بەبۆنەی ٢٢ی پووشپەڕ، ٣٤ـەمین ساڵوەگەڕی تێرۆركرانی ڕێبەری كاریزماتیكی نەتەوەی کورد، شەهید دوکتور قاسملوو، ئەندامانی حیزب بۆ ڕێزگرتن لەو ڕۆژە و پەیمان نوێكردنەوە لەگەڵ حیزب و هەموو شەهیدانی گەل، چالاكیی تەبلیغییان لە شار و ناوچەکانی کوردستان بەڕێوە برد.
ڕێکەوتی ١٥ی پووشپەڕ، ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی ٢٢ی پووشپەڕ لە ناوچەی دیواندەرە لە ئاواییەکانی هەزارکانیان قەجەر، کەپەک، تازاوا و دەوروبەری بە بڵاوکردنەوەی تراکت و پۆستێری تابیەت بەو ڕۆژە، چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد و بە داگیرکەرانیان سەلماندەوە کە ڕێبازی قاسملوو ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ زیاتر گەشە دەکات.
هاوکات ڕێبوارانی ڕێگەی قاسملوو لە ناوچەی پیرانشار لە بەرەبەری ۲۲ی پووشپەڕ، لە نزیک ئاوایی لکبن لەسەر ڕووباری زارگەلوو، بە هەڵدانی ئاڵای کوردستان و لۆگۆی حیزب، پەیمانیان نوێ کردەوە کە تا سەر درێژەدەری ڕێگە و ڕێبازی شەهیدانی کورد و کوردستان دەبن.
هەروەها تێکۆشەرانی دێموکرات لە پیرانشار، بەو بۆنەوە لە شوێنەکانی وەک ''کوچەی قەبان، پاداش، شیناوێ و فەلەکەی محەممەد ئەوراز، چالاکیی تەبلیغییان ئەنجام دا و یادی دوکتور قاسملووی مەزنیان بەرز ڕاگرت.
قوتابییانی مەکتەبی دوکتور قاسملوو لە مەهاباد لە ناوچەکانی شامات و شاروێران لە ئاواییەکانی ''قسقەڵا، بەفرەوان، ڕەسووڵ ئاباد، دێوەیس ئاغا، گەزەڵێن، گەوجاوا، تازەکەند، خێراوا، حاجی حەسەن، دێمەنسوور، جەفعەرئاوا، مەرجانئاوا و تاڵاو'' بە بڵاوکردنەوەی تراکت و پوستێری تایبەت بە ٢٢ی پووشپەڕ، چالاکیی تەبلیغییان بەڕیوە برد.