کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناساندنی کتێبی شۆڕشی ژینا

16:45 - 17 پووشپەڕ 2723

کاروان مێراوی

کتێبی "شۆڕشی ژینا" لێکۆڵینەوەیەکی کۆمەڵناسیی سیاسییە بۆ هەڵسەنگاندنی هۆکار و تایبەتمەندییەکانی شۆڕشی ژینا و دروشمی سەرەکیی "ژن، ژیان، ئازادی" لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە بە قەڵەمی عەبدوڵڵا ڕەسووڵی، نووسەر و وەرگێڕی ئەندامی حیزبی دێموکرات، لە دووتۆی ١٣۶ لاپەڕە و لە تیراژی ٥٠٠ دانەدا لەلایەن "ناوەندی چوارباخ"ەوە چاپ کراوە و ڕۆژی پێنجشەممە، ١ی پووشپەڕ لە بنکەی ناوەندی ژینا لە شاری سلێمانیی باشووری کوردستان پەردەی لەسەر لادرا.

پێڕستی کتێبەکە لە پێشەکیی ناوەندیی چوارباخ، پێشەکیی نووسەر، دەروازەی باسەکە، کورتەمێژووی خۆپیشاندنەکانی ئێران و کوردستان، هۆکارەکانی شۆڕشی ژینا، تایبەتمەندییەکانی شۆڕشی ژینا، دەرەنجام و سەرچاوەکان پێک هاتووە.

پاش سەرهەڵدانی شۆڕشی ژینا و بەردەوامیی بەرخۆدانی جەماوەریی خەڵکی کوردستان، شرۆڤە و شیکاریگەلێکی جیاواز بۆ ئەو ڕاپەڕینە کرا و زۆر جاریش لەلایەن نەیارانی کوردەوە هەوڵ بۆ بەلاڕێدابردنی خەبات و تێکۆشانی خەڵکی کوردستان درا. هەروەها ئۆپۆزیسیۆنە ناوەندگەراکانیش هەموو هەوڵێکی خۆیان خستە گڕ تاکوو ئەم شۆڕشە وەکوو ناڕەزایەتییەکی سەرشەقامی ئێرانییەکان بۆ لابردنی حیجابی زۆرەملێ لە درێژەی ناڕەزایەتییەکانی تردا پێناسە بکەن. بەڵام نووسەری ئەم کتێبە بە ئاوڕدانەوەیەکی کورت لە مێژووی شۆڕش و ناڕەزایەتییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی کوردستان و ئێران بەگشتی، بەرەنگاربوونەوەی خەڵکی کوردستان لە بەرانبەر داگیرکەر لە ٤٤ ساڵی ڕابردوو و ماوەی تەمەنی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێراندا، تیشکی خستووەتە سەر بزووتنەوەی ژنان.

نووسەر لەو کتێبەدا هەوڵی داوە بە شێوەیەکی مێتۆدیک لە ڕوانگەی کۆمەڵناسانەوە خوێندنەوەیەکی زانستی بۆ جیاوازیی نیوان "شۆڕشی ژینا و ژن، ژیان، ئازادی" لە کوردستان و "انقلاب مهسا و زن، زندگی، آزادی" لە ئێران و هەروەها هۆکارەکانی سەرهەڵدان، ڕەهەند، پێکهاتە و تایبەتمەندییەکانی ئەم شۆڕشە بکات و لە دەلاقەیەکی نوێی تیۆرییەوە بەپێی بەڵگە و ئارگۆمێنتەکانی خۆی شرۆڤە و شێکاریییەکی جیاوزی بۆ بکات. نووسەر بە بەراوردێک لە نێوان سەرهەڵدانی شۆڕشی ژینا و شۆڕشەکانی ڕابردووی ئێران، شۆڕشی فەڕانسە، شۆڕشی ئۆکتۆبر و تەنانەت بە ئاماژەیەک بە جیاوازیی ناڕەزایەتییەکانی شۆڕشی ئەم جارە لەگەڵ سەرجەم ناڕەزایەتییەکانی ماوەی ٤٤ ساڵی ڕابردوو و تەنانەت پێشتریش، هەوڵی داوە لە ڕوانگەیەکی دیکەوە پێناسە و لێکدانەوەی خۆی لەمەڕ ئەم شۆڕشە بنووسێتەوە و پێی وایە یەکێک لەو جیاوازییانە ئەوەیە کە شۆڕشی ژینا تایبەتمەندیی کولتوورسازی و فەرهەنگسازیی مۆدێڕنی هەیە و تەنیا شۆڕشێکی سیاسی یان شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی نییە، بەڵکوو شۆڕشێکی سیاسیی کۆمەڵایەتییە و ئەمەش وەکوو چەترێکە و لەژێر ئەم چەترەدا ڕەهەندگەلێکی جیاواز هەیە و هەوڵی داوە ڕەهەندەکانیشی بۆ خوێنەر ڕوون بکاتەوە.

خالێكی بنەڕەتیی شۆڕشی ژینا کە لەم کتێبەدا بە وردی باسی لەسەر کراوە؛ ناوەندبوونی ژنانە لە شۆڕشەکەدا. ناوەندبوونی ژنان نەک تەنیا بە واتای ڕێبەریی ئەو شۆڕشە، بەڵکوو بە واتای هزر و ویست و ڕەوتی مافخوازانەی ژنان لەم شۆڕشەدا و ئەمەش بەرچاوترین جیاوازیی ئەم کتێبەیە لەگەڵ کتێب و نامیلکەکانی تر کە لەسەر شۆڕشی ژینا نووسراون. هەروەها ئاماژە بە کاریگەرییەکانی ئەم شۆڕشە لەسەر ڕەوت و لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان و تەنانەت نەتەوەکانی تری چوارچێوەی جوگرافیای ئێرانی سیاسی داوە و ڕوانگەی کۆمەڵگەی جیهانیشی لەسەر شۆڕشی ڕزگاریخوازیی کوردستان گۆڕیوە و ئەو جیاوازییانەش بە وردەکارییەوە لە کتێبەکەدا خستووەتە بەرباس.