.
شەهید کاوە جەوانمەرد، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بوو کە لەگەڵ شەهید سەرکەوت سەمەدی، ڕێکەوتی ١٥ی پووشپەڕی ساڵی ١٣٩٥ی هەتاوی، لە دوای شەڕێکی قارەمانانە دژی داگیرکەرانی کوردستان لە کۆساڵان و بۆڕیەر، تێکەڵ بە کاروانی شەهیدان بوون.
جێگەی ئاماژەیە کە شەهید نەجمەدین جەوانمەرد، باوکی شەهید کاوە، ئەندامی حیزبی دێموکرات بووە و لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە لەسێدارە دراوە و لە گۆڕستانی باغ فردوسی کرماشان کە زیاتر لە ٢٠٩ کەس لە ئێعدامییەکانی دەیەی ۶٠ی تێدا نێژراون، بە خاک سپێردراوە.