کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فێستیڤاڵی گێڵاسی شنۆ لەلایەن خەڵک و کۆمەڵگەی مەدەنییەوە بایکۆت کرا

17:26 - 15 پووشپەڕ 2723

بەدوای بانگەوازی میدیاکارانی ڕێژیم بە مەبەستی بەشداریی بەربڵاو لە فێستیڤاڵی گێڵاس لە شنۆ، خەڵک بەدەم ئەو بانگەوازەوە نەچوون و بایکۆتیان کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکرات، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا فەرمانداری و سپای پاسداران لە ڕێگەی میدیاکانەوە هەوڵی ئەوەیان دا فێستیڤاڵی گێڵاسی ئەمساڵی شاری شنۆ بەڕێوەبەرن، بەڵام لەلایەن خەڵکەوە بایکۆت کرا.

سەرچاوەیەک باسی لەوە کردووە، بەدوای بایکۆتکردنی ئەو فێستیڤاڵە لەلایەن خەڵکەوە، ڕێژیم هێزێکی زۆری هێناوەتە ئەو شوێنە و فەزاکەیان تەواو ئاڵۆز کردووە.

فێستیڤالی گێلاس لە شاری شنۆ هەموو ساڵێک لە کۆتاییەکانی مانگی جۆزەردان لەلایەن کۆمەڵگەی مەدەنییەوە بەڕێوە دەچوو و خەڵک پێشوازییەکی گەرمی لێ دەکرد، ئەمساڵ بەهۆی تێکەڵبوونی ناوەندەکانی ڕێژیم لەو فێستیڤاڵەدا خەڵک بایکۆتیان کرد.

ساڵانی ڕابردوو کە بەڕێوەبەری ئەم چالاکییە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بوون، بە هەزاران کەس بەشداریی تێدا دەکرد و بە گڕوتینەوە بەڕێوە دەچوو و قازانجی ئابووریشی بۆ خەڵک هەبوو، بەڵام بە هاتنی هێزە نیزامییەکان و لایەنە ئەمنییەتییەکان بۆ ئەو بۆنە کولتووری و ئابوورییە، زەرەرێکی زۆریان لە ئەو شارە داوە.