کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئورووپاییەکان بەتەمان درێژە بە گەمارۆکانی پەیوەندیدار بە هاژەکی بالیستیک دژی ئێران بدەن

01:50 - 16 پووشپەڕ 2723

و لە ئینگلیزییەوە: کەماڵ حەسەن‌پوور

ڕۆیتەرز-جان ئایریش، ئارەش محەممەد و پەریسا حافزی

چوار سەرچاوە گوتوویانە سیاسەتوانانی ئورووپایی بە ئێرانیان گوتووە کە ئەوان بەتەمان گەمارۆکانی پەیوەندیدار بە هاژەکی بالیستیکی، پەسەندکراو لەلایەن یەکیەتیی ئورووپاوە کە قەرارە وەک بەشێک لە ڕێککەوتنی بەرجام لە ئۆکتۆبری ئەوساڵ ماوەکەی تەواو بێ، درێژە پێ بدەن و ئەو هەنگاوە دەتوانێ پەیوەندییەکان لەگەڵ ئێران تووشی قەیران بکات.

سەرچاوەکان بۆ درێژەپێدان بە گەمارۆکان ئاماژەیان بە سێ هۆ کردووە: کەلک‌وەرگرتنی ڕووسیە لە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانی لەدژی ئوکراین؛ ئەگەری گواستنەوەی هاژەکی بالیستیکی لە ئێران بۆ ڕووسیە و ئەستاندنەوەی ئیمتیازاتی بەرجام، بە لەبەرچاوگرتنی پێشێلکاریی ئەو ڕێککەوتنە لەلایەن ئێرانەوە، ئەگەرچی ئەو پێشێلکارییانە دوای کشانەوەی وڵاتە یەکگرتووەکان لەو ڕێککەوتنە جێبەجێ کراون.

هێشتنەوەی گەمارۆکانی یەکیەتیی ئورووپا، ڕەنگدانەوەی هەوڵەکانی ڕۆژاوا بۆ پێشگرتن بە گەشەپێدانی چەکی ناوکی و ئامرازی بەڕێکردنی ئەوانە، سەرەڕای تێکڕمانی ڕێککەوتنی ٢٠١٥، کە سەرکۆماری وڵاتە یەکگرتووەکان دۆناڵد ترامپ لە ٢٠١٨ لێی کشایەوە. نێوەرۆکی ئەو ڕێککەوتنەی ئێران لەگەڵ بریتانیا، چین، فەڕانسە، ئاڵمان، ڕووسیە و وڵاتە یەکگرتووەکان واژۆی کرد، سنووردار کردنی بەرنامەی ناوکیی ئێران بۆ دژوارترکردنی وەدەستهێنانی ڕێژەی پێویست ئۆرانیۆمی پیتێندراو بۆ بومبی ناوکی لە بەرانبەر سووککردنی گەمارۆی ئابووریدا بوو.

بەگوێرەی بەراوردی وڵاتە یەکگرتووەکان، لە ئاکامی کشانەوەی ترامپ لە بەرجام و ناسەرکەوتوویی سەرکۆمار بایدن لە زیندووکردنەوەکەیدا، ئێران دەتوانێ لە ماوەی ١٢ ڕۆژدا ئۆرانیۆمی پیتیندراوی پێویست بۆ بۆمبێک دروست بکات. ئەوە لە کاتێک‌دایە کە لە کاتی واژۆ کرانی بەرجامدا ئەو ماوەیە ساڵێک بوو.

چونکە بەرجام نەماوە، پێوەندییەکانی ئێران لەگەڵ دنیای ڕۆژاوا لە ساڵی ڕابردوودا خراپتر بووە، بە شیوەیەک کە واشینگتۆن و هاوپەیمانەکانی لە هەوڵی دۆزینەوەی ڕێگای هێورکردنەوەی گرژییەکان‌دان و ئەگەر لەو کارەدا سەرکەوتن، بەتەمان ڕێگاچارەی جۆرێک سنووردار کردنی بەرنامەی ناوکی بدۆزنەوە. ئێران حاشا لەوە دەکات بەدوای چەکی ناوکییەوە بێ، کە ڕوژاوا وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر ئیسڕائیل و هەناردە کردنی نەوتی وڵاتانی عەڕەبی کەنداو سەیری دەکەن.

ئەگەری تۆڵە ئەستاندنەوەی ئێران 

سیاسەتوانێک بە مەرجی نەدرکاندنی ناوەکەی گوتی، "بەئاشکرا بە ئێرانییەکان گوتراوە کە گەمارۆکان وەک خۆیان دەمێننەوە و ئێستا پرسیار ئەوەیە ئێرانییەکان لەوانەیە کام هەنگاوی تۆڵەئەستێنانە بگرنە بەر (ئەگەر هەنگاوێکی ئەوتۆ بگرنە بەر) و چۆن چاوەڕوانی ئەو هەنگاوە بین."

گەمارۆکانی یەکیەتیی ئورووپا قەرارە ١٨ی مانگی ئۆکتۆبر بەگوێرەی بڕیاری نەتەوە یەکگرتووەکان لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ناوکی (٢٠١٥) هەڵگیرێن. ئەوان "داوایان" لە ئێران کردبوو لە هەر کارێک بۆ گەشەپێدانی هاژەکی بالیستیک کە بتوانێ هەڵگری چەکی ناوکی بێ خۆ ببوێرن، فۆرمولە کردنێک کە بۆنی قەدەغە کردنی لێوە نایە.

ئەوان بە هەمان شێوە کڕین، فرۆشتن یان گواستنەوی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و بەشەکانیان کە بتوانێ زیاتر لە مەودای ٣٠٠ کیلۆمیتر لە ئێرانەوە یان بەرەو ئێران بفڕێ، پێش ئیزنی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە هەموو کەس و لایەنێک قەدەغە کرد. لە ٢٠١٧ بەولاوە، بە پێچەوانەی بڕیارنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئێران تاقمێک تاقیکرتدنەوەی هاژەکی بالیستیک و ناردنی مانگی دەستکردی بەڕێوە بردوون و لە مانگی مای، هاژەکێکی تاقی کردەوە کە مەوداکەی دەگاتە ٢٠٠٠ کیلۆمیتر.

زلهێزانی ئورووپایی نیگەرانی پەرەئەستاندنی پەیوەندییەکانی بەرگریی نێوان تاران و مۆسکۆن و کاربەدەستانی ڕۆژاوایی دەڵێن بەڵگەیان بۆ کەلک‌وەرگرتنی ڕووسیە لە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانی دژی ئوکراین بەدەستەوەیە و ئەگەری ئەوەش هەیە ئێران هاژەکی بالیستیک هەناردەی ڕووسیە بکات.

هێشتا ڕوون نییە تاقمە سێ قۆڵییەکەی ئورووپا، پێکهاتوو لە بریتانیا، فەڕانسە و ئاڵمان، لە کاتی چاوپێکەوتنی کاربەدەستە پلەبەرزەکەیان لەگەڵ عەلی باقریی‌کەنی لە ١٢ی جوون لە ئەبوزەبی، بە ئێرانیان گوتووە کە بەتەمان گەمارۆکان درێژە پی بدەن.

کاربەدەستێکی ئێرانی بە مەرجی نهێنی‌مانەوەی ناوەکەی بە ڕۆیتەرزی گوتووە، سیاسەتوانی ئورووپایی، ئێنریکە مۆرا، کە ڕێکخەری وتووێژەکان لەمەڕ ڕێککەوتنی ٢٠١٥یە، پرسی پاراستنی گەمارۆکانی یەکیەتیی ئورووپای لە ٢١ی مانگی جوون لە دۆحە بە باقری کەنی گوتووە، بەڵام ئەو کاربەدەستە ئێرانییە خۆی لە باس لەو پرسە بواردووە.

کاربەدەستێکی دیکەی ئێرانی خۆی لە باس لەبارەی ئەگەری پاراستنی گەمارۆکانی یەکیەتی ئورووپا بواردووە و گوتوویەتی ئێران سەرەڕای گەمارۆکانی ڕۆژاوا، بەرنامەی ناوکی و هاژەکی خۆی گەشە پێداوە. ئەو کاربەدەستە ئێرانییە، کە ئەویش داوای بەنهێنی‌مانەوەی ناوەکەی کردووە گوتی، درێژە پێدانی گەمارۆکان، لە هەر ئاست و بە هەر شێوەیەک، پێش بە پێشکەوتنە هەنووکەییەکانی ئێران ناگرێ. ئەوە بیرهێنەرەوەی ئەو ڕاستییەیە کە ڕۆژاوا بۆ پشت پێبەستن و متمانە پێکردن نابێ."

ڕێککەوتنە ناوکییەکە "چیدیکە لە ئارادا نییە"

وەزارەتی کاروباری دەرەوەی بریتانیا هێچ لێدوانێکی لەمەڕ پاراستنی گەمارۆکان لەلایەن سێ زلهێزی ئورووپایی یان ئاخۆ هیچ بڕیارێکیان بە ئێران ڕاگەیاندووە، نەداوە. بەڵام، وتەبێژێکی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی بریتانیا لەبارەی وتووێژەکانی ١٢ی جوون لە ئەبوزەبی گوتی، "لەو چاوپێکەوتنەدا تاقمێک نیگەرانی لەبارەی هەڵسوکوتی ئێران، لە ناویاندا پەرەپێدانی بەرنامەی ناوکی، هاتبوونە ژێر باس."

وەزیرانی دەرەوەی فەڕانسە و ئاڵمانیش لێدوانی هاوشێوەیان لەبارەی ئەو توووێژە هەبوون. سیاستەوانێکی ئورووپایی گوتی مۆرا دەستی بە داڕشتنی بناغەی یاسایی بۆ پاراستنی گەمارۆکان کردووە کە قەرارە لەلایەن ٢٧ ئەندامی یەکیەتیی ئورووپاوە پەسەند بکرێ، دوو سەرچاوە گوتیان پرسەکە هێشتا لەنێوان ئەندامانی وڵاتانی یەکیەتی ئورووپا نەهاتۆتە ژێر باس. ئەو سیاسەتوانە گوتی، "هەڵگیرانی گەمارۆکان بە گوێرەی ئەو گریمانە بوو کە بڕیاری ٢٢٣١ (مەبەست بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانە کە لە ڕێککەوتنی بەرجامدا هاتووە) ڕێزی لێ بگیرێ. ئەو داوایە جێبەجێ نەکراوە، کەوابوو وتووێژێک لەگەڵ ئێرانییەکان لە ئارادایە کە ئێمە ئەو گەمارۆیانە هەڵناگرین."

وتەبێژی یەکیەتیی ئورووپا، نەبیلە ماسرالی، گوتی بەرجام هێندێک وردەکاریی لە بارەی ئەرکەکانی لایەنە جیاوازەکانی بەناو ڕۆژی گواستنەوە کە هێشتا چەند مانگی ماوە (١٨ی ئۆکتۆبر) شی کردوونە. ئەو لە وەڵامی پرسیارەکانی ڕۆیتەرزدا گوتی، "ئێمە زانیاریی زیاتر لەمەڕ لایەنەکانی پەیوەندیدار بە یەکیەتیی ئورووپارە، لە کاتی پێویستدا، بڵاو دەکەینەوە." بەگوێرەی ڕێککەوتنی ناوکیی ٢٠١٥، هەرکام لە لایەنەکان دەتوانێ "مێکانیزمی پەلەپیتکە" یان گەڕاندەوەی سەرجەم گەمارۆکان، کارا بکات. زۆربەی گەمارۆکانی وڵاتە یەکگرتووەکان دوای کشانەوەی ترامپ، سەپێنراونەوە.

بەڵام، سێ سەرچاوە گوتیان کە سێ زلهێزە ئورووپاییەکە زۆرتر لەبەر ئەو هۆیە پێیان خۆش نەبوو ئەو کارە بکەن چونکە ئەوە بنکۆڵکردنی ئەو هەڕەشەیە بوو کە ئەوان ساڵی ڕابردوو لە نامەیەکدا بە وەزیری کاروباری دەرەوەی ئێرانیان ڕاگەیاند، واتە بێتوو ئێران ئۆرانیۆم بۆ ئاستی کەڵک لێ وەرگیران بۆ بۆمبی ناوکی بپیتێنێ، ئەوان "مێکانیزمی پەلەپیتکە" کارا دەکەن.

ئێران ئۆرانیۆمی تا ئاستی ٪٦٠ پیتاندووە و ناوەندی چاودێریی ناوکی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ئاسەواری ئورانیۆمی پیتێندراو بە پلەی ٪٨٣،٧ دیتۆتەوە کە کەمێک لە پلەی ٪٩٠ کەمترە کە بۆ چەکی ناوکی پێویستە. ڕێککەوتنی ٢٠١٥ سنووری پیتاندنی ٪٣،٦٧ دیاری کردبوو.

هێنری ڕۆم، لێکۆڵەرەوەیەکی ئەنستیتۆی سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی نزیک لە واشینگتۆنە، گوتی بڕیاری یەکیەتی ئورووپا بۆ پاراستنی گەمارۆکان دەتوانێ یەکەم هەنگاوی بەرچاوی سێ وڵاتی زلهێزی ئورووپایی بێ کە بە مانای پێشێلکردنی ڕێککەوتنی ناوکی ٢٠١٥ یە. رۆم گوتی، "ئەوە جێگرەوەی بڕیاراتی نەتەوە یەکگرتووەکان نییە، بەڵام دەتوانێ لانی کەم لە چوارچێوەی دەسەڵاتی دەوڵەتانی ئورووپاییدا، بەو مانایە بێ کە ئەوان ملکەچی ئەو جۆرە کردارانەی ئێرانییەکان نابن و، ڕەنگدانەوەی ئەو بۆچوونەیە کە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕێککەوتنێکی چەسپاندووە کە بە هێچ شێوەیەک بوونی نەماوە."