لە بەرەبەری ٢٢ی پووشپەڕ، ساڵوەگەڕی تێرۆركرانی شەهیدی مەزن و ڕێبەری كاریزماتیكی جووڵانەوەی نەتەوەی کورد، شەهید دوکتور قاسملوو، ئەندامانی حیزب بۆ ڕێزگرتن لەو ڕۆژە و پەیمان نوێكردنەوە لەگەڵ حیزب و هەموو شەهیدانی گەل، چالاكیی تەبلیغیان لە چەند شار و ناوچەی تری کوردستان بەڕێوە برد.
ڕێکەوتی ١٤ی پووشپەڕ، ڕێبوارانی ڕێبازی قاسملوو لە ناوچەی شاروێرانی سەر بە شاری مەهاباد لە ئاواییەكانی ''بەفرەوان، گاپیس و قجیاوا'' بە نووسینی دروشم و هەڵكردنی ئاڵای پیرۆزی كوردستان و یوبیلی حیزبی دێموكرات، یادی دوکتور قاسملوویان بەرز ڕاگرت و پاڵپشتی و وەفاداریی خۆیان بە حیزب و نەتەوەكەیان ڕاگەیاندەوە و نایەكی دیكەی قورسیان بە كۆماری پەت و سێدارە وتەوە.
هاوکات ئەندامانی تێکۆشەری حیزبی دێموکرات، لە ناوچەکانی مەریوان بە شێوەی چاپ و بڵاوکردنەوەی درووشم و پۆستێری تایبەت بە ۲۲ی پووشپەڕ، ساڵوەگەڕی شەهیدکرانی ڕێبەری مەزن دوکتور قاسملوو، چالاکی تەبلیغاتییان بەڕێوە برد و پەیمانی وەفادارییان لەگەڵ ڕێبازی دوکتور قاسملوو دووپات کردەوە.
ئەو شوێنانەی کە لە مەریوان چالاکیی تێدا کراوە بریتین لە: ''ئاواییەکانی تووتمەر، نژمار، سەرنژمار، زەلکە، کاڵ سەروو، کاڵ خواروو و بەرزاییەکانی دەوروبەری شاری مەریوان و هەروەها بەشێک لە گەڕەک و شوێنە گشتییەکانی گوندەکانی دەروبەری شار وەک مەدرەسە و مزگەوتەکان و نێو شاری مەریوان.''
لە شاری پیرانشار، تێکۆشەرانی دێموکرات بەبۆنەی ٢٢ی پووشپەڕ، بە شێوەیەکی بەرین بە بڵاوکردنەوەی تراکت و پوستێر لە گوندەکانی ''لاجان، مەدرسەی خرێبەرداشان، خراپە، زینووینجیان، گردەبن، سێڕای خورینج، خانە بێهداشتی سەرینچاوێ، کێلێ و بەلەبان، مزگەوتی کوندرێ، خانە بێهداشتی شنۆزەنگ، مزگەوتی زەنگیاوێ، مزگەوتی دربکە، مزگەوتی گەپڵەسەن و لاوێن چالاکیی تەبلیغیان بەڕێوە برد و جەختیان کردەوە هەتا وەدیهاتنی ڕێبازی شەهیدان دەست لە تێکۆشان هەڵناگرن.
هەر بەو بۆنەوە ئەندامانی حیزبی دێموکرات بە هەڵدانی ئاڵای کوردستان لەسەر گۆڕی شەهیدانی شۆڕشی ژینا لە گۆڕستانی کۆنەخانێ لە پیرانشار یادی شەهیدانیان بەرز ڕاگرت و پەیمانی وەفادارییان دووپات کردەوە.
هەروەها لە گوندی بالوو سەر بە شاری ورمێ، ئەندامانی حیزبی دێموکرات بە نووسینی ''بژی حیزبی دێموکرات و سڵاو لە دوکتور قاسملووی نەمر'' یادی دوکتور قاسملوویان بەرز ڕاگرت.