کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"کۆساڵان" و "بۆڕیەر"، حەماسەیەک بۆ خوڵقاندنی مێژوو

00:22 - 16 پووشپەڕ 2723

ئەژین حوسێنی

لەوەتا لەبیرمە کۆساڵان و ناوەکەی لام مەزن، بەرز و پیرۆز بووە. ڕاستە تەمەنم ئەوەندە نەبوو بە چاوی خۆم حەماسە و قارەمانەتییەکانی هێزی پێشمەرگە ببینم، بەڵام گێڕانەوەی بەسەرهات و چیرۆکی قارەمانەتیی پێشمەرگەکان لەلایەن کەسوکار و تەمەندارەکانی بنەماڵە و دەوروبەرمان بۆ نەسڵی ئێمە، هەموو ببوونە هۆکارێک کە "کۆساڵان" لای ئێمە بە هێمایەکی بەرز و مەزن بناسرێ.

پووشپەڕی 95 کاتی هاتوچۆی من بۆ سەوڵاوا بۆ کاروباری زانکۆ و دەستپێکی تاقیکارییەکانی کۆتایی ساڵی خوێندن بوو. هەموومان ئاگاداری جموجۆڵی نائاسایی هێزەکانی ڕێژیم بەرەو کۆساڵان بووین. هەواڵە دڵتەزێنەکە تەمی خستبووە دڵی هەموو خەڵکەوە: "پۆلێک پێشمەرگە لە کۆساڵانن و کەوتوونەتە بۆسەی دژمنەوە و بەداخەوە شەهیدیشمان داوە".

ئۆەقرەمان لێ‌ هەڵگیرابوو. هێزێکی زۆر و کۆک‌وپۆشتەی ڕێژیم سەوڵاوا و گوندەکانی دەوروبەریان گەمارۆ دابوو. لە ماوەی ئەو شەڕ و تێکهەڵچوونەدا کە چەند ڕۆژێکی خایاند؛ هێزەکانی ڕێژیم لە شاری سەوڵاواوە بە تۆپ و خۆمپارە کۆساڵان و مەیدانی شەڕەکەیان تۆپباران و کاتیوشاباران دەکرد و ئەوەش ببووە هۆی ئاگرتێبەربوون و سووتانی کۆساڵان.

زیانەکان لە بەرەی دژمنیش کەم نەبوون و جەندەکی دەیان کەس لە بەکرێگیراوانی ڕێژیم لە گۆڕەپانی شەڕەکە کەوتبوو، و ژمارەیەکی زۆریشیان بریندار ببوون کە هەر ئەمە ببووە سوکنایی دڵی زامداری خەڵکی ناوچەکە و بێگومان هەموو کوردستانیش کە لەسوێی لەدەستدانی ڕۆڵە پێشمەرگەکانیان سەریان لەهەش نابوو.

لەو شەڕ و تێهەڵچوونەدا نۆ پێشمەرگە شەهید ببوون و دوو کەسیان توانیبوویان ئاڵقەی گەمارۆکە بشکێنن. ئەوان پەیامی خۆیان بە بایی ژیانیان گەیاندە گەلەکەیان و کۆساڵانیان کرد بە هێمای خۆڕاگری. ئەو حەماسەیە وایکردبوو ناوی پێشمەرگە لە کۆڵان و بن دیوار، لە بازاڕ و مووچە و مەزرا، لە قوتابخانە و زانکۆکان و لەهەر کۆڕ و کۆبوونەوەیەکدا باسی سەر زاری هەمووان بێت و ئۆخژنیان پێ ببەخشێت. ئیتر کۆساڵان لەپێش چاویان بە هەیبەتتر لە جاران خۆی دەنواند و، ئەو حەماسە و خۆڕاگرییە و، ئەو ورە و بڕوای بەرز و ئیرادە لەگیران‌نەهاتووانە بوون بە هێمای ورەبەخشیی پێشمەرگە و بەرچاوڕوونیی خەڵک بۆ بەشداریی لە خەباتدا.
میلەکانی کاتژمێر بۆ دە ڕۆژ وەپێش دەخەین: ئەو دوو پێشمەرگەیەی کەمینەکەیان تێک شکاندبوو و خۆیان لە ئامێزی کۆساڵاندا بۆ بەگژداچوونەوەی دوژمن ئامادە کردبوو، "کاوە جەوانمەرد" و "سەرکەوت سەمەدی"یان ناو بوو. ئەوان لە شوێنی شەڕەکە دەرباز ببوون و دوای حەوتوویەک لە بۆڕیەر بەهۆی ڕاپۆرتی خاکفرۆشانەوە شوێنیان هەڵگیرا و کەوتنە بەر هێرشی دڕندانە و نامرۆڤانەی هێزەکانی ڕێژیم و پاش بەربەرەکانێیەکی زۆر شەهید بوون.

شەهید سەرکەوت کە خۆی خەڵکی سەروماڵ بوو، شارەزای ناوچەکە بوو. ئەو خۆی و هاوڕێ بریندارەکەی گەیاندبووە "هۆزەلی" لە بۆڕیەری شەهید ئەسعەد موقەدەسی و جێگەی دەیان حەماسە و قارەمانییەتی پێشمەرگەکانی دەیەی شەست، تا شەکەتی جەستەی تەزیوی خۆیان دەرکەن و تینێک وەبەر گیانی نەسرەوتوویان بگەڕێت. ئەوان دەیانزانی زۆربەی خەڵکی ئاوایی نیشتمانپەروەر، پێشمەرگەدۆست و ڕزگاریخوازن. دەیانزانی "کاڵیسەر" تامەزرۆی بینینی پێشمەرگەیە، وەک دایکی لە هەڵبڕاو، وەک گراوی لە یار دابڕاو. داربەڕووەکانی "هۆزەلی" و "داواری" و "واریتەوەن" کە هەمیشە پەنا و حەسانەوەی پێشمەرگەکان بوون باوەشیان بۆ ئەویندارانی ئازادی گرتبۆوە و، کانیاوەکانی بۆڕیەر بە حەسرەتی شکاندنی تینوێتیی خۆشەویستترین ڕۆڵەکانی نیشتمان بوون... .

هێزەکانی ڕێژیم هەر وەک ئەو دیمەنانەی لە هێرشی داعشمان بینیوە، ڕژانە سەر ئاوایی. ماشینێکی زۆر کە دۆشکا و بی.کەی.سی و تیرباریان لەسەر دامەزرابوو، و پڕ بوون لە جاش و پاسدار، بە ئاواییەوە وەر بوون. وەک بڵێی هاتبێتنە کافرستان بۆ جێبەجێکردنی فەرمانی جیهادی خومەینیی جەلاد، بۆ خوڵقاندنی تاوانێکی دی بە پیشەی هەمیشەییان... .

هێزی داعیش‌ئاسای پاسدارەکان هیچ زانیارییەکیان لەسەر ئاوایی ئێمە نەبوو، و ئەوە جاشەکان بوون بۆ دەستخۆشانە و خۆشخزمەتی و حەڵاڵکردنی ئەو سەولەیەی دەیاندەنێ، چاوساغیی ئەوانیان دەکرد. نێو ئاوایی بە هەموو هەرد و هەوار و کانی و ڕێگاکانی بە هێزەکانی ڕێژیم تەندرابوو، و جاشەکانیش وەک هەمیشە کەواسووری بەر لەشکەر. ئەوان داربەڕووەکان، کانییەکان، دەنگەکان، نیگاکان هەمووو هاتوچووەکانیان خستبووە ژێر چاوەدێریی خۆیان. فەرماندەی هێزەکەی دوژمن (ڕەجەبی) کە لە ترسی قەنناسەکەی مامۆستا سەرکەوت -کە دەیان کەلاکی لە هێزەکانی خستبوو- هێزێکی زۆری لە دەور و پشتی وەک قەڵغان دانابوو، و پیلانی گرتنی دواسەنگەری شۆڕەسوارەکانی حیزبی دێموکراتی دادەڕشت. "زیارەتان"، "ملەکەوە" ڕووبەڕووی "هۆزەلی" پڕ بوون لە گەلە کەمتیارە برسییەکان و لوولەی دۆشکایان تێگیراندبوون و لەوبەریش، لە چوار لاوە "هۆزەلی"یان گەمارۆ دابوو. زۆری نەبرد ئاگریان لە هۆزەلی بەردا و مووچە و مەزرای گەنمی خەڵکیان سووتاند و ئیزنیان بە هیچ خاوەن موچە و باخێک نەدا بچێت بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە.

جووتە پێشمەرگەی قارەمانی ئەم حەماسەخوڵقێنییە کە ھەموو فیشەکەکانی خۆیان لەو شەڕەدا بەردرێژەدا تەقاندبوو، یەکی تەنیا نارنجۆکێکیان پێ مابوو. ئەوان بۆ ئەوەی بەزیندوویی نەکەونە دەست گەلی کەمتیارە برسییەکان و بە دیل نەگیرێن، نارنجۆکیان بە خۆیاندا تەقاندەوە. بۆ چەند چرکە دنیا کش و مات بوو، و دەنگی نارنجۆکەکە بە مل هەموو دەنگەکاندا زاڵ بوو.

دوای تەقەی نارنجۆکەکە کەمتیارە برسییەکان کە لە سەرەتاوە لە تەرمەکانیشیان دەترسان، لە هەموو لایەکەوە دەستیان کردە تەقەکردن لێیان و، ڕژانە سەریان. ئەوان بە ڕق و قینەوە هەستیان بە سەرکەوتن دەکرد و لەو بێدەنگییە مەرگاوییەدا هاوار و قیژەی پاسدارە دڵپڕ لە قینەکان لە چوار لاوە دەنگی ئەداوە.

بە تەقەی نارنجۆکەکە جەرگی هەموو دایکانی بۆڕیەر وەک جەرگی دایە نەهیە سووتا و ئاگرێک کە کەوتە هۆزەلی گڕی لە دەروونی هەموو خەڵکی ئاوایی بەردابوو. سەرتاپای ئاوایی خەم دایپۆشی و دڵی خەڵک شەقار شەقار ببوو. سیما و ڕوخساری ئاوایی بۆڕیەر وەک کەسێکی زنجیرکراو، بریندار، ماندوو و شەکەت وابوو کە ھیچیشی لە دەست نەیەت. خەڵک بە داخ و کەسەرەوە و بە نیگایەکی پڕ لە بەزەیی و بێدەسەڵاتییەوە تەماشای یەکیان دەکرد و ئەو دیمەنانە تاڵەتامی مەرگی خستبووە هەناوی برینداری ئاوایی شۆڕشگێڕ و نیشتمانپەروەری بۆڕیەرەوە. دەتگوت هەر ماڵێ بە شینی کوڕێکەوە دەتلێنەوە، دەتگوت کۆمەڵکوژ کراوین، وەک ئاوایی قاڕنێ و قەڵاتان و... .

شەقار شەقار بوو،

سنگی "کاڵیسەر"

ئەنجن ئەنجن،

جەستەی داربەڕووە کانی "هۆزەلی"

کانی "مامایش" گریا و

"واریتەوەن" بەرۆکی خۆی داڕنی!

"داواری" دەستی بە خوڵ پێوان کرد

بۆسۆی سووتانی جەرگی دایکم هات

ئەو دەمەی وا

تک تک

خوێنی زامی "شەهید" ڕژایە سەر ڕوخساری خاک..

هەرچەند ئەمزانی قەت نامرن

بەڵام نازانم لە بەرچی چاوەکانم بۆتان دەگریا

پیاوکوژان و هێزی موغول‌ئاسای ڕێژیم سەرمەستی ئەو سەرکەوتنە! تەرمی شەهیدەکانیان لە چاوی خەڵک شاردەوە و بە ئوتومبیل ڕفاندیانن هەتا گۆڕبزریان بکەن. بەڵم خافڵ لەوە بوون لەوە کە کاکۆی جەوانمەرد و فەرماندە سەرکەوت بووونە ئۆستوورەیەک بۆ خەڵک! کاکۆ بۆڕیەری کردە سیما و هێمای بەرخودان و لە سێبەری دارە سووتاوەکانی هۆزەلیشدا مامۆستا سەرکەوت ئیتر تەنیا هەر مامۆستا نییە، بەڵکوو هۆزەلی کردە قوتابخانە و هەموو ڕۆژێک قوتابییانی ئەو مەکتەبە لە کانیی بیری دەخۆنەوە و هێز و تینی خەباتی لێ وەردەگرن... .

لە ساڵیادی شەهیدبوونی شەهیدانی "کۆساڵان"دا هەزاران سڵاو لە ناو و یادی هەرمانیان.