کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گوشارەکانی ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر بنەماڵەی شەهیدانی ڕاپەڕین بەردەوامە

09:14 - 16 پووشپەڕ 2723

حەسەن ئەمینی، برای محەممەد ئەمینی لە شەهیدانی شۆڕشی ژینا له شاری سنە، سزای شەش مانگ و ١٥ ڕۆژ بەندکردن و لێدانی ٤٠ زەربە قامچیی بەسەردا سەپێندرا.

بەپێی هەواڵی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان "خۆڕاگری"، ڕۆژی چوارشەممە ۱٤ی پووشپەڕی ۱٤۰۲ی هەتاوی، حەسەن ئەمینی، هاووڵاتیی خەڵکی شاری سنە و ئەندامی یەکێک لە بنەماڵە دادخوازەکانی کوردستان، لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای تاوانەکانی ٢ی ڕێژیم لە بۆکان بە تۆمەتی تێکدانی ئاسایش و ئارامیی گشتی، سزای شەش مانگ و ١٥ ڕۆژ بەندکردن و هەروەها لێدانی ٤٠ زەربە قامچیی بەسەردا سەپێندرا.

بنەماڵەی شەهیدانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی لە شاری سنە، دیواندەرە و دێولان کە سەردانی گڵکۆی شەهیدانی شارەکانی سەقز و بۆکانیان کردبوو، لە کاتی گەڕانەوەیاندا لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کران کە یەکێکیان حەسەن ئەمینی بوو و دواتر بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ڕێژیم لە بۆکان گواسترانەوە.