(بەبۆنەی ٢٦ی ژوئەن -٥ی پووشپەڕ- ڕۆژی جیهانیی پشتیوانی لە قوربانییانی ئەشکەنجە)
عومەر باڵەکی
هەموو ساڵێک لە ڕۆژی ٢٦ی ژوئەن (٥ی پووشپەڕ) بە پشتیوانیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سەرانسەری جیهاندا کۆمەڵێک چالاکیی جۆراوجۆر بەڕێوە دەچن کە تێیدا بەدژی ئازار و جەزرەبەی زیندانیان باس دەکرێ. هەروەها رێز لە هەموو ئەو کەسانە دەگیردرێ کە بە هۆی ئەزیت و ئازار لە زیندانەکاندا گیانیان لە دەست داوە، یا توانیوویانە بە کۆڵەمەرگی لە زیندانی دەسەڵاتدارانی سەرەرۆ گیان دەرباز بکەن.
ڕۆژی ٢٦ی ژوئەن بە دوو هۆکار لەلایەن کۆڕی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان بە ڕۆژی جیهانیی پشتیوانی لە قوربانییانی ئەشکەنجە دیاری کراوە. یەکەم لە ڕێکەوتی ٢٦ی ژوئەن ١٩٤٥دا مەنشووری نەتەوە یەکگرتووەکان وەک یەکێک لە گرینگترین بەڵگەنامەکانی نێونەتەوەیی کە ئەندامەکانی پابەند بە جێبەجێکردن و گەشەپێدانی مافەکانی مرۆڤ دەکا، پەسند کرا. دوویەم لە ٢٦ی ژوئەنی ١٩٨٧دا کۆنڤانسیۆنی پێوەندیدار بە نەهێشتنی ئەزیەت و ئازار و هەموو جۆرە سزایەکی بێبەزەییانە و دژە ئینسانی و شکاندنی حورمەتی مرۆڤایەتی، لە کۆڕی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکاندا پەسند کرا و کەوتە خانەی جێبەجێکردن.
لە وڵاتانی دێموکراتیکدا بەهۆی ئەوەی یاسا هەتا ڕادەیەکی بەرچاو حاکمە و گشت تاک و کۆی کۆمەڵگە لە بەرانبەر قانووندا یەکسانن، هەموو ئەو یاسایانەی لەلایەن دامەزراوە نێونەتەوەییەکانەوە بۆ پاراستنی مافەکانی مرۆڤ پەسند کراون؛ هەتا ڕادەیەکی بەرچاو جێبەجێ دەکرێن. هەروەها ئەو دامودەزگا و کەسانەی بەئانقەست ئەو قانوونانە ژێرپێ دەخەن و لە کاروباری ڕۆژانەیاندا لەبەرچاوی ناگرن، لە ڕێگای یاساوە پێشیان پێ دەگیرێ و هەڵسوکەوتیان لەگەڵ دەکرێ. بەڵام لەو وڵاتانەی دەسەڵاتداران و دەزگای حاکم بە دەنگی خەڵک هەڵنەبژێردراون و بە شێوەیەکی دێـموکراتیک بە دەسەڵات نەگەیشتوون و، بۆ مانەوەی خۆیان دەست لە هیچ توندوتیژییک ناپارێزن، هیچ پابەندییەکیان بە یاسا نێونەتەوەیی و نێودەوڵەتییەکان کە ئامانجیان پاراستنی مافەکانی مرۆڤە، نییە و لەڕاستیدا خۆیان سەرچاوەی سەرەکیی پەرەپێدانی توندوتیژیی نێو کۆمەڵگەن.
ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی یەکێک لەو وڵاتانەیە بەپێی هەموو ئامار و سەرچاوەکان، ساڵانە لە ڕێگای دامودەزگا حکوومەتی و دەوڵەتییەوە زۆرترین پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤی تێدا بەڕێوە دەچێ. هەر ئەو پێشێلکارییە سیستماتیکانە وای کردووە لە ماوەی ٤٤ ساڵ تەمەنی کۆماری ئیسلامیدا ئێران پابەندی هیچ یاسا و ڕێسایەکی نێونەتەوەیی و نێودەوڵەتی نەبێ. بۆیە هەموو کات لە ڕێزبەندیی پێشەوەی جیهانیی وڵاتانی ئەشکەنجەدەر و پێشێلکاری مافی مرۆڤدا جێی گرتووە. ئەشکەنجەدانی بەندی و دەسبەسەرکراوان لە ئێران لە حاڵێکدایە، کە ئەسڵی ٣٨ یاسای بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران باس لە قەدەغەبوونی ئەشکەنجە بۆ وەرگرتنی زانیاری لە تۆمەتبار و یا دانپێدانانی تۆمەتبار بە تاوان دەکا و دەڵێ: "هەر جۆرە ئەشکەنجەیەک بۆ دانپێدانان یا وەرگرتنی زانیاری قەدەغەیە. ناچارکردنی کەسێک بە دانی شاهیدی، دانپێدانان و سوێنددان ئیزن پێدراو نییە. سەرپێچیکارەکان لەو ئەسڵە بەپێی یاسا سزا دەدرێن." لە ڕوانگەی یاسادانەرانی ئێرانییەوە بۆ زەمانەتی جێبەجێکردنی ئەسڵی ٣٨ی قانوونی بنەڕەتی، لە ماددەی ٥٧٨ی یاسای سزادانی ئیسلامی ئەزیت و ئازاردانی تۆمەتبار بۆ وەرگرتنی زانیاری یا دانپێدانان بە تاوان و یا ناچارکردن بە دانی شاهیدی و سوێندخواردنی قەدەغە کردووە و سزای بۆ بکەرانی ئەو کردەوەیە داناوە. هەتا ئێرە کە چاو لە ئەسڵ و بڕگەکانی قانوونی بنەڕەتی و قانوونە بەرکارەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دەکەین، دەبینین هەتا ڕادەیەکی باش لەو بڕگە و ماددانەدا مافی دەستبەسەرکراو یا زیندانی ڕەچاو کراوە. بەڵام کە چاو بە کارنامەی ڕۆژانەی دامودەزگای قەزایی و ئەمنییەتیی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی ٤٤ ساڵی ڕابردوودا دەخشێنین، داتا و ئامارەکان لە ئەشکەنجە و بێبەشکردنی زیندانی لە مافە ئینسانی و یاساییەکانی ڕوخسارێکی دیکە لە بەڕێوەبەرانی دەزگای قەزایی و ئەمنی پێشان دەدەن کە ڕێک پێچەوانەی ئەو ئەسڵ و ماددە و یاسا پەسندکراوەکانی خودی نیزامە.
ئەوە لەلایەک و لەلایەکی دیکەوە، ئەگەر بمانەوێ باشتر بچینە نێو ناخی بابەتەکە و ڕادەی بەرپرسیارێتیی دەسەڵاتدارانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە بەرانبەر کۆمەڵگەی جیهانیدا پیشان بدەین، وا باشە هەڵسەنگاندنێک لەنێوان پێناسەی کۆنڤانسیۆنی قەدەغەکردنی ئەشکەنجە و ئەسڵی ٣٨ی یاسای بنەڕەتی ئێران بکەین و ئەوکات دەردەکەوێ کە خودی ئەسڵی ٣٨ی یاسای بنەڕەتی کۆماری ئیسلامی لەسەر باوەڕداربوون بە پاراستنی مافەکانی مرۆڤ لەلایەن یاسادانەری ئێرانییەوە دانەڕێژراوە، بەڵکوو زیاتر بۆ پیشاندانی ڕوخسارێکی سەردەمیانەی نیزام لە قانوونی بنەڕەتیدا جێی بۆ کراوەتەوە.
ماددەی یەکەمی کۆنڤانسیۆنی ڕێگری و نەهێشتنی ئەشکەنجە بەو شێوەیە پێناسەی ئەشکەنجە دەکا: "هەر کارێکی بەئانقەست کە ببێتە هۆی ئەزیت و ئازاری زۆری جەستەیی و ڕەوانی لەدژی کەسێک بەمەبەستی وەرگرتنی زانیاری، یا ناچارکردن بە دانپێدانان بە کارێک لەو کەسە یا کەسی سێیەم، دەچێتە چوارچێوی ئەشکەنجە. هەروەها سزادانی کەسێک لەسەر کارێک کە ئەو یا کەسی سێیەم کردوویەتی، یا ڕەنگە بیکات، بە هەڕەشە و ناچارکردن و لەسەر بنەمای هەر جۆرە، هەڵاواردنێک و ئەوکاتەی ئەو جەزرەبە جەستەیی و ڕەوانییە بە هاندان و یا بە ڕازیبوون و یا نەبوونی هیچ دژایەتێک لەلایەن مەئمووری دەوڵەتی، یا هەر خاوەن پلە و پایەیەک بەڕێوە بچێ، دەبێتە ئەشکەنجە."
