کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران دەنگی نەرێنیی بە بڕیارنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێکۆڵینەوە لە چارەنووسی خەڵکی بێسەروشوێنبووی شەڕی سووریە دا

10:51 - 10 پووشپەڕ 2723

کۆڕی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، بڕیارنامەیەکی پەسەند کرد کە بەپێی ئەو بڕیارە دامەزراوەیەکی سەربەخۆ لێکۆڵینەوە لە چارەنووسی زیاتر لە ١٣٠ هەزار کەسی بێسەروشوێنبوو لە کاتی شەڕ و پێکدادانەکانی سووریە دەکات کە ڕێژیمی ئێران دەنگی نەرێنیی پێ دا.

ڕۆژی پێنجشەممە ٨ی پووشپەڕ، بڕیارنامەی لێکۆڵینەوە لە چارەنووسی زیاتر لە ١٣٠ هەزار کەسی بێسەروشوێنبوو لە سووریە، بە ٨٣ دەنگی ئەرێنی، ١١ دەنگی نەرێنی و ٦٢ دەنگی بێ‌لایەن لەلایەن ١٩٣ ئەندامی ئەو کۆڕە، پەسەند کرا.

سووریە دژی ئەم بڕیارنامەیە بوو و ڕایگەیاند کە هاوکاریی ئەو دامەزراوە نوێیە ناکات، هەروەها کۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕووسیە، چین، کۆرەی باکوور، ڤێنێزۆئێلا و کوبا بە دژی ئەم بڕیارنامەیە دەنگیان دا.

ئەو دامەزراوە سەربەخۆیە بە سەرپەرستیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاستای "ڕوونکردنەوەی چارەنووس و شوێنی ونبووەکان و پشتیوانیکردنی قوربانییەکان و ڕزگاربووان و خێزانەکانیان" چالاکی دەکات.

بەپێی ئەو بڕیارنامەیە سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، ١٠٠ ڕۆژ دەرفەتی پێ دراوە تاکوو سەبارەت بە جێبەجێکردنی بڕیارنامەکە، ڕاپۆرتێک بداتەوە.

١٣ ساڵ بەسەر شەڕی نێوخۆیی سووریە تێدەپەڕێت کە هەتا ئێستا نزیکەی نیو میلیۆن کەس کوژراون و نیوەی دانیشتووانی ئەو وڵاتە ئاوارە بوون.

کۆمیسیۆنی نێودەوڵەتی بۆ ونبووەکان بە پشتبەستن بە بەراوردەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕایگەیاندووە کە لە ساڵی ٢٠٢١دا زیاتر لە ١٣٠ هەزار کەس لە سووریە لە ئەنجامی شەڕ و پێکدادانەکاندا بێسەروشوێن بوون.

جێگەی ئاماژەیە ڕێژیمی ئێران لە شەڕ و ئاڵۆزییەکانی نێو سووریەدا دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی هەبووە و لە ڕاستای پشتیوانی لە ڕێژیمی سووریە و بردنە پێشی سیاستە ئیدئۆلۆژییەکانی خۆی، جینایەتێکی زۆری لەو وڵاتەدا خولقاندووە.