کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڕەشەی ڕێژیمی ئێران لە دووکاندارانی سەقز لە بەرەبەری ٢٢ی پووشپەڕدا

10:36 - 16 پووشپەڕ 2723

لە بەرەبەری ٢٢ ی پوشپەڕ و بە مەبەستی چاوترسێنکردنی خەڵکی شارەکانی کوردستان، ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران لە سەقز ماوەی چەند ڕۆژە دەستی کردووە بە بانگکردن و هەڕەشەکردن لە کاسبکاران و دووکاندارانی ئەو شارە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ژووری هەواڵی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکرات، دووکاندار و بازاڕییانی شاری سەقز ڕایانگەیاندووە کە لە کاتی کاری ڕۆژانەیاندا لە بازاڕ بانگی ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم کراون و بە بێڕێزییەوە لەگەڵیان هەڵسوکەوت کراوە و سەبارەت بە مانگرتنەکانی ڕابردوو لێپرسینەوەیان لێ کراوە، هەروەها هەڕەشەیان لێ کراوە کە نابێ چیدیکە و لە بۆنەکانی داهاتوودا دووکانەکانیان دابخەن.

شایانی باسە کە دووکانداران و بازاڕییەکانی کوردستان هیچکات خۆیان لە کۆمەڵانی خەڵک و شۆڕشی ڕەوای نەتەوەیی کوردستان و کورد جیا نەکردوەتەوە و لە کاتی پێویستدا بە دژی ڕێژیم هەڵوێستی شیاویان گرتووە، بۆیە ڕێژیم بە هەموو شێوەیەک لە هەوڵدایه ئەوان چاوترسێن بکات کە چیدیکە لە مانگرتنەکاندا بەشداری نەکەن.

مانگرتنی دووکانداران و کاسبکارەکان لە حاڵێکدایە کە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا بەهۆی داخرانی سنوورەکان لەلایەن ڕێژیمەوە و دابەزینی بەهای تمەنی ئێرانی تووشی کەمداهاتی و زەرەر بوون، هەروەها ڕێژیم ماڵیاتێکی زۆری خستووەتە سەر شانی بازاڕییەکان کە لە ئێستادا کە بازاڕ تووشی هەڵاوسان بووە قەیرانێکی گەورەی بۆ کاسبکاران دروست کردووە.