لەو ماددە قانوونییەی کۆنڤانسیۆندا بە ڕوونی دەستنیشانی هەموو ئەو کارانەی کردووە کە دەچنە خانەی ئەشکەنجە و جەزرەبەدانی زیندانی کە دەتوانین بەو شێوەیە ئەو بابەتانە دەستنیشان بکەین: هەر جۆرە ئەزیەت و ئازاردانی جەستەییی تۆمەتبار بۆ وەرگرتنی وتەی دانپێدانان بە تاوان، ڕاگرتنی زیندانی لە سللولئ تاکەکەسی و یا کەلکوەرگرتن لە ژووری تاکەکەسی بۆ زیاتر لە یەک کەس، بێبەشکردنی زیندانی لە خەو و لێکۆڵێنەوەی لە زیندانی لە شەودا، بەڕێوەبردنی هێندێک کار و کردەوە کە کاریگەری لەسەر ڕوح و ڕەوانی زیندانی لە دوای خۆی بەجێ دەهێڵێ. جنێودان و بەکارهێنانی دەستەواژەی دوور لە کەسایەتیی ئینسان و یا شکاندنی کەسایەتی زیندانی لە کاتی لێپرسینەوەدا، پێڕانەگەیشتن بە زیندانی لە بواری لەشساغییەوە، ڕاگرتنی زیندانی لە شوێنی پڕ لە هەراوهوریا بۆ ئازاردانی دەروونیی زیندانی، برسی یا تینووکردنی زیندانی، تێکەڵکردنی زیندانی لەگەڵ زیندانییانی جۆراوجۆر بۆ شکاندنی کەسایەتی ئەو، پێشگیری لە چاوپێکەوتنی بنەماڵەی زیندانی لەگەڵ یەکتر واتە زیندانی و بنەماڵەکەی نەتوانن یەکتر ببینن. پێشگیری لە دیتن و چاوپێکەوتنی پارێزەری زیندانی، هێنانی فشاری زۆر بۆ زیندانی لە ڕێگای فشارهێنان بۆ بنەماڵەکەی.
بەڵام ئەسڵی ٣٨ی یاسای بنەڕەتیی ئێران لەگەڵ ئەوەدا باس لە قەدەغەبوونی ئەشکەنجە دەکا، کەچی یاسادانەر زۆر داخراو بابەتەکەی هێناوە و ڕوونی نەکردووتەوە کە مەبەستی لە "هەموو جۆرە ئەشکەنجەیەک" تەنیا ئەو ئەشکەنجە جەستەییانە دەگرێتەوە و یا مەبەستی یاسادانەر ئەشکەنجەی دەروونییش بووە. چونکە ماددەی ٥٧٨ی قانوونی سزادانی ئیسلامی کە پاڵپشتی جێبەجیکردنی ئەسڵی ٣٨ی یاسای بنەڕەتییە، تەنیا باس لە سزای ئەو کەسانە دەکا کە لە زینداندا ئەشکەنجەی جەستەیی دراون و بە لای لایەنی دەروونی و ڕەوانیی بابەتەدا نەڕۆیشتووە. بە بوونی ئەسڵی ٣٨ی یاسای بنەڕەتی و ماددەی ٥٧٨ی قانوونی سزادانی ئیسلامی و نێوەرۆکی ماددەی ١ی کۆنڤانسیۆنی مەنعی ئەشکەنجەی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان کە ئێران لەو ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەدا ئەندامە و زۆربەی بەڵگەنامەکانی ئەو ڕێکخراوەی واژۆ کردووە، کاروکردەوەی دەزگای قەزایی و ئیدارەی زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی بەتەواوی لەگەڵ هەموو ئەوانەی سەرەوە لێک جیاوازە. چونکە هەموو ئەو بابەتانەی لە خوێندنەوەی ماددەی یەکەمی کۆنڤانسیۆنی مەنعی ئەشکەنجە و تەنانەت ئەسڵی ٣٨ی یاسای بنەڕەتی کۆماری ئیسلامییشدا هەڵدەینجندرێ، بە تاوان دەرحەق بە زیندانی دادەنرێ و لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامیدا وەک کەرەسەی وەدەستخستنی زانیاری و دانپێدانانی تۆمەتباران کەڵکی لێ وەردەگیردرێ. لە هەمان کاتدا بڕگە و ماددەکانی یاسای سزادانی ئیسلامی پڕە لە ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی کە بەرگی قانوونی ئیسلامییان لەبەر کراوە -وەک لێدانی قامچی، قەساس بە هەموو شێوازیکیەوە، بڕینی پەنجەکانی دەست، ئێعدام بە بەرچاوی خەڵک و...- کە ئەو بەناو سزایانە هەم لایەنی ئەشکەنجەی جەستەیی و هەم لایەنی ئەشکەنجەی ڕوحی بۆ کەسی سزادراو هەیە و هەم کاریگەریی خراپ لەسەر ڕوح و ڕەوانی بنەماڵە و کۆمەڵگەی کەسی سزادراو بۆ ساڵانێکی دورودرێژ لە دوای خۆی بەجێ دەهێڵێ. کارنامەی ٤٤ ساڵەی تەمەنی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی شاهیدی بۆ ئەو ڕاستییە دەدەن.
لە مێژووی دەسەڵاتداریەتیی کۆماری ئیسلامی بە هەزاران بەڵگەی جێگای متمانە لە بەردەستدا هەیە کە بوونی ئەشکەنجە و جەزرەبەدانی بە بەرنامە لە زیندانە جۆراوجۆرەکانی ئەو نیزامەدا دەسەلمێنێ. بێجگە لەو هەموو لێداون و بیرەوەرییانەی زیندانییان دوای ڕزگاربوونیان لە زیندان بڵاو بوونەتەوە، دەتوانین بۆ سەلماندنی ئەو ڕاستییە چەند نموونەیەک لە ناڕەزایەتی دەڕبرینی کاربەدەستانی دەزگای حاکمەی کۆماری ئیسلامی لەسەر بابەتی ئەشکەنجە بە نموونە لێرەدا باس بکەین:
- نامەی ئایەتوڵڵا مونتەزری ئەوکاتەی وەک ئەرک و بەرپرسایەتیی حکوومەتی جێگری خومەینی بوو. ناوبراو لەو نامەیەدا سەربارەت بە بوونی ئەشکەنجە لە زیندانەکانی رێژیمی کۆماری ئیسلامیدا ئاوا دەنووسێ: " ... ئایا دەزانی لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامیدا بە ناوی ئیسلام جینایەتی وا ڕوو دەدا کە لە زیندانەکانی ڕێژیمی پێشوودا هیچ کات نەبیندراوە؟ ئایا دەزانی ڕادەیەکی بەرچاو لە زیندانییەکان لەژێر ئەشکەنجە و جەزرەبەی لێکۆلەرەکان کوژراون؟ ئایا دەزانی کە لە زیندانی شاری مەشهەددا نیزیک بە ٢٥ کچ بەهۆی ئەو کارانەی لەگەڵیان کراوە، ناچار بوون منداڵەکانیان لەبار ببەن؟ ئایا دەزانی کە لە هیندێک لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامیدا بە زۆری دەستدڕێژی دەکرێتە سەر کچان؟
- لە ١٤ی ڕەشەممەی ١٣٥٩ بەنی سەدر، سەرکۆماری ئەوکاتی کۆماری ئیسلامی لە وتارێکدا کە لە زانکۆی تاران پێشکەشی کرد، ناڕەزایەتیی خۆی لە بوونی ئەشکەنجە لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامیدا دەربڕی. هەر ئەوکات ئەو قسەیە لەنێوان لایەنگران و دژبەراندا گرژی و ئالۆزیی دروست کرد.
- غوڵامحوسێن کەرباسچی، شارەداری پێشووی تاران دوای ئەوەی لەلایەن دەزگای دادوە دەستبەسەر کرا، لە ڕەوتی دادگاییکردندا، پردەی لەسەر ئەشکەنجەدانی بەربڵاوی شارەدارەکانی ناوچە جۆراوجۆرەکانی تاران لادا کە بۆ تاوانبارکردنی کەرباسچی لەلایەن دەزگای پاراستنی ئیتلاعاتی هێزی ئینتزامیی تارانەوە، کەوتبوونە بەر ئەشکەنجە و جەزرەبەدان.
بێجگە لەو چەند نموونەیە کە باس کرا، هەروەک پێشتر گوترا بە هەزاران نموونەی دیکە دەتوانرێ وەک بەڵگە لەسەر تاوانی ئەشکەنجە و ئەزیت و ئازاری جەستەیی و ڕەوانی زیندانی لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی باس بکرێن. بەڵام ئەو سێ نموونەیە قسەی کەسانێکن کە هەرکام لە سەردەمی خۆیدا لە پێگرتن و درێژبوونەوەی تەمەنی کۆماری ئیسلامیدا ڕۆڵ و نەخشی خۆیان هەبووە. بۆیە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی بەتایبەتی کاربەدەستانی دەزگای قەزایی و ئینتزامی ئەم ڕێژیمە ناتوانن حاشا لەو ڕاستییانە بکەن و خۆ لە ئاستی بەرپرسیارەتیی کۆمەڵگەی جیهانی لەلایەک و بیروڕا و ویستی خەڵک لە نێوخۆی ئێران لەلایەکی دیکەوە کڕ بکەن. چونکە دەرنگ یا زوو ئەو دەنگە نەبستراوانە، دەبسترێن و چیدی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ناتوانن لە نەزمی جیهانی و ویستی زۆرینەی گەڵانی ئێران یاغی بن.