کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی یادی ٣٤ ساڵەی تێرۆری د. قاسملووو هاوڕێیانی

22:29 - 15 پووشپەڕ 2723

زیاتر لە سێ دەیەیە، مانگی پووشپەڕ، بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و نەتەوەی کورد، وەبیرهێنەرەوەی ڕووداوێکی تاڵ و بەژانە. لە ٢٢ی پووشپەڕی ١٣٦٨(١٣ی جولای١٩٨٩)دا، د. عەبدولڕەحمان قاسملوو، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات، هاوڕێ عەبدوڵڵا قادری‌ئازەر، نوێنەری حیزب لە دەرەوەی وڵات و د. فازل ڕەسووڵ، کەسایەتیی کوردی باشووری کوردستان و دۆستی حیزب بە دەستی نێردراوانی ڕێژیمی تێرۆریستی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شاری ڤییەن، شەهید کران.

ئەمساڵ لە هەلومەرجێکی تایبەتدا، یادی ئەم تێرۆرە و کەسایەتی و باوەڕەکانی د. قاسملوو، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات و ڕێبەری دیاری خەباتی نەتەوەیی و شۆڕشگێڕانەی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەینەوە. کۆتایییەکانی خەرمانانی ساڵی ڕابردوو، دوای ئەوەی گەشتی بەناو ئیرشادی ڕێژیمی ئاخوندی لە تاران گیانی ژینا ئەمینی، کیژە کوردێکی لاوی سەقزیی ئەستاند، کۆمەڵگەی ئێران پێی نایە قۆناغێکی نوێ و بێ‌وێنە لە بەربەرەکانی و ڕاپەڕین دژی ڕێژیمی دەسەڵاتداری ئێران. کوشتنی ژینا کە درێژەی دەیان و سەدان تاوانی تری لەم چەشنە بەهۆی دامودەزگای سەرکوتکەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بوو، بووە چەخماخەی سەرهەڵدانی خۆپێشاندان و ڕاپەڕینی جەماوەری لە سەقز و شارەکانی تری کوردستان. ئەم ڕاپەڕینە کە بە دروشمی"ژن، ژیان، ئازادی" دەستی پێ‌کرد، زۆر زوو تاران و زۆربەی پارێزگا و هەرێمە نەتەوەیییەکانی دیکەی گرتەوە. زۆربوونی ژمارەی ئەو شار و پارێزگایانەی بوونە گۆڕەپانی ڕاپەڕین، بەردەوامیی چەندین مانگەی ئەم ڕاپەڕینە، بەشداریی بەربڵاو و بەرینی چین و توێژەکانی خەڵک و دروشمی ڕاشکاوانەیان بۆ ڕووخانی ڕێژیم، بوونی ژنان لە ڕیزی پێشەوەی خۆپێشاندانەکان و بوێرییان لە تووڕهەڵدانی حیجابی زۆرەملی، بەشێک لەو ئاماژانە بوون کە ئەم ڕاپەڕینە سەرانسەرییە بە ناونیشانی شۆڕشێکی بەربڵاوی وەک "شۆڕشی ژینا" بناسرێتەوە.

شۆڕشی ژینا، زۆرترین نیگەرانی و ترس لە ڕووخانی خستە هەناوی سەرانی کۆماری ئیسلامییەوە. هەربۆیە، کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵات و شارەکانی کوردستان کە چەقی هەڵگیرسان و، یەک لە ناوەندە سەرەکییەکانی بەردەوامیی ئەو شۆڕشە بوون، ڕووبەڕووی پەلامار و دڕندەیی هێزە سەرکوتکەرەکانی ئەو ڕێژیمە بوونەوە. دەسپێکی ئەو پەلامارانە، هێرشی مووشەکی و هێرش بە "درۆن" بۆ سەر بنکەکان و کەمپی بنەماڵەکانی سەر بە حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە قووڵاییی خاکی هەرێمی کوردستاندا بوو. چونکە کوردستان، هەروا سەنگەری لەگیراننەهاتووە و، بزووتنەوە نەتەوەیی و شۆڕشگێڕانەکەی و خەڵکە خەباتکارەکەی هەروا لەسەرپێ و، چەقڵی چاوی کۆماری ئیسلامیی ئێرانن.

لە یەک ساڵی ڕابردوودا، ناو و باوەڕەکانی د. قاسملوو لە هەموو کات زیاتر لە گۆڕەپانی سیاسیی کوردستان و لەنێو جەرگەی ڕووداوەکاندا درەوشایەوە. بە دەگمەن خۆپێشاندان، هاتنە سەرشەقام و کۆبوونەوەیەکی جەماوەری ڕاپەڕیوی خەڵکی کوردستان هەبووە کە دروشمی "قاسملوو، قاسملوو ڕێگات درێژەی هەیە"ی تێدا نەدرابێ و دووپات نەبووبێتەوە. وتەکانی ئەم ڕێبەرە لەپێوەندی لەگەڵ ویست و خواستەکانی خەڵکی کوردستان و، ڕەوایی خەبات و خۆڕاگرییان، هەروەها ڕوانگە و بۆچوونەکانی لەبارەی سەرەڕۆیی، دژە خەڵکی و دژەمرۆیی‌بوونی نێوەرۆکی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، هاندەر و ڕێنیشاندەری خەڵکی ڕاپەڕیو لە جۆشدانی یەکگرتوویی ڕیزەکانیان و ڕاوەستانیان لە بەرانبەر دوژمنانی ماف و ئازادییەکانیاندا بووە.

ناسینی قووڵی سیاسی، ئەزموون، ڕوانگەکان و بۆچوونەکانی د. قاسملوو لەم ماوەیەدا، هەروەها ڕێنوێن و یارمەتیدەری ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ڕووداوەکانی شۆڕشی ژینا و هەڵوێستگرتن لەئاستیاندا بوون. حیزبی دێموکرات چ لە پێوەندی لەگەڵ پشتیوانی و ڕێنوێنیی خەباتی خەڵکەکەمان لە نێوخۆی وڵاتدا، چ لە دیالۆگ و هاوکاری لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانیی دەرەوەی وڵاتدا، ڕوانگە دروستەکانی ئەم ڕێبەرە لێهاتووەی خۆی فەرامۆش نەکردووە و، کردوونی بە چرای ڕێگەی تێکۆشانی. لە ٣٤ ساڵەی شەهیدبوونی د. قاسملوودا، هەڵوێستەیەک لەسەر ڕۆڵ و کاریگەریی ئەو ڕێبەرە مەزنە لە دیاریکردن و ئاراستە کردنی ڕێبازی خەبات و خۆراگریی خەڵکی کوردستان بەرانبەر ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیدا دەکەین. هاوکات ئاوڕ لە باوەڕ و تێگەیشتنی ئەو ڕێبەرە لە بارەی جۆری سیستەمی دەسەڵاتدارەتیی گونجاو بۆ داهاتووی ئێران دەدەینەوە. باوەڕێک کە لە واقیع و تانوپۆی جوغڕافیای ئێران سەرچاوەی گرتووە، لەگەڵ ڕۆحی سەردەم و داخوازەکانی شۆڕشی نوێی نەتەوە بندەستەکانی ئەم جوغڕافییایە گونجاوە و، دەتوانێ لە وەدیهێنانی داهاتوویەکی دڵخواز بۆ ئێران و کوردستاندا، ڕێنوێن و یارمەتیدەرمان بێ.

کوردستان، پێشەنگی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ دیکتاتۆریی کۆماری ئیسلامی و، سەرتۆپی پشوودرێژی لە خۆڕاگری و ملنەدان بۆ دەسەڵاتی ئەو ڕێژیمە ئازادیکوژە بووە. "ئێمە هەوەڵین کەس بووین لە بەربەرەکانێ لەگەڵ ڕێژیمی خومەینیدا و لەم باوەڕەداین لە داهاتووشدا ئاخرین کەس دەبین کە بەربەرەکانیمان لەگەڵ ڕیژیمی خومەینی هەر دەمێنێ."(١) حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە ڕێبەریی د. قاسملوو، ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەی لە هەڵنەفریوانی خەڵکی کوردستان بە دروشمی دژی ئەمپریالیستیی ئەو ڕێژیمە و بانگەشەی بەدرۆی خومەینی لە بارەی برایەتیی نێوان ئۆممەتی ئیسلامیی ئێراندا هەبوو. بایکۆت و بەشدارینەکردنی زۆرایەتیی خەڵکی کوردستان لە ڕێفراندۆمی دەنگدان بە کۆماری ئیسلامیدا، ئەگەر لەلایەکەوە مەلەکردنی ئەو خەڵکە بەپێچەوانەی ڕەوتی ئاو و وەئەستۆگرتنی تێچووە قورسەکانی بوو، لەلایەکی‌ ترەوە، بەشانازییەوە بەشدارنەبوون بوو لە زاڵکردنی سیستەم و دەسەڵاتێکی کۆنەپەرست، دیکتاتۆر و دژەمرۆیی بە سەرچارەنووسی نەتەوەکانی ئێراندا؛ سیستەم و دەسەڵاتێک کە ڕەشترین و تاڵترین سەردەمەکانی بە سەر کۆمەلگەی ئێراندا سەپاندووە. ئەو هاودەنگییەی خەڵکی ئێران لە ڕەوتی شۆڕشی ژینادا لەگەڵ خەڵکی ڕاپەڕیوی کوردستان نواندوویانە و دەینوێنن، ڕێزگرتنە لە پێداگربوونی کوردستان لەسەر دێموکراسی و مافی نەتەوە بندەستەکان و بەرگرییان لە یەکسانیی ژن و پیاو و ڕەتکردنەوەی دیکتاتۆریی مەزهەبی، هەر لە ڕۆژی یەکەمی هاتنە سەرکاری ڕێژیمی ئاخوندەکانەوە؛ پێزانینە لە ئاست وشیاریی سیاسیی بزووتنەوەی نەتەوەیی و شۆڕشگێرانەی کوردستان و ئەو نرخە قورسەی کە نەتەوەی کورد لە ئێران لە ماوەی  ٤٤ ساڵی ڕابردوودا، لە خەبات دژ بەو ڕێژیمە دیکتاتۆرەدا پێشکەشی کردووە. تێرۆر و لەدەستدانی ڕێبەرێکی گەورەی وەک د.قاسملوو، بەشێک لەو قوربانیدانە بووە.

لەگەڵ ئەوەی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامیی وا نیشان دەدەن کە بە ئێعدام، گرتن، کوشتن و زاڵکردنی کەش‌وهەوای سەرکوت، کۆتایییان بە شۆڕشی ژینا هێناوە، بەڵام خۆشیان دەزانن کە ئەم دۆخە، کاتییە و، ڕێژیمەکەیان لە چاوەڕوانیی تەقینەوەی دووبارەی بورکانی ناڕەزایەتی و تووڕییی نەتەوەکانی ئێران‌دایە. خەڵکی ئێران بە پێشەنگایەتیی کوردستان و بە وەڕێخستنی شۆڕشی "ژن، ژیان ئازادی" لێبڕاویی خۆیان بۆ تێپەڕین لەم ڕێژیمە سەلماندووە، هەربۆیە پرسی ئامادەکردنی ئەلترناتیڤی کۆماری ئیسلامی، هەروا یەک لە گرنگترین پرسەکانی ئەم شۆڕشەیە. دەرسێک کە خەڵکی وڵاتەکەمان و هێزە سیاسییەکانی لە مێژووی هاوچەرخی ئێران دەبێ وەریان‌گرتبێ، ئەوەیە کە نابێ جارێکی ‌تر سیستەمێکی دیکتاتۆری، بە دیکتاتۆرییەکی ‌تر بگۆڕنەوە. حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەتایبەتی لە ماوەی شۆڕشی ژینادا، لە هاندانی هێز و لایەن و کەسایەتییە خەباتکار و ئازادیخوازەکانی ئێران بۆ دیالۆگ و هاوکاری لەگەڵ یەکتر بە مەبەستی یەکگرتن و هاوپەیمانی و پێکهێنانی ئەڵترناتیڤی ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی، غافڵ نەبووە. سەرەرای ئەمەش، ڕاشکاو و پێداگر بووین هاوپەیمانەتییەکمان دەوێ کە وێڕای ڕەتکردنەوەی هەرچەشنە سیستەمێکی دیکتاتۆری، چ ئیسلامی و چ شایەتی بۆ ئێرانی داهاتوو، دان بە فرەنەتەوەبوونی ئێراندا بنێ و، مافە نەتەوەیییەکانیان بەڕەسمی بناسێ. ئێمە بە قووڵی باوەڕمان بە دروستیی ئەم وتەیەی د. قاسملووی نەمر هەیە کە "بێ بوونی ڕێژیمێکی دێموکراتیک، مافە نەتەوەییەکانی گەلی کورد و گەلانی ‌تری ئێران دابین نابێ و، بەبێ دابینبوونی مافە نەتەوەییەکانی گەلی کورد و گەلانی‌تری ئێران، ڕێژیمێک ناتوانێ دێموکراتیک بێ. ئێمە دڵنیاین هیچ ڕێژیمێک لە ئێراندا ڕێژیمێکی بەڕاستی گەلی، دادپەروەر و دیموکڕاتیک نابێ ئەگەر نەتوانێ مەسەلەی نەتەوایەتی کە یەکێک لە گیروگرفتە بنەڕەتییەکانی وڵاتی ئێمەیە، چارەسەر بکا."(٢)

لە کاتێکدا یادی ٣٤ساڵەی تێرۆری د. قاسملوو، و هاوڕێ عەبدوڵلا قادری ئازەر دەکەینەوە کە پەروەندەی ئەم تێرۆرە بەداخەوە هەروا بە داخراوی ماوەتەوە. سات‌وسەودای نهێنیی ٣٤ ساڵ لەمەوبەری حکوومەتی ئەوکاتی ئوتریش لەگەڵ ڕێژیمی تێرۆریستی ئێران لەسەر کەیسی تێرۆری د. قاسملوو، ڕێخۆشکەر و هاندەری ئەو ڕێژیمە بۆ بەردەوامی لەسەر تێرۆری نەیارانی لە ئورووپا و وڵاتانی‌ تر بوو. مێژووی پێوەندییەکانی وڵاتانی ڕۆژاوایی و کۆماری ئیسلامیی ئێران، پڕە لەم ڕاستییە کە هەرکات دادگاکان و ناوەندە سیاسییەکانی وڵاتانی ڕۆژاوایی، بە جیددی و لێبڕاوییەوە لەگەڵ کردەوە و پیلانە تێرۆریستییەکانی ئەو ڕێژیمە لەسەر خاکی خۆیان ڕووبەڕوو بوونەتەوە، دەسەڵاتدارانی تێرۆریستی ئێران ناچار بە دواخستنی پیلانەکانیان بوون. بەڵام ئەو کاتانەی ڕۆژاوا بە نەرمی لەگەڵیان جووڵاوەتەوە، کۆماری ئیسلامی بە شێوەیەکی بەرفراونتر و ڕاشکاوانە لەنێو جەرگەی وڵاتانی ڕۆژاواییدا دەستی بۆ تێرۆر و ڕفاندن بردووە، یا لە نێوخۆی ئێراندا هاووڵاتییانی ڕۆژاوایی بە بارمتە گرتوون. لە مانگەکانی ڕابردوودا، شایەدی ئێعدامی ژمارەیەک چالاکی سیاسیی ئێرانی بووین کە ڕێژیمی تێرۆریستی ئێران لە دەرەوەی سنوورەکان ڕفاندبوونی. وڵاتانی ڕۆژاوا نەک هەر دژکردەوە و هەڵوێستێکی شیاویان لەئاست ئەم تاوانانە نەبووە، ژمارەیەک لە دیپڵۆمات تێرۆریستەکانی ئەو ڕێژیمەشیان کە لە دادگاکانی خۆیاندا سەبارەت بە ئەنجامدانی کردەوەی تێرۆریستی مەحکووم ببوون، بەدوای ڕێککەوتن و سات‌وسەودای نهێنی لەگەڵ تاران، بەڕەڵلا و ڕەوانەی ئێرانیان کردوونەوە.

داوا و چاوەڕوانییەکانی  نەتەوەکانی سەر جوغڕافیای ئێران لە دەوڵەتانی ڕۆژاوا لەبارەی بایکۆتی ئەو ڕێژیمەوە شاراوە نین. ئەو چاوەڕوانییانە بەهۆی ڕێپێوان و میتینگە دەیان هەزار کەسییەکان لە پێتەختی وڵاتانی جیهان بە ئاگاداریی بیروڕای گشتیی وڵاتانی ڕۆژاوایی گەیشتوون. حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، هەرچەشنە ڕێککەوتن و سات‌وسەودای نهێنیی وڵاتانی ڕۆژاوایی لەگەڵ ڕێژیمی تێرۆریستی کۆماری ئیسلامی بە مەبەستی چاوپۆشی لە کردەوە تێرۆریستییەکان و بەرنامە ناوکییەکەی و هەروەها زەوت و سەرکوتی مافەکانی مرۆڤ، بە توندی مەحکووم دەکا. باجدان بە ڕێژیمێک کە ڕەوایی نەماوە و بە زەبری سەرکوتێکی هەمەلایەنە، ڕووخانی خۆی وەدواخستووە، هەر تەنیا خەیانەت بە شۆڕشە سەرانسەرییەکەیان نییە، بەڵکوو چاونوقاندنە لەئاست دەستتێوەردان و هەڕەشەکانی ئەو ڕێژیمە بۆسەر وڵاتانی ناوچە؛ خۆگێلکردنە لە دەستتێکەڵکردنی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ ڕووسیە بۆ داگیرکاری و کوشتاری خەڵکی ئۆکڕاین؛ مەیداندان بە یاغیگەری و تێرۆریزمی دەوڵەتی و نادیدەگرتنی ڕێوشوێنە نێودەوڵەتییەکان لەلایەن ئەو ڕێژیمەوەیە و زۆر ناخایانێ دووکەڵی ئەم جۆرە سیاسەتکردنە، دەچێتەوە چاوی خودی ئەو وڵاتانە و هاوپەیمانەکانیان لە ناوچەدا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە ٣٤ ساڵەی تێرۆری ڕێبەری شەهید د. قاسملوو، و هاوڕێ عەبدوڵڵا قادری‌ئازەردا، سڵاو بۆ گیانی پاکیان دەنێرێ و، لەگەڵ گیانی ئەوان و سەرجەم شەهیدان و قوربانییانی تێرۆر و سەرکوتی کۆماری ئیسلامیدا، بەتایبەتی شەهیدانی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی"، پەیمان نوێ دەکاتەوە کە تا کۆتایی‌هێنان بە تەمەنی ئەو ڕێژیمە و هێنانەسەرکاری ڕێژیمێکی دێموکراتیک لە ئێران، لێبڕاوانە لە خەبات بەردەوامە. ئەولەوییەتی حیزبی ئێمە لە هەلومەرجی ئێستادا تەرخانکردنی زۆرترین تواناکانی خۆی بۆ پشتیوانی لە شۆڕشی نوێ لە کۆمەڵگەی کوردستان و سەرانسەری ئێرانە. وەئەستۆگرتنی ئەم ئەرکە قورسە و هەر لەم کاتەدا پیرۆزەدا، لێمان دەخوازێ هەوڵەکانمان هەرچی زیاتر لەپێناوی پێکهێنانی یەکگرتوویی و هاوکاریی هێز و ڕێکخراوەکانی کوردستان و، تێکۆشان بە ئامانجی پێکهێنانی بەدیلێکی دێموکراتیک و فرەنەتەوە بۆ قۆناخی دوای کۆماری ئیسلامی، چڕتر بکەینەوە.

 

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی بەڕێوەبەری

١٥ی پووشپەڕی ١٤٠٢

(٦ی جولای ٢٠٢٣)

***

١) وەرگیراو لە وتووێژی د. قاسملوو لەگەڵ گۆڤاری "الیوم السابع"، سەرچاوە: ڕۆژنامەی "کوردستان"، ژمارە ١٠٩

٢) ڕۆژنامەی "کوردستان"، ژمارە  ١٨٧، پووشپەڕی ١٣٧١(ژوئیەی ١٩٩٢)