کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

١٣ کەس و دامەزراوەی پێشێلکەری مافی مرۆڤ لە ئێران خرانە نێو لیستی گەمارۆکانی بریتانیاوە

10:59 - 16 پووشپەڕ 2723

وەزارەتی دەرەوەی بریتانیا ڕایگەیاند کە ١٣ کەس و دامەزراوەی کۆماری ئیسلامیی خستووەتە نێو لیستی نوێی گەمارۆکانەوە. لە کاردانەوەدا وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی ئێران بەرپرسی کاروباری باڵوێزخانەی بریتانیای له تاران بانگ کرد.

ڕۆژی پێنجشەممە ١٥ی پووشپەڕ، وەزارەتی دەرەوەی بریتانیا ١٣ کەس و دامەزراوەی پێشێلکەری مافی مرۆڤ لە ئێرانی خستە نێو لیستی گەمارۆکانەوە و ڕایگەیاند کە ئەم گەمارۆوە نوێیانە بۆ بەرەنگاربوونەوەی "هەڵسوکەوتی دوژمنکارانە و ئاژاوەگێڕانە"ی ڕێژیمی ئێران لە سەرانسەری جیهاندا جێبەجێ دەکرێن.

لە ڕاگەیەندراوی وەزارەتی دەرەوەی بریتانیادا هاتووە، ئەم گەمارۆیانە "هێزێکی زیاتر بە بریتانیا دەدات هەتا بڕیاردەران لە ئێران بەهۆی چالاکیی دوژمنکارانەیان" بکرێنە ئامانج و ئەمەش بۆ کەسان و ڕێکخراوەکانی پێشێلکەری مافەکانی مرۆڤ" لە ئێران لەبەرچاو گیراوە.

لە بەستەی نوێی گەمارۆکانی بریتانیادا، ١٣ کەس و دامەزراوەی  پێشێلکەری مافەکانی مرۆڤ، لەوانە بەرپرسی زیندانەکان کە بەسەر ئەشکەنجە و هەڵسوکەوتی نامرۆڤانە چاوەدێری دەکەن، سزایان بەسەردا سەپێندراوە.

هەروەها ئەو ڕێکخراوانەی کە ئەرکی کۆکردنەوەی زانیاریی تایبەتی لەسەر ناڕازییان و نەیارانی ڕێژیمی ئێران و ئەو کەسانەی کە یاسای حیجابی زۆرەملێ و سەرکوتکردنی ژنان جێبەجێ دەکەن، خراونەتە نێو لیستی گەمارۆکانەوە.

گەمارۆ نوێیەکانی بریتانیا ڕۆژێک دوای کۆبوونەوەی شۆرای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕاگەیەندرا کە لەو کۆبوونەوەیەدا ڕاپۆرتی کۆمیتەی دۆزینەوەی ڕاستییەکان سەبارەت بە خۆپیشاندانەکانی ساڵی ڕابردوو خوێندرایەوە.

ڕۆژی چوارشەممە ١٤ی پووشپەڕ، لە یەکەم ڕاپۆرتی کۆمیتەی دەرخستنی ڕاستییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ و توندوتیژیی ڕێژیمی ئێران لە خۆپیشاندانەکاندا  ئەم دواییەی ئێراندا، سارا حوسێن سەرۆکی هەینەتی دەرخستینی ڕاستییەکان وتی: ''حکوومەتی ئێران تا ئێستا هاوکاریی ئەو کۆمیتەی نەکردووە